ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەبەر رۆشنایی پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان
May 22, 2018
راپۆرتەکان
لێرەوە ئەگەر كورسییەكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 58 كورسییە لە كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی دەربكەین كە ژمارەی 329 كورسییە و تەواوی ئەو 8 كورسییە كۆتایانەشی لێ دەربكەین، كە بۆ پێكهاتەكانی دیكە دیاری كراون، ئەوا تەنیا 263 كورسی دەمێنێتەوە كە لایەنە سەرەكییەكان لەسەر ئاستی عێراق ململانێیان لەسەر كردووە، ئەوا دەبینین رێژەی دەنگەكانی بەغدا بۆ هەرسێ لیستی براوەی یەكەم (سائیرون و فەتح و نەسر) هەمان رێژەی دەنگەكانیانە لەسەر ئاستی 263 كورسییەكەی ململانێیان لەسەر كردووە، هەر بۆ نموونە سائیرون 21%ی كورسییەكانی بەغدای بەدەستهێناوە، لە هەمانكاتدا هەمان رێژەشی لە 263 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێناوە، هەر یەكە لە فەتح و نەسریش (16-17%)یان لە 263 كورسییەكە بەدەست هێناوە. ئەم سێ لایەنە سەرەكییە كە سێ لایەنی سەرەكیی شیعەن و، چۆن لە كۆی كورسییەكانی بەغدا رێژەی (1+50%)یان بەدەست هێناوە، بەهەمان شێوە لە كۆی ئەو 263 كورسییەشی بەسەر 15 پارێزگای عێراقیشدا دابەش كراون، پێكەوە 144 كورسییان بەدەستهێناوە، كە ئەمیش دیسان رێژەی (1+50%) زیاتر دەكات، بۆیە لەم راستەوە خوێندنەوە و هەڵەسەنگاندنی هەڵبژاردنەكانی بەغدا لە رووی ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان و شێوازی دابەشكردنی دەنگەكان بەسەر لایەنە سەرەكییەكانی شیعە، وێنەیەكی بچووكراوەی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی 15 پارێزگاكەی عێراقمان بۆ وێنە دەكات، هەروەها نەخشەی تازەی پرۆسەی سیاسیی ئایندەی عێراقیشمان تا رادەیەك پیشان دەدات. دەكرێت ئەم خاڵانەی لێ بخوێنینەوە:
1- دەنگدەران و ئاستی بەشداریی لەبەغدا پێمان دەڵێت، نزیكەی 75%ی خەڵكی عێراق لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بێزارن و نایانەوێت بەشداریی ئەو پرۆسە سیاسییە بكەن، ئەو رێژەیەشی كە لە نێوان 25-30%ی دەنگی داوە، زۆرترینیان دەنگیان بە لیستی سائیرون داوە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، ئەمەش لەبەر ئەوەیە موقتەدا سەدر بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو، دژی گەندەڵییەكانی حكومەت لە عێراقدا سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراقی كردووە، هەروەها دەنگەكانی لیستی سائیرون رەنگدانەوەی دەنگدەری مەدەنیی عێراقە، لەبەر ئەوەی موقتەدا سەدر تەنیا خاوەنی میلیشیاكانی (سەرایا سەلام)ی سەر بە حەشدی شەعبییە، ئەوانیش ژمارەیان لە 6-7%ی چەكدار تێپەڕ ناكات. ئەمەش مانای ئەوەیە لیستەكەی بە رێژەی 25-30%ی دەنگدەرە بەشداربووە مەدەنییەكانی شارەكانی عێراق ئەو دەنگانەی بەدەست هێناوە.
2- سەبارەت بە لیستی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات و نوێنەرایەتیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەكات و پلەی دووەمی بە 47 كورسی بەدەستهێناوە، ئەوا ئەم رێژەیەی فەتح بەدەستی هێناوە، زۆر جیاوازە لەو رێژەیەی كە لیستی سائیرون بەدەستی هێناوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رێژەی ئەو خەڵكانەی پشتگیری لە حەشدی شەعبی دەكەن لەناو شیعە لەوانەیە بە رێژەی 80% دەنگیان بە لیستی فەتح دابێت، بۆیە ئەو رێژەیەی كە عامری لە لیستی فەتح بەدەستی هێناوە، ئەو دەنگدەرە توندڕۆیانەی شیعەن كە پشتگیری لە حەشدی شەعبی دەكەن و خۆیان بە پاشكۆی سوپای پاسداران دەزانن و بوونە هۆكاری ئەوەی كە عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننە لە پرۆسەی سیاسی نائومێد بن و بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە نەكەن، بۆیە لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەشداریی ئەو توندڕۆیانە زۆر بەرزیش بووە، بەڵام رێژەی دەنگەكانی لیستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نەیتوانیوە سنووری 17%ی ژمارەی كورسییەكانی 15 پارێزگاكەی عێراق مسۆگەر بكەن، لەمەش زیاتر مانای ئەوەیە عەرەبی شیعەی عێراق راستە دەیانەوێت حوكمڕانی عێراق لەدەستی خۆیاندا بێت، بەڵام نایانەوێت كۆپی سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراقدا دووبارە ببێتەوە.
3- لیستی نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، بە حیساب سەرۆك وەزیرانە سەركەوتووەكەی عێراق بووە و لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا هێرشی سەربازی بۆ سەر كوردستان كردووە و كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی داگیركردۆتەوە، هەروەها خۆی كردۆتە خاوەنی سەركەوتن بە سەر تیرۆریستانی داعشدا، بەڵام لەسەر ئاستی دەنگدەری مەدەنیی عێراق بە جۆرێك رەتكراوەتەوە كە لەوانەیە ئەگەر ئەو ئیمكانییەتەی سەرۆك وەزیرانی لەبەر دەست نەبوایە و سوودی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت (سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی) وەرنەگرتایە، حاڵی زۆر لە لیستی دەوڵەتی قانوون بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی خراپتر دەبوو، كە مالیكی لەناو حزبی دەعوە پێگەی زۆر لە عەبادی باڵاترە. حەیدەر عەبادی لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراقدا وەك سەرۆك وەزیران هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستی نەسری بەڕێوە دەبرد، تەنانەت تەنیا سەرۆك لیست بوو هاتە هەرێمی كوردستان و سەردانی سلێمانی و هەولێری كرد و لیستەكەی راگەیاند، بەڵام چۆن لە هەرێمی كوردستان خۆی و لیستەكەی رەتكرایەوە، لەناو دەنگدەری مەدەنی عێراقیش رەتكراوەتەوەو تەنیا ئەو خەڵكانە دەنگیان پێداوە كە لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بوون، بەتایبەتی (سوپا، هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی، هێزەكانی ئاسایش، بەشێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە خۆیان بە پاشكۆی سوپای پاسداران نازانن، بەشێك لە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی عێراق كە بە پارە و ئیمتیازات كڕیوونی)، ئەم رەتكردنەوەی عەبادی لەسەر ئاستی دەنگدەری مەدەنیی عەرەبیی شیعەی عێراق، ئەوەمان پێدەڵێت كە بەشی زۆری عەرەبی شیعەی عێراق دژی ئەو دەسەڵاتەن كە بیەوێت بە زەبری هێزی سەربازی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو بنەمایە دروست نەبووە كە رای گشتی لەناو عەرەبی شیعە پشتگیری لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان دەكەن، نەخێر، ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە، ئەگەر دەسەڵاتی شیعە نەتوانێت جۆرێك هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بپارێزێت، ئەوا بارودۆخی عێراق بە جۆرێك ئاڵۆز دەبێت كە بۆ هەتا هەتایە دەسەڵات لە دەستی شیعە نەمێنێت، ئەوجا شیعەی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری بە دەسەڵاتی عێراقەوە بكات، نایانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگاتە ئەو ئاستەی شەڕێكی خوێناوی لەگەڵ كوردستاندا دروست بێت.
ئەگەر لەسەر بنەمای دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە تەنیا لیستی سائیرون بە بەراورد بەكۆی لیستەكانی دیكەی شیعە، لەناو عەرەبی شیعەی عێراقدا خاوەنی بنكەیەكی جەماوەریی مەدەنییە، لەمەش زیاتر موقتەدا سەدر راشكاوانە رای خۆی دەبڕیوە و كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی دەبێت حكومەتی داهاتووی عێراق لە كەسانی تەكنوكرات پێكبهێنرێت، نەك سەركردە سیاسییەكانی ناو لایەنە سیاسییەكان، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی حكومەتی تەكنوكرات ئەزموونێكی سەركەوتووی بەرچاوی ئەوتۆی لە مێژووی حوكمڕانیی حكومەتەكانی جیهانیشدا نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو سێ كابینەیەی پێشوو كە حزبی دەعوە بەڕێوەی برد و بووە هۆكاری ئەوەی داعش لە عێراقدا سەر هەڵبدات، ئەو حكومەتە تەكنوكراتەی سەدر داوای دەكات (كە زۆر زەحمەتە دابمەزرێت) لەوانەیە بۆ ئێستای بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق لە هەر شێوازێكی دیكەی پێكهێنانی حكومەت سەركەوتووتر بێت و تا رادەیەكی زۆریش دەستێوەردانی سوپای پاسدراران و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دوور بخاتەوە.