خوێندنەوەیەك بۆ پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا

خوێندنەوەیەك  بۆ پەیامی دەنگدەران و  ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا
ئەگەر هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ كۆی عێراق هەڵبژاردن بووبێت لە قۆناخی دوای داعش و كەوتنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش، ئەوا بۆ كوردستان هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەڵبژاردنی دوای كارەساتی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەرە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە دوو ژینگەی جیاوازی سیاسی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوە چووە كە یەكەمیان ژینگەی سیاسیی عێراقە، وەك لایەنێكی سەركەوتوو لە شەڕی دژی داعش و لەبەرامبەر كوردستانیش، لایەنی دووەمیش ژینگەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بووە كە دوای كارەساتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پرۆسە سیاسییەكەی تا راددەیەكی زۆر دوچاری ئاڵۆزییەكی ئەوتۆ بوو كە بەشی زۆری حزبە سیاسییەكانی كوردستان پەرتەوازە بوون و هەموو ئەو لایەنانەش لە ماوەی چەند مانگی رابردوو و لە مانگی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، لەبری ئەوەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەن و داكۆكی لە دەستوور و مافەكانی گەلی كوردستان بكەن، هەڵمەتێكی دوژمنكارانەی زۆر چڕوپڕیان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێ كردبوو، لەمەشدا ئامانجیان ئەوە بوو ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو لەبەرامبەر پارتی پێیان نەكرا، لە 12ی ئایاری 2018 تەواوی بكەن و پارتی دیموكراتی كوردستان دووچاری شكستێكی ئەوتۆ بكەن كە لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا نەتوانێت هەڵبستێتەوە و بوونی نەمێنێت. بەڵام دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بە جۆرێكی دیكە پەیامی خۆیان ئاراستەی ئەو حزبە سیاسییانە كرد كە ئامانجیان لەناوبردنی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، هەروەها بەجۆرێكی دیكە پەیامی خۆیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق كرد، كە بەنیاز بوون و دەیانەویست بە زەبری هێز كوردستان داگیربكەنەوە و ئەمەش بكەن بە فاكتەرێكی گرنگ بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە.


كەواتە هەڵسەنگاندنی شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و كاریگەریی ئاكامەكانی دەنگدان و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە پرۆسەكە، مانا و مەغزایەكی لەوە گەورەتری هەیە كە بە رێژەی ئەو دەنگ و كورسییانە پێوانە بكرێت، كە لایەنەكان لە كوردستان و عێراق هێناویانە، بەڵكو دەنگدان و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان پەیامێكە كە راشكاوانە سزا و پاداشتی هەڵوێست و رەفتاری ئەو حزبانەی داوەتەوە كە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێشتر وەك كاراكتەرێكی سیاسی ئەنجامیان داوە، هەر بۆیە پەیامی دەنگدان و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، تەنیا بریتی نییە لە ئاكامی هەڵبژاردن بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی پەرلەمان و حكومەتێكی تازە لە عێراقدا، بەڵكو بریتییە لە دووبارە دروستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان و دووبارە دروستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بە هاوشێوەی یەكەمین هەڵبژاردنی ساڵی 2005 كە سەرلەنوێ پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عێراقی داڕشتەوە و سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و عێراقی بە شێوەیەكی نوێ داڕشتەوە.

لێرەوە هەوڵدەدەین كە خوێندنەوەیەك بۆ پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها بۆ پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە عێراقدا بكەین.
پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا
هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی بەشی زۆری حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەر بەناو هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو بۆ (پەرلەمانی عێراق)، بەپێچەوانەوە، بە شێوەیەكی كردەیی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوو دژی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنانەت ئەو حزبانەشی وەك (یەكگرتووی ئیسلامی) كە جوامێرانە بەرگرییان لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان دەكرد، بەڵام گوتاری هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەیان زیاتر دژی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە ئەمیش هاوئاواز لەگەڵ حزبەكانی دیكە گوتاری هەڵبژاردنەكەی دژی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكی دەگرتەوە. بەمەش جۆرێك لە ئاژاوەو پاشاگەردانی بە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی حزبە سیاسییەكانەوە دیار بوو كە زیاتر زۆنی هەمەڕەنگی سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی دەگرتەوە و كەمتر كاریگەرییان لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دەردەكەوت كە زیاتر بە زۆنی باڵادەستی دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەناسرێت، بەمەش دوو ژینگەی سیاسی بۆ هەڵمەتەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دروست بوو، ژینگەیەكیان سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، كە تێیدا ئاراستەی دژە پارتی و دژە حكومەتی هەرێمی كوردستان باڵادەست بوو، ژینگەكەی دووەمیشیان سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك كە ئاراستەی داكۆكیكردن لە سەربەخۆیی و ریفراندۆم و پاراستنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و داكۆكیكردن لەمافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان سیمای هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی داپۆشیبوو.


