حكومەتی عێراق ویستی بە ئەقڵیەتی شیعەگەرایی غەدر لە كورد و سوننە بكات، بەڵام شیعەشی پێ رازی نەكرا
July 18, 2018
راپۆرتەکان
ئەوەی پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەكات، ئەوەیە كە حكومەتی عێراق لە سەردەمی نوری مالیكی بە زەبری ئاگر و ئاسن و لە ژێر پەردەی دژایەتیكردنی تیرۆر، خۆپیشاندانەكانی حەویجە و ئەنباری دامركاندەوە و عەرەبی سوننەی سەركوتكرد، بەڵام یەكلایەنی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە، بەیاننامەیەكی لە دژی رەفتارەكانی نوری مالیكی دەرنەكرد، بەپێچەوانەوە پشتیوانی رەفتار و سیاسەتەكانی نوری مالیكییان كرد و هەوڵیاندەدا بە ئەقڵییەتی شیعەگەرایی پشتیوانی جەماوەریی شیعە بۆ سیاسەتەكانیان پەیدا بكەن.
لەپرسی بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن حكومەتی نوری مالیكی و پاشانیش درێژەپێدانی لە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی تا ئێستا، دیسان یەك لایەنی ناو هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە ناڕەزایی بەرامبەر هەردوو حكومەتی مالیكی و عەبادی دەرنەبڕی كە سەرچاوەی بژێوی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە. لەدوای ئەمەش و پاش ئەوەی كوردستان ناچار بوو پەنا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بەرێت و خۆی لەو كێشەی لەگەڵ عێراق رزگار بكات، بەڵام وەك بینیمان ئەمجارەیان بە بیانووی پاراستنی یەكپارچەیی عێراق، هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق مەسەلەكەیان كرد بە كێشەی نێوان كورد و عەرەب و بە رێگەی پەرلەمان زیاتر لە 13 سزای قورسی ئابوورییان لە دژی كوردستان پەسەند كرد و دەسەڵاتیشیان دایە سەرۆك وەزیران بە هەر رێگەیەك بە باشی دەزانێت بە بەكارهێنانی هێزی سەربازییش مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، سەرەنجامیش هەر وایان كرد و حكومەتی عەبادی نەك هەر هێزی سەربازی، بەڵكو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەكارهێنا بۆ ئەوەی كوردستان داگیربكاتەوە و ئەوەشی بۆ كرا و 51%ی خاكی كوردستانی داگیركردەوە، سەبارەت بەم پرسە ئەمجارەیان ناڵێین: ئایا چ لایەنێكی سیاسیی شیعە هەڵوێستی بەرامبەر كوردستان هەبووە؟ بەڵكو دەڵێین: ئایا كام سەركردەی ئەو لایەنە سیاسییە شیعیانە راستەوخۆ بەشدار نەبوون لەو هێرشە سەربازییە كە بە رێگەی سوپا و حەشدی شەعبی كرایە سەر كوردستان؟ بێگومان ئاشكرایە هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعە راستەوخۆ لە داگیركردنەوەی كوردستان بەشداربوون و سەركردەكانیشیان بە عەممار حەكیمیشەوە كە باپیری هێرشی بۆ سەر كوردستان حەرام كردبوو، هەر هەموویان شانازییان بە داگیركردنەوەی كوردستانەوە دەكرد.
دیارە مێژووی نزیكەی 14 ساڵی حوكمڕانیی شیعە، راشكاوانە ئەوەمان پێدەڵێت، كە ئەقڵییەتی حوكمڕانیی شیعە لە شێوازی مامەڵەكردنی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ كورد و عەرەبی سونیە، نەك هەر سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو كێشەكانیان زیاتر قووڵتر و ئاڵۆزتر كردووە و لەوانەیە كردنەوەو چارەسەركردنیان لەگەڵ ئەم ئەقڵییەتەی ئێستای دەسەڵاتدارانی شیعەدا كارێكی مەحاڵیش بێت، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش نەیانتوانیوە پیكهاتەی عەرەبی شیعەی عێراقیش رازی بكەن.
ئاشكرایە ئەقڵییەتی حوكمڕانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە، بۆ دروستكردنی كێشە لەگەڵ عەرەبی سوننە بیانووی سیاسەتی (دژە تیرۆر)ی هەبوو و دەیویست هەموو عەرەبی سوننە لەژێر پەردەی تیرۆردا سەركوت بكات، بۆ دروستكردنی كێشەش لەگەڵ كورد و هەرێمی كوردستانیش بیانووی ئەوەی هەبوو كە كوردستان هەموو هەنگاوەكانی بەرەو دروستكردنی دەوڵەت دەچێت، ئەوجا بۆ ئەوەی یەكپارچەیی عێراق بپارێزێت، جارێك بە بیانووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان و جارێكی دیكە بە بیانووی هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە و سەرەنجامیش بە بیانووی ئەوەی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجام داوە، هەموو كارەكانی بۆ چووەسەر و تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی شیعەش پشتگیرییان لێ كرد.
بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئەوەیە كە هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە ئەمجارەیان بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی شیعە كە ئێستا لە بەسڕەوە هەتا بەغدا بەردەوامی هەیە، هیچ بیانوویەكی بەدەستەوە نییە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر ئەوەی كە دەڵێن: ئەم خۆپیشاندانە دەستی دەرەكی تێدایە، یان وەك نوری مالیكی دەڵێت: ئەمانە كۆنە بەعسییەكان هانیان دەدات، یان وەك بەیانەكەی عەسائیبی ئەهلی هەق ئاماژەی پێكردووە، كە تێیدا دەڵێن: بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین، كارێك بكرێت كە زیان لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی بەسڕە بكەوێت، ئەمە بە دیوەكەی دیكەیدا واتە هەر كەسێك هەوڵبدات، دەروازەی شەلەمچە و سەفوان و فاو بگرێت، یان بارەگای حزبەكان بسووتێنن.
ئێستا خۆپیشاندەرانی شیعە لەگەڵ مەرجەعییەتی شیعە لەبەرەیەكن و لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی شیعەش (واتە هەموو لایەنە سیاسییەكان) لەبەرەیەكی دیكەن، جیاوازی نێوان ئەم دووبەرەیە ئاشكرایە، پێشتر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا، مەرجەعییەتی شیعە پەیامی بۆ دەنگدەران ئەوە بوو: (دەنگ مەدەنەوە بەو كەسانەی كە پێشتر تاقیتان كردوونەتەوە)، ئەمەش مانای ئەوەیە دەنگ مەدەن، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم پەیامەی مەرجەعییەتی شیعە تەواوی لایەنەكانی ناو هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەی دەگرتەوە، بێجگە لە (تەیاری سەدر كە لەناو حكومەت كشابووەوە)، بینیمان عەرەبی شیعەی عێراق بە رێژەی 65-80% بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد، لە شارێكی وەك بەغدا كە زیاتر لە 12 ملیۆن دانیشتووانەكەیەتی و 6 ملێۆن كەس مافی دەنگدانی هەبووە، ریژەی بەشداری لە نێوان 19-20% بووە، هەروەها لەناو لایەنەكانی هاوپەیمانیی شیعە لیستەكەی سەدر پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە و ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ فەتواكەی مەرجەعییەت و عەرەبی شیعە، كە ئەمجارە زیاتر دەنگیان بە لیستەكەی سەدر داوە.
ئەگەر فەتواكەی مەرجەعییەت بكەینە بنەمایەك و هاوسەنگیی نێوان هەردوو بەرەی (خەڵك و مەرجەعییەت) لەبەرامبەر (هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعە)ی پێ بخوێنینەوە، ئەوا ئەو بنەمایە پێمان دەڵێت، 80%ی خەڵكی شیعەی عێراق لەگەڵ مەرجەعییەت یەك دەگرنەوە، تەنیا 20%ی شیعەی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە یەك دەگرێتەوە، بۆیە ئەمجارەیان هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق كە هەموویان لەو سیاسەتە حوكمڕانییەی ئێستا بەشدارن، لە هەڵوێستێكی هێجگار سەخت و ئاڵۆزدان و لەوانەیە بەرەكەیان لەژێر پێ بێننە دەرەوە و كۆتاییان بێت.
هەروەها ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان بەیانەكەی مەرجەعییەت بۆ پشتیوانیی خۆپیشاندان و پەیامی (هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعە) كە لە ژێر پەردەی پشتیوانیكردن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە هەڕەشەی گەورە لە خۆپیشاندەران دەكەن، ئەوا وەك لەدوای نوێژی هەینی رابردووە بینیمان، شیعەی عێراق لە شارەكانی نەجەف و میسان و زیقار و بەغدا ڕژانە سەر جادەكان و پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی بەسڕە دەربڕی، لەبەرامبەردا نەك هەر گوێیان بۆ پەیامەكانی لایەنە سیاسییەكانی شیعە نەگرت، بەڵكو ئەمجارەیان هەڵیانكوتایە سەر بینایەی حكومەتە خۆجێیەكان لە بەشێك لە پارێزگاكانی باشووری عێراق.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا بۆچی مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف، دژی شێوازی حوكمڕانیی ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستای شیعەی عێراقە و لە هەڵبژاردندا خەڵكی هان دەدا كە دەنگیان پێ نەدەنەوە، ئەمجارەشیان لە خۆپیشاندانەكەدا پشتگیریی خۆپیشاندانەكانی كرد؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو لایەنی هەیە، لایەنی یەكەمیان ئەوەیە كە مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف وەك مەرجەعییەتی شیعەی قوم، بڕوای بەوە نییە كە راستەوخۆ مەرجەعییەت خۆی تێكەڵی سیاسەت و حوكمڕانی بكات، بەڵام ئەوەی ئێستا كۆی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە دەیكەن، كۆپیكراوی هەمان حوكمڕانیی ویلایەتی فیقهی كۆماری ئیسلامی پیادە دەكەن، بەڵام تەنیا جیاوازی ئەوەیە لە عێراق بە چاكەت و پەنتۆڵەوە حوكمڕانی دەكەن، نەك بە عەمامە و مێزەرەوە. لای مەرجەعییەتی شیعەی نەجەف ئەم تێكەڵكردنی ئایین و سیاسەت و حوكمڕانییە، بە زیان بۆ ئایینەكە دەشكێتەوە، بۆیە مەرجەعییەت دەیەوێت ئەمانە لە حوكمڕانی نەمێنن و حوكمڕانییەكی مەدەنی و دوور لە كاریگەریی ئایینی بێتەئاراوە، لایەنی دووەم كە وایكردووە مەرجەعییەت دژی حوكمڕانیی ئێستای لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق بێت، ئەوەیە كە مەرجەعییەت چاوەڕێی ئەوە بوو لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق بەو جۆرە حوكمڕانی بكەن، كە پێش هەر شتێك ئەو زوڵمە مێژووییەی لەسەر شیعەی عێراق هەبووە، هەڵبگیرێت و نەمێنێت، پاشانیش شیعەی عێراق وەك لایەنی زۆرینە و غەدرلێكراو پەیوەندییەكی هاوسەنگ و ئاشتییانە لەگەڵ عەرەبی سوننە و كورد دروست بكاتەوە، بەڵام ئەم لایەنە سیاسییانەی شیعە، نەك هەر ئەمەیان پێ نەكرا، بەڵكو پێش هەمووان ئەو زوڵمە مێژووییەی لەسەر شیعەی عێراق هەبوو، ئەم لایەنە شیعەیانەی ئێستا زۆر لە سەردەمی پێشتر زیاتریان كردووە، سیاسەتێكیان پیادە كردووە كە داعشی لێ بەرهەمهاتووە و بە سەدان هەزار لاوی شیعەی عێراقیان كردووەتە خۆراكی ئەو شەڕە، بەتەنیان شاری بەسڕە لە شەڕی دژی داعش 1700 قوربانی داوە كە پێدەچێت 10 هیندەش بریندار بووبن. لێردا پرسیار ئەوەیە: ئایا لایەنە سیاسییەكانی شیعە كە حوكمڕانیی عێراق دەكەن، بۆ ئەوەیە شیعە كۆمەڵكوژ بێت، یان حوكمڕانی دەكەن بۆ ئەوەی شیعە غەدری مێژوویی لەسەر لابچێت؟ هەروەها ئەم لایەنە سیاسییانەی شیعە لەژێر پەردەی شیعەگەرایی كارێكیان كردووە كە هەموو عەرەبی سوننە دژی هەموو عەرەبی شیعە بێت، هەروەها وایان كردووە كە دوژمنایەتی لە نێوان كوردو شیعەی عەرەب بێتەئاراوە كە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو كوردو شیعەی عەرەب لە یەك سەنگەردا دژی دیكتاتۆری هاوخەبات و هاوسەنگەر بوون و تەنانەت بەشێك لەوانەی ئێستا وەك فەرماندەی میلیشیاكان بەشداریی هێرشەكانیان بۆ سەر كوردستان دەكرد، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو میوانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بوون لە كوردستان و پێشوازییان لێكرابوو. كەواتە خەڵكی شیعەی عێراق و مەرجەعییەتی نەجەفیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەم تاقمە سیاسییەی ئێستا دەیانەوێت خۆیان وەك نوێنەری عەرەبی شیعەی عێراق پیشان بدەن، عەرەبی شیعەی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دەنگی پێیان نەداوە كە ناوی عەرەبی شیعە ناشیرین بكەن، یان بیانكاتە دوژمنی كورد و عەرەبی سوننە كە چارەنووسیان وایە دەبێت لەیەك دەوڵەتدا پێكەوە بژین، بۆیە پەیامی خۆپیشاندەران و پشتگیریی مەرجەعییەتی نەجەف، بە راشكاوی ئەوەیە دەبێت كۆتایی بەو سیستمی حوكمڕانییە بێت كە هەتا ئێستا لایەنە سیاسییەكانی شیعە بەم شێوەیە عێراقیان پێ بەڕێوە بردووە.
حكومەتی عێراق خۆی سەرچاوەی كێشەكانە چۆن دەتوانێت چارەسەریان بكات؟
لەو كاتەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە و بەپێی رێككەوتنی سۆفا دەسەڵاتی رەهای حوكمڕانی عێراق تەسلیمی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە كراوە، حكومەتی عێراق بە پشتیوانیی كۆی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بریتی بووە لە (حكومەتی بەرهەمهێنانی كێشە) نەك چارەسەركردنی كێشەكان، هەربۆیە لە كابینەی دووەمی نوری مالیكییەوە هەتا ئێستا، حكومەتی عێراق لە بری ئەوەی هەوڵیدابێت كێشەیەك چارەسەر بكات، كێشەیەكی دیكەی دروستكردووە بۆ ئەوەی كێشەكەی پێشتری پێ بشارێتەوە.
ئەگەر لەو میتۆدەوە هەوڵبدەین بەناو ئەو كێشانەدا رۆچین كە ئێستا خەڵكی بەسڕەی هێناوەتە سەر شەقام و پارێزگا شیعەكانی دیكە بۆ هەمان كێشە و بۆ پشتیوانیی خەڵكی بەسڕە ئەوانیش رژاونەتە سەر شەقام، دەبینین هەموو ئەو كێشانەی هەن، هیچیان دەرهاویشتەی خراپیی كەمیی باری دارایی، یان هەژاری عێراق نین، بەڵكو دەرهاویشتەی سیاسەتی بەئەنقەستی ئەو لایەنە سیاسییانەی شیعەن كە لەژێر چەتری هاوپەیمانیی نیشتمانی كۆبوونەتەوە.
هەر بۆ نموونە ئەگەر پرسیاری ئەوە بكەین، بۆچی جووتیارانی بەسڕە ئێستا كشتوكاڵ بەرهەم ناهێنن، ئایا خەڵكەكە حەزی لە كشتوكاڵ نییە، یان سیاسەتی حوكمڕانی لایەنە شیعەكان وایكردووە كە خەڵك نەتوانێت كشتوكاڵ بكات؟ بێگومان هەموو خەڵكی عێراق دەزانن، پێشتر تەنیا بەرهەمی كشتوكاڵیی ناوچەی زوبیر دەیتوانی پێداویستی چەندین بەرهەمی وەك (تەماتە و خەیار و باینجان و.. هتد) لە سەرتاسەری عێراق بۆ ماوەی 4-5 مانگ پڕبكاتەوە، هەروەها خورمای بەسڕە بێجگە لە پێداویستیی ناوخۆ، رەوانەی دەرەوەش دەكرا، بەڵام ئێستا لە سایەی حوكمڕانیی فەشەلی لایەنە شیعیەكاندا، لە ئێرانەوە تەماتە و خەیار و باینجان و شووتی و خورما و.. هتد بۆ بەسڕە دەهێنرێت، خەڵكی بەسڕە دەڵێن، لەبەر جیاوازی بەهای دراوی تمەن بەرامبەر دراوی دینار، نرخی بەرهەمە كشتوكاڵییە هاوردەكانی ئێران زۆر لە نرخی بەرهەمی خۆماڵی هەرزانترە، بۆیە جووتیارانی عێراق ئەگەر كاری كشتوكاڵی بكەن، لە بری قازانج، زەرەر دەكەن، بەڵام ئەگەر پرسیارێكی دیكە بكەین، ئایا بۆچی حكومەتی عێراق یاسایەك بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەرناكات؟ بێگومان وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەوەی ئەو شمەكانە لە ئێرانەوە بۆ عێراق هاوردە دەكات، خودی دەسەڵاتدارانی لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقن. یان ئەگەر بپرسین: ئایا بۆچی ئاوی خواردنەوەی پاك بۆ شارێكی وەك بەسڕە دابین نەكراوە؟ ئەمەشیان وەك خەڵكی تەكنیكی بەسڕە ئاماژەی پێ دەكەن، چەندین جار بەناو پارە بۆ پڕۆژەی ئاوی بەسڕە دیاریكراوە و هەر جارێك لایەنێكی شیعە كە دەسەڵاتدار بووە لەو شارە پرۆژەكەی دواخستووە و پارەكەشی بێ سەروشوێنە.
حكومەتی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی خواستەكانی خۆپیشاندەران، لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی كێشە بەپەلەكان چارەسەر بكرێت و ئەوانی دیكەش بەسەر بەرنامەیەكی مامناوەندی و دوورمەودا دابەش بكرێت، سەبارەت بە كێشە بەپەلەكان بە پلەی یەكەم دابینكردنی (ئاوی خواردنەوەی پاك و وزەی كارەبایە)، بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە چارەسەرەكەیان ئەوەیە بە تانكەر ئاو دابەش بكەن و بۆ كارەباش وەزیری كارەبایان رەوانەی كۆماری ئیسلامی كردووە، بۆ ئەوەی وزەی كارەبا لە ئێران بكڕێت، لێرەوە ئەگەر سەرنج لەم دوو چارەسەر بدەین كە حكومەتی عێراق بۆ ئەم دوو كێشە گرنگە دۆزیویەتەوە، دەبینین هەردووكیان دوو كێشەی دیكە دروست دەكەن، بۆ شاردنەوەی ئەم دوو كێشەی كە ئێستا هەن، سەبارەت بە یەكەمیان كە دابەشكردنی ئاوە بە تەنكەر، دیارە دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی لەمجۆرە بۆ دابینكردنی ئاوی پاك تەنیا بۆ شارێكی وەك بەسڕە كە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە چوار ملیۆنە، دەبێت پارەیەكی ئەوتۆی بۆ تەرخان بكرێت كە زۆر لە پارەی ئەو پرۆژە ئاوە زیاتر دەبێت كە بۆ 25 ساڵی داهاتوو كێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ بەسڕە چارەسەر دەكات، بۆیە كاتێك ئەم پارەیە بۆ تەنكەری ئاو دابین دەكرێت، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی بەسڕەو شارەكانی دیكە پەك دەخرێت، سەبارەت بە چارەسەری دووهەمیشیان بۆ دابینكردنی كارەبا كە بە حیساب لە ئێرانی دەكڕن، ئەمیش كێشەیەكی گەورەتر دروست دەكات، باشە ئێران چۆن تەنیا كارەبا بە عێراق دەفرۆشێت، لە كاتێكدا خۆپیشاندەران داوادەكەن هیچ بەرهەمێكی دیكەی ئێرانی بۆ عێراق هاوردە نەكرێت، بۆیە ئەگەر دابینكردنی كارەبا بەو مەرجە بێت، بە هەمان شێوەی جاران هەموو بەرهەمێكی ئێران بێتە عێراقەوە، ئەمەشیان مانای ئەوەیە بەشێكی دیكەی خواستی هاووڵاتیان پشتگوێ خرا و حكومەتیش ناتوانێت هەلی كار بۆ خەڵك دابین بكات.
كێشەیەكی دیكەی خەڵكی بەسڕەو باشووری عێراق، كێشەی بێكارییە، حكومەتی عێراق بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەش بڕیاری داوە 10 هەزار كەس بە شێوەی گرێبەست لەسەر وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەت دابمەزرێنێت، ئەگەر سەیری ئەم چارەسەرەش بكەین، كە تەنیا بۆ بێكاریی خەڵكی بەسڕە پێشنیار كراوە، دەبینین ئەمەش كێشەیەكی دیكە بۆ هەڵاوسانی حكومەت دروست دەكات، ئەمە لەكاتیكدا چەندین كارگەی گەورە لە بەسڕە هەن كە دەتوانرێت بە مووچەی ساڵێكی ئەو 10 هەزار فەرمانبەرەی كە بەنیازن دایبمەزرێنن، دووبارە چاكی بكەنەوە و زۆر لەو 10 هەزارەش زیاتر هەلی كار دروست بكەن، بەڵام بۆچی هەنگاو بۆ چارەسەری هەڵدەگرن و خۆیان لە چارەسەری راستەقینە نزیك ناكانەوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارەش وەك چاودێرانی سیاسی لە نزیكەوە دەیدەنەوە، ئەگەر بیر لە چارەسەری راستەقینە بكەنەوە، ئەوا دەوڵەتی عێراق بەرەو دامەزراوەییكردن دەچێت و دامەزراوەكان بەهێز دەبن، كاتێكیش دامەزراوە بەهێز بێت، ئەوا گومانی تێدا نییە كە هێزی میلیشیایی و مەزهەبگەرایی دەپووكێتەوە و ئەو لایەنە سیاسیانەشی كە سیاسەتی میلیشیایی مەزهەبگەراییان كردووە بە خۆراكی سیاسەتی بەردەوامیان، ئەوا ئەوانیش دەپووكێنەوە و لە پرۆسەی حوكمڕانیدا نامێنن، بۆیە ئەم تاقمەی ئێستا بەناوی نوێنەرانی شیعەی عێراقەوە مۆنۆپۆلی سیاسەتی حوكمڕانی عێراقیان كردووە، قازانجەكەیان لەوەدایە بۆ شاردنەوەی هەر كێشەیەك، كێشەیەكی دیكە دروست بكەن، بەڵام پرسیاری گرنگ و كۆتایی ئەوەیە، ئایا تاكەی ئەم سیاسەتەیان بۆ دەچێتەسەر؟ بێگومان وەڵامی خۆپیشاندەران و پشتگیریی مەرجەعییەتی نەجەف ئەوەیە كە ئەمجارە دەبێت كۆتایی بێت و نابێت كێشەكان بە دروستكردنی كێشەی دیكە بشاردرێنەوە، ئەمەش عێراق دەخاتە ناو تونێلێكەوە كە زەحمەتە بە ئاسانی رووناكیی ئەو سەری تونێلەكەی لێ دەربكەوێتەوە.