هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەوڵی حزبەكان بۆ رووخاندنی حكومەتی هەرێم
June 25, 2018
راپۆرتەکان
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراقیشدا بەتەنیا مایەوە و تەنیا لایەن بوو كە ئاراستەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی داكۆكیكردن بوو لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراق و داكۆكی لە شكۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرد.
لەناو ئەم هاوكێشەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن دروستی كردبوو، ئەو حزبانە بە جۆرێك تووشی غرووری و نەخۆشی شێتی خۆبەگەورە زانین (جنون العظمة) بوون كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە هەموو ئەو خەڵكانە دادگایی دەكەن كە لە ریفراندۆم دەنگیان بە «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان» داوە، بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، دوای ئەم هەڵبژاردنە هەموو كابینەی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستگیر دەكەن و دادگاییان دەكەن، هەروەها خەونیان بەوەوە دەبینی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكە دەدۆڕێت و ئیدی خۆیان دەبنە كوێخا و دەمڕاستی خەڵكی كوردستان، بەڵام خەڵكی كوردستان لە سەر سندوقەكانی دەنگدان لە هەموو جارێك زیاتر متمانەی خۆی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دایەوە، هەر بۆیە لەگەڵ كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و دەركەوتنی شكستە گەورەكەیان، دەستیان كرد بە جەولەیەكی دیكەی پشێوی نانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن گورزێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان بدەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە غەدرێكی گەورەی لێكرابوو، نزیكەی 50 هەزار دەنگی ون بوو، لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگای نەینەوا دەنگی كوردانی ئێزیدی سووتێنران و ئەنفال كران، لەگەڵ ئەوەی لە پارێزگای كەركووك بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردبوو، بەڵام لە كۆی 60 كورسی كوردستان، پارتی بە تەنیا 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا، ئەوجا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنە ساختەكاری نەكردووە، هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئاكامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن، پارتی رایگەیاند كە ئامادەیە دەنگی هەموو بنكەكانی هەڵبژاردن لە كوردستاندا (لە زاخۆوە تا خانەقین) هەمووی بە دەست هەژمار بكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لایەنە دۆڕاوەكان ئەمجارەش پەنایان بۆ پەرلەمانی عێراق بردو لەگەڵ لایەنە دۆڕاوەكانی عەرەبی شیعە و سوننە لە دژی دەنگەكانی خەڵكی كوردستان بوون بە هاوپەیمان و لە پێناوی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی، خۆیان لە هەموو ئاكارێكی نیشتمانی و نەتەوەیی داماڵی و دەنگیان بە رەتكردنەوەی دەنگدانی پێشمەرگە و رەتكردنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام چاوی خۆیان لە ئاستی ئەو هەموو ساختەكارییە گەورەیە داخست كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 15 پارێزگاكەی دیكەی عێراق ئەنجامیان دابوو، لەمەش بێ شەرمانەتر وەك ئەوەی ئیدی هەموو شتێك تەواو بووبێت و پیلانەكەیان دژی دەنگی پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەت سەری گرتبێت، هەندێك لە هەڵسووڕاوەكانی گۆڕان هێندە سەرمەستی خیانەت بوون، زۆر بەئاشكرا دەیانگوت و دەیانووسی: «نەك هەر دەبێ دەنگی پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە، بەڵكو دەبێت خودی پێشمەرگەش هەڵبوەشێتەوە»! ئەم قسانەی ئەو خۆفرۆشانە لە دژی پێشمەرگە دەیانكرد، بڕواناكەم هەتا ئێستاش لە عێراقدا هیچ فەرماندەیەكی داخ لەدڵی حەشدی بتواێت ئەو قسانە بەرامبەر پێشمەرگە بكات.
لێرەدا ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە، كە ئەگەر پەرلەمانتارانی ئەو حزبە بەناو كوردستانییانە لە رۆژی 6ی حوزەیران دەنگیان بە رەتكردنەوە، یان هەڵوەشانەوەی دەنگی پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان نەدابایە، ئەوا پەرلەمانی عێراق نەیدەتوانی دەنگ لەسەر ئەو یاسایە بدات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی نیسابی یاسایی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان گومانی لەسەرە، لە هەمانكاتدا ئەگەر بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو حزبانە بەشدارییان نەكردایە، ئەوا بە ئاشكرا نیساب تەواو نەدەبوو، نەشدەتوانرا ئەو بڕیارە دوژمنكارانەیە دژی هەرێمی كوردستان و شكۆی پێشمەرگەی كوردستان بدرێت، هەر بۆیە ئەگەر عەرەبی شوڤێنی (بە شیعە و سوننەوە) بە مەبەست و بۆ شكاندنی شكۆی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان پێداگرییان لەسەر ئەو بڕگانەی ناو یاساكە كردبێت، بەڵام ئەگەر یەك تۆزقاڵ هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی لای پەرلەمانتارانی ئەو حزبە سیاسییە بەناو كوردستانییانە هەبوایە، ئەوا یاساكەی پەرلەمانی عێراق تێنەدەپەڕی، بۆیە نیگەرانیی گەورە ئەوەیە كە بە هاوكاری و دەستی چەند لایەنێكی بەناو كوردستانی ئەو غەدرە گەورەیە لە دژی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان ئەنجامدرا.
بۆ تانەلێدان لە یاساكەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا لایەنی كوردستانی بوو كە لەسەر ئاستی سیاسی بە فەرمی یاساكەی پەرلەمانی عێراقی رەتكردەوە و لەسەر ئاستی یاساییش تانەی خۆی دایە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، ئەوە بوو لە رۆژی پێنج شەمە 21ی حوزەیرانی 2018 دادگای فیدڕاڵی رای خۆی لەسەر تانەكانی سەر ئەو یاسایە راگەیاند و، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە.
ئەم هەڵوێستەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بەرزڕاگرتنی دەنگی پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەتی خەڵكی كوردستان، لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە كە پارتی مەبەستی ئەوە بوو چەند كورسییەك كەم نەكات، بەپێچەوانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر بایەخی بە كورسی بدایە، ئەوا لە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركووك بایكۆتی نەدەكرد، بۆیە سەرچاوەی ئەم هەڵوێستەی پارتی لەسەر دەنگی پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەتی خەڵكی كوردستان، داكۆكیكردنێكی مەعنەوییانە لە شكۆی هەموو خەڵكی كوردستان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تێڕوانینە شۆڤێنییانەی ئەو عەرەبە سوننە و شیعەیانە بوو، كە چاویان بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەقامگیریی كوردستاندا هەڵنایەت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر دادگای فیدڕاڵیی عێراق، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی دەنگدانی پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستانی رەتنەكردایەتەوە، ئایا پارتی هیچ هەڵوێستێكی دیكەی نەدەبوو؟ بێگومان پارتی هەر لە شەوی 6ی حوزەیرانەوە هەڵوێستی سیاسیی خۆی لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی دەنگی پێشمەرگە و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە و ئەو یاسای رەتكردۆتەوە، بۆیە هەتا ئەگەر دادگای فیدڕاڵیش تانەكەی پارتی قبووڵ نەكردایە و یاساكە بەو جۆرە بڕۆیشتایە كە دەنگدانی پێشمەرگە و تایبەت هەڵبوەشێتەوە و حیساب نەكرێت، ئەوا پارتی هەڵوێستی خۆی بە فەرمی سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەستنیشان دەكرد و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەكرد.
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردنی لایەنی كوردستانی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی عێراقدا، لە سەرەتادا بۆچوونی بەوجۆرە بوو كە هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە و وەك پیشاندانی ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەو رەفتارە نادەستوورییانەی حكومەتی عێراق دژی كوردستان ئەنجامیداوە، بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەو ئامادەباشییەیان تێدا نەبوو، كە ئەو كارە بكەن، پارتی ناچار بوو بە تەنیا بەشداری بكات، بۆ ئەوەی پرۆسەی نوێنەرایەتیكردنی گەلی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی عێراقدا نەكەوێتە دەست ئەو كەسانەی كە هیچ باكیان بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان نییە و وەك لە 6ی حوزەیرانیشدا بینیمان، زۆر بێشەرمانە بوونە فاكتەر و هۆكاری بڕیار لەسەر هەڵوەشانەوەی دەنگی پێشمەرگە و ویستیان دەنگدانی تایبەت هەڵبوەشێتەوە.