لە ناو ئەم دوو ژینگە جیاوازەدا خەڵكی كوردستان بە رێگەی دەنگدان و ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دوو پەیامی جیاوازی ئاراستەی پارتی بە تەنیا لەلایەك و كۆی حزبەكانی دیكە لەلایەكی دیكە كرد، بەمجۆرە:
1- لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، پەیامی خەڵك بریتی بوو لە ئاستی بەرزی بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئاستی بەرزی رێژەی دەنگدان بە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمەش زیاتر بەپێی راپۆرتی كۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردن، شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی كوردستان و عێراق، بەسەركەوتووترین و پاكترین پرۆسەی هەڵبژاردن تۆماركراوە.
2- لە سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، پەیامی خەڵك بریتی بوو لە بەشدارییەكی كەم لە پرۆسەی هەڵبژاردن و لەگەڵ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەی ئەوە دەكات لەو دوو پارێزگایە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێناوە، بەڵام كۆی ئەو حزبە سیاسییانەی بەشێوەیەك لەشێوەیەكان لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی دژی پارتی یەكیان دەگرتەوە، ئێستا ئەو حزبانە دژی ئاكامەكانی ئەو دەنگدانەن و یەكێتی بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكە تۆمەتبار دەكەن.
3- لە سنووری پارێزگای كەركووك كە پارتی دیموكراتی كوردستان بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووكی كردبوو، كە كەركووكی بە شارێكی داگیركراو ناساندبوو، لەوێیش رێژەی بەشداریی هاووڵاتیانی كورد بە ئاستێك كەم بوو كە لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە داوایان لە خەڵك دەكرد، بچن بۆ دەنگدان، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو پارێزگایە 6 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام نەك هەر حزبەكانی دیكەی كوردستان وەك (گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی و نەوەی نوێ و...هتد)، یەكێتی بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی كەركووك تۆمەتبار دەكەن، بەڵكو لایەنە عەرەبییەكان و توركمانییەكانیش هەمان تۆمەت دەخەنە پاڵ یەكێتی و هەڕەشەی تێكدانی بارودۆخی كەركووك و شەڕی نێوان كورد و پێكهاتەكانی دیكەی ئەو شارە دەكەن.
4- پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی بەهۆی ئەو ساختەكارییەی لە هەڵبژاردنەكانی سلێمانی ئەنجام دراوە و كەمتر لە سێیەكی دەنگە جێگیرەكانی خۆی بۆ تۆمار كراوە، بەڵام ئەگەر سەیری كۆی كورسییەكانی هەر چوار پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆك بكەین كە دەكاتە 44 كورسیی پەرلەمانی عێراق، ئەم رێژەیەش دەبێتە جوگرافیای دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئەوا پارتی لەو ژمارەیە 19 كورسی بەدەستهێناوە كە دەكاتە رێژەی ( 43-44%) كۆی دەنگەكانی ئەو چوار پارێزگایە، خۆ ئەگەر تەنیا دەنگە جێگیرەكانی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بەر ئەو ساختەكارییە نەكەوتنایە، ئەوا ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە سلێمانی دەبووە 2-3 كورسی و بەمەش رێژەی دەنگدان بە پارتی لەئاستی هەرێمی كوردستان دەگەیشتە (46-47%) كۆی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانن ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی لە هەڵبژاردنەكانی 2013 خاوەنی 38% دەنگی هەرێمی كوردستان بووە و 38 كورسیی پەرلەمانی هەیە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە پێمان دەڵێت، پارتی خاوەنی 43-47% دەگدەرانی هەرێمی كوردستانە و ئەگەر ئەم دەنگدانە و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان بكەینە پێوەر بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی داهاتوو، ئەوا كورسییەكانی پارتی دەگاتە نێوان ( 43-47) كورسی لە پەرلەمانی كوردستاندا.


5- ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین كە كۆی ئەو كورسییانەی گۆڕان و یەكێتی پێكەوە لە كۆی هەر چوار پارێزگای ( سلێمانی و دهۆك و هەولێر و هەڵەبجە) بەدەستیان هێناوە و دەكاتە 15 كورسی لە كۆی 44 كورسی ئەو پارێزگایانە، ئەوا ئەم رێژەیە دەكاتە رێژەی 34% دەنگدەدرانی ئەو چوار پارێزگایە كە دەنگیان بە یەكێتی و گۆڕان داوە، خۆ ئەگەر ئاكامی ئەم دەنگدانە لە سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بەدروست دابنرێت و گۆڕان لەسەر ئاستی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق لە كۆی 44 كورسی تەنیا 5 كورسی بەدەستهێنابێت و یەكێتی 10 كورسی بە دەست هێنابێت، ئەوا رێژەی 11،3% دەنگدارانی كوردستان دەنگیان بە گۆران داوە و، ئەوا بە بەرارود بە ئاكامی هەڵبژاردنەكانی 2013ی هەرێمی كوردستان كە گۆڕان 24% دەنگەكانی بەدەستهێنابوو، ئەوا لەم هەڵبژاردنەدا بە رێژەی زیاتر 50% دەنگەكانی گۆڕان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كەمی كردووە، یەكێتی نیشتمانییش رێژەی دەنگدانی دەگاتە 23،7%، ئەوا ئەمەش مانای ئەوەیە رێژەی دەنگەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە رێژەی ( 4.5-5%) زیادی كردووە، بەڵام ئەم زیادبوونەی وەك شەش لایەنەكە بانگەشەی بۆ دەكەن، بە پلەی یەكەم لەسەر حیسابی ئەو ساختەكارییە بووە كە لە دەنگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی دیكە بە پارتیشەوە كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجامدراون.

6- بە خوێندنەوەی ژینگەی سیاسیی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و بە بەراوردكردن لەگەڵ ئاكامی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، یەكێتی و گۆڕان دوو حزبی سەرەكیی ئەو دوو پارێزگایەن، بۆیە لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئەو بانگەشەیەش راست بێت كە یەكێتی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەو دوو پارێزگایە كردووە و تەنانەت هەتا ئەگەر دەنگەكانیش بەدەست هەژمار بكرێنەوە، ئەوا لەم حاڵەتەدا بەشی هەرە زۆری دەنگەكان لەنێوان یەكێتی و گۆڕان ئاڵوێر دەبێت، ئەمەش واتە وەك گۆڕان بانگەشە دەكات، ئەوان زۆرینەن لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، مانای ئەوەیە، ئەو 12 كورسییەی گۆران و یەكێتی لە سنووری ئەو پارێزگایە بەدەستیان هێناوە، قەوارەی راستەقینەی یەكێتی و گۆڕانە لەو سنوورە، بۆیە ئەگەر گۆڕانكارییەكیش رووبدات، بە زۆری هەر لەنێوان یەكێتی و گۆڕان روودەدات و حزبەكانی دیكە كەمتر دەگرێتەوە، بەڵام پەیامی گرنگی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لەهەردوو سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ كۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، كە خەڵكی ئەو دەڤەرە لە شێوازی سیاسەتكردنی ئەو حزبانە بێزار بوون كە بوونەتە فاكتەری ئەوەی پاشاگەردانی دروست بێت و ئاستی خزمەتگوزاری لە هەردوو پارێزگاكە پەكی بكەوێت، بەمەش جیا لەوەی دەنگدەران لەسەر ئاستی كوردستان سزای گۆڕان و یەكێتییان لەسەر شێوازی سیاسەتكردنی رابردوویان داوە، لە هەمانكاتدا ئەو فرەحزبیە نابەرپرسیارانەیەشیان رەتكردۆتەوە كە ژینگەی سیاسیی پاشاگەردانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دروستی كردووە و هیچ حزبێكی سیاسی لەو دەڤەرە بێجگە لە دژایەتیی پارتی و حكومەتی كوردستان، هیچ پەیامێكی بۆ خەڵكی كوردستان پێ نییە.
لێرەوە ئەگەر پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیانی كوردستان لەم هەڵبژاردنە وەك نەخشەڕێگەیەك سەیر بكەین بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، ئەوا بەشدارینەكردنی نزیكەی 50% دەنگدەرانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە پرۆسەی دەنگدان و پاشانیش ئەو گومان و نائومێدییەی لە ئاكامی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەو دەڤەرە دروست بووە، ئەوەمان پێدەڵێت كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، دەنگدەرانی هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی هاوشانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بەپێچەوانەی ئەو مەزندانەی پێیانوایە خەڵك كەمتر بەشدار دەبێت، ئەوا رێژەیەكی زیاتر لەم هەڵبژاردنەی ئەمجارە بەشداری دەكەن و بەدەنگ سزای ئەو لایەنە سیاسییانە دەدەن كە بێجگە لە دژایەتی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیچ بەرنامەیەكی دیكەیان نییە، خەڵكی ئەو دەڤەرە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی دەبێت ئەو پاشاگەردانییەی حزبەكان لەو دەڤەرە دروستیان كردووە، ئیدی كۆتایی بێت.

ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەبەر رۆشنایی پەیامی دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان
ئەگەر بەغدا وەك گەورەترین شار و پایتەختی عێراق و وەك نموونەیەك بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردن و شێوازی دابەشكردنی دەنگەكان وەربگرین، كە ئەو پارێزگایە 71 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەردەكەوێت (69+ 2 كۆتای كریستیان و سائبە)، ئەوا دەبینین بە رێژەی كەمتر لە 30%ی خەڵك بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی كردووە، هەروەها هیچ كام لە لایەنە سەرەكییەكانی عێراق وەك (نەسر و فەتح و سائیروون و دەوڵەتی یاسا و وەتەنییە و حیكمە) نەیتوانیوە یەك لەسەر چواری كورسییەكانی بەغدا بەدەست بهێێنن، بەرزترین ژمارەی كورسی كە لیستی سائیرون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر بەدەستی هێناوە، 15 كورسی لەسەر ئاستی بەغدا بەدەستهێناوە كە دەكاتە رێژەی (21%)ی كۆی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە، دوای ئەو لیستەكانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و نەسر دێت بە سەرۆكایەتیی عامری و مالیكی و عەبادی، ژمارەی كورسییەكانیان بریتین لە ( 9،10،11)، ئەمەش واتە رێژەی دەنگەكانی ئەم سێ لایەنە سەرەكییەش لەنێوان ( 13-16%) دەنگەكانی بەغدایە.
لێرەوە ئەگەر كورسییەكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 58 كورسییە لە كۆی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی دەربكەین كە ژمارەی 329 كورسییە و تەواوی ئەو 8 كورسییە كۆتایانەشی لێ دەربكەین، كە بۆ پێكهاتەكانی دیكە دیاری كراون، ئەوا تەنیا 263 كورسی دەمێنێتەوە كە لایەنە سەرەكییەكان لەسەر ئاستی عێراق ململانێیان لەسەر كردووە، ئەوا دەبینین رێژەی دەنگەكانی بەغدا بۆ هەرسێ لیستی براوەی یەكەم (سائیرون و فەتح و نەسر) هەمان رێژەی دەنگەكانیانە لەسەر ئاستی 263 كورسییەكەی ململانێیان لەسەر كردووە، هەر بۆ نموونە سائیرون 21%ی كورسییەكانی بەغدای بەدەستهێناوە، لە هەمانكاتدا هەمان رێژەشی لە 263 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراق بەدەست هێناوە، هەر یەكە لە فەتح و نەسریش (16-17%)یان لە 263 كورسییەكە بەدەست هێناوە. ئەم سێ لایەنە سەرەكییە كە سێ لایەنی سەرەكیی شیعەن و، چۆن لە كۆی كورسییەكانی بەغدا رێژەی (1+50%)یان بەدەست هێناوە، بەهەمان شێوە لە كۆی ئەو 263 كورسییەشی بەسەر 15 پارێزگای عێراقیشدا دابەش كراون، پێكەوە 144 كورسییان بەدەستهێناوە، كە ئەمیش دیسان رێژەی (1+50%) زیاتر دەكات، بۆیە لەم راستەوە خوێندنەوە و هەڵەسەنگاندنی هەڵبژاردنەكانی بەغدا لە رووی ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان و شێوازی دابەشكردنی دەنگەكان بەسەر لایەنە سەرەكییەكانی شیعە، وێنەیەكی بچووكراوەی كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی 15 پارێزگاكەی عێراقمان بۆ وێنە دەكات، هەروەها نەخشەی تازەی پرۆسەی سیاسیی ئایندەی عێراقیشمان تا رادەیەك پیشان دەدات. دەكرێت ئەم خاڵانەی لێ بخوێنینەوە:
1- دەنگدەران و ئاستی بەشداریی لەبەغدا پێمان دەڵێت، نزیكەی 75%ی خەڵكی عێراق لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بێزارن و نایانەوێت بەشداریی ئەو پرۆسە سیاسییە بكەن، ئەو رێژەیەشی كە لە نێوان 25-30%ی دەنگی داوە، زۆرترینیان دەنگیان بە لیستی سائیرون داوە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر، ئەمەش لەبەر ئەوەیە موقتەدا سەدر بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو، دژی گەندەڵییەكانی حكومەت لە عێراقدا سەرپەرشتیی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراقی كردووە، هەروەها دەنگەكانی لیستی سائیرون رەنگدانەوەی دەنگدەری مەدەنیی عێراقە، لەبەر ئەوەی موقتەدا سەدر تەنیا خاوەنی میلیشیاكانی (سەرایا سەلام)ی سەر بە حەشدی شەعبییە، ئەوانیش ژمارەیان لە 6-7%ی چەكدار تێپەڕ ناكات. ئەمەش مانای ئەوەیە لیستەكەی بە رێژەی 25-30%ی دەنگدەرە بەشداربووە مەدەنییەكانی شارەكانی عێراق ئەو دەنگانەی بەدەست هێناوە.

2- سەبارەت بە لیستی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات و نوێنەرایەتیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەكات و پلەی دووەمی بە 47 كورسی بەدەستهێناوە، ئەوا ئەم رێژەیەی فەتح بەدەستی هێناوە، زۆر جیاوازە لەو رێژەیەی كە لیستی سائیرون بەدەستی هێناوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رێژەی ئەو خەڵكانەی پشتگیری لە حەشدی شەعبی دەكەن لەناو شیعە لەوانەیە بە رێژەی 80% دەنگیان بە لیستی فەتح دابێت، بۆیە ئەو رێژەیەی كە عامری لە لیستی فەتح بەدەستی هێناوە، ئەو دەنگدەرە توندڕۆیانەی شیعەن كە پشتگیری لە حەشدی شەعبی دەكەن و خۆیان بە پاشكۆی سوپای پاسداران دەزانن و بوونە هۆكاری ئەوەی كە عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننە لە پرۆسەی سیاسی نائومێد بن و بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە نەكەن، بۆیە لەگەڵ ئەوەی ئاستی بەشداریی ئەو توندڕۆیانە زۆر بەرزیش بووە، بەڵام رێژەی دەنگەكانی لیستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نەیتوانیوە سنووری 17%ی ژمارەی كورسییەكانی 15 پارێزگاكەی عێراق مسۆگەر بكەن، لەمەش زیاتر مانای ئەوەیە عەرەبی شیعەی عێراق راستە دەیانەوێت حوكمڕانی عێراق لەدەستی خۆیاندا بێت، بەڵام نایانەوێت كۆپی سیستمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراقدا دووبارە ببێتەوە.
3- لیستی نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، بە حیساب سەرۆك وەزیرانە سەركەوتووەكەی عێراق بووە و لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا هێرشی سەربازی بۆ سەر كوردستان كردووە و كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی داگیركردۆتەوە، هەروەها خۆی كردۆتە خاوەنی سەركەوتن بە سەر تیرۆریستانی داعشدا، بەڵام لەسەر ئاستی دەنگدەری مەدەنیی عێراق بە جۆرێك رەتكراوەتەوە كە لەوانەیە ئەگەر ئەو ئیمكانییەتەی سەرۆك وەزیرانی لەبەر دەست نەبوایە و سوودی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت (سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی) وەرنەگرتایە، حاڵی زۆر لە لیستی دەوڵەتی قانوون بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی خراپتر دەبوو، كە مالیكی لەناو حزبی دەعوە پێگەی زۆر لە عەبادی باڵاترە. حەیدەر عەبادی لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراقدا وەك سەرۆك وەزیران هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستی نەسری بەڕێوە دەبرد، تەنانەت تەنیا سەرۆك لیست بوو هاتە هەرێمی كوردستان و سەردانی سلێمانی و هەولێری كرد و لیستەكەی راگەیاند، بەڵام چۆن لە هەرێمی كوردستان خۆی و لیستەكەی رەتكرایەوە، لەناو دەنگدەری مەدەنی عێراقیش رەتكراوەتەوەو تەنیا ئەو خەڵكانە دەنگیان پێداوە كە لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بوون، بەتایبەتی (سوپا، هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی، هێزەكانی ئاسایش، بەشێك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە خۆیان بە پاشكۆی سوپای پاسداران نازانن، بەشێك لە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی عێراق كە بە پارە و ئیمتیازات كڕیوونی)، ئەم رەتكردنەوەی عەبادی لەسەر ئاستی دەنگدەری مەدەنیی عەرەبیی شیعەی عێراق، ئەوەمان پێدەڵێت كە بەشی زۆری عەرەبی شیعەی عێراق دژی ئەو دەسەڵاتەن كە بیەوێت بە زەبری هێزی سەربازی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو بنەمایە دروست نەبووە كە رای گشتی لەناو عەرەبی شیعە پشتگیری لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان دەكەن، