ئەو پەیامە بێدەنگەی ئاستی بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێی گوتین
July 4, 2018
راپۆرتەکان
دیارە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق هەموو چاودێران و تەنانەت چاودێرانی نێودەوڵەتیش پێیان وابوو ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت سنووری مەزهەبی و نەتەوەیی تێپەڕێنێت، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەریخست كە هیچ پێكهاتەیەكی عێراق خۆی بە عێراقی نازانێت و لە چوارچێوەی مەزهەب و نەتەوەكەی خۆی بیردەكاتەوەو بڕیار دەدات، تەنانەت لیستەكەی موقتەدا سەدریش (سائیرون) كە لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق هاوپەیمانی كردبوو و لە پێكهاتەكانی (كورد و عەرەبی سوننە)ش پاڵێوراوی هەبوو، دیسان ئەم لیستەش نەیتوانی سنووری مەزهەبی و نەتەوەیی تێپەڕێنێت و بەشی زۆری ئەوانەی دەنگیان بە لیستی سەدر داوە، عەرەبی شیعەن و ئەو 15 كورسییەشی لە بەغدا هێناویەتی، بەشی هەرە زۆری دەنگی هاووڵاتیانی شاری نەسر و شیعەكانی كەڕادەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دیكۆمێنتەی كراوە بە مێژووی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەوەی عێراقییەكان لەچوارچێوەی ئەو دیكۆمێنتە و بەپێی ئەو نەخشەیەی دیكۆمێنتەكە دیاری كردووە، بێنە قسە، ئەوا خودی دیكۆمێنتەكە عێراقییەكانی لاڵ كردووە و لە زمانی خستوون، هەر بۆیە كاتێك گوێ لە گوتاری مێژووی عێراق و گوتارە سیاسییەكانی ناو ئەو گوتارە مێژووییە دەگرین، دەبینین هەموو كات گوێمان لە دەنگێك دەبێت كە دەنگی راستەقینەی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بێدەنگ دەكات، هەر بۆ نموونە كاتێك هەموو حكومەتە یەك لە دوایەكەكانی عێراق لە سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردووە هەتا ساڵی 2003 كە عەرەبی سوننە تێیدا حوكمڕان بووە و هەوڵیداوە عەرەبی شیعە سەركوت بكات، لە بەرامبەردا ئینتمای عەرەبی شیعە هێندەی بۆ وڵاتێكی دیكە بووە، هێندە بۆ عێراق نەبووە، ئەمەش بە ئاشكرا لە شەڕی عێراق ئێران هەستی پێدەكرا، كە سەربازە عەرەبەكانی شیعەی عێراق لە كاتی شەڕدا خۆیان تەسلیمی سوپای ئێران دەكرد و وەك سوپای خۆیان سەیریان دەكرد، لە بەرامبەریشدا كاتێك بە دیل دەگیران، راستەوخۆ ئازاد دەكران و هەروەك چۆن لە سەربازە دیلەكانی شیعەی عێراق لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو فەیلەقی بەدر بۆ رووخانی حكومەتی عێراق پێكهێنرا، كوردیش كە هەموو كات لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ئەوجا سوننە حوكمڕان بووبێت، یان شیعە، هەر سەركوتكراوە، لەبەر ئەوەی دەوڵەتێكی كوردی نەبووە، پشتی پێ ببەستێ، هەموو كات خەباتی كردووە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەو دەوڵەتەی كە بتوانێت پێكەوە ژیان دروست بكات، بەڵام هەموو كات بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی شیعە و سوننە لەو كاتەدا وەڵامی كوردستانیان داوەتەوە كە لەو پەڕی لاوازیدا بوون و كە بەهێز بوونەوە، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی خواستەكانی كوردیان داوەتەوە.
لایەنێكی دیكە كە دیسان لە پەیامە بێدەنگەكەی ئاستی بەشداری و ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق گوێبیستی دەبین، ئەوەیە كە عێراق بە ئەقڵییەتی سیاسەتی شیعەگەرایی سیاسەتمەدارانی شیعەی عێراق بەڕێوە ناچێت، هەروەها ئەو دەستوورەش جێبەجێ ناكرێت كە بە حیساب لە سەرووی 80%ی عێراقییەكان دەنگیان پێ داوە، لەمەش زیاتر ئەوەیە لەناو لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقدا، لایەنێكی سیاسیی وا دروست نابێت كە بتوانێت كۆنتڕۆڵی هەموو شیعە بكات و بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەردوو پێكهاتەی (كورد و عەرەبی سوننە) لەسەر بنەمای هاوبەشی و پێكەوەسازان و هاوسەنگی، عێراق رێك بخەنەوە و بەرگێكی تازە بە بەری مێژووی عێراقدا بكەن، لە بەرامبەردا جارێكی دیكە عەرەبی سوننەی عێراق نابنەوە ئەو ئەسپەی كە هێزە گەورە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق بە ئاگر و ئاسن گرەویان لەسەر بكەن، بەشێكی زۆری عەرەبی سوننەی عێراق كە لە پەرتەوازەیی خۆیاندا جارێك دوای قاعیدە و جارێكی دیكە دوای داعش كەوتن، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە رۆڵی عەرەبی سوننە لە عێراقدا بۆ رێكخستنەوەی سنووردارە، بەڵام بۆ تێكدانی حوكمڕانی لە عەرەبی شیعە كاریگەرە، عەرەبی شیعەش ئەو توانایەیان نابێت جڵەوگیری عەرەبی سوننەی عێراق بكەن، ئەم حاڵەتەش ئەو گێژاوەی دروستكردووە كە ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دەیبینین. لەناو ئەم گێژاوەی پرۆسەی سیاسیدا، لەوانەیە بتوانرێت بە كاریگەری دەستی دەرەكی، هاوپەیمانییەك لەنێوان لایەنەكانی شیعە وەك گەورەترین فراكسیۆن لەناو پەرلەمانی عێراق دروست بكرێت و پاشانیش لەنێوان ئەم فراكسیۆنە و لایەنی كورد و سوننەش هاوپەیمانی گرێ بدرێت بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنرێتەوە، بەڵام ئەمە هەر بەناو حكومەت دەبێت و نە كێشەكانی پێ چارەسەر دەكرێت و نە دەشتوانێت هیچ شتێك لە باری گوزەرانی عێراقییەكان بگۆڕێت، هەر بۆیە لەوانەیە ئەو بەراوردە لە جێگەی خۆیدا بێت كە بڵێین: ئێستای عێراق لە یوگسلافیای سەردەمی سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دەچێت، دیارە یوگسلافیای سەردەمی تیتۆ، دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری بە هاوشێوەی سەردەمی سەدام حوسێن لە عێراقدا رایگرتبوو، بەڵام كاتێك تیتۆ نەما و سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان بووە سەرۆك كۆماری یۆگسلافیا، كۆتایی بەو بێدەنگییە هات كە چەندین دەیە بوو دیكتاتۆریەت كپی كردبۆەوە، سەرەنجامیش یوگسلافیا وەك مێژوو و وەك دەوڵەت كۆتایی هات، ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە عێراقیش بە هەمان شێوە و لەیەك كاتدا وەك مێژوو و وەك دەوڵەت كۆتایی دێت و لە سەر نەخشەی سیاسی جیهان دەسڕێتەوە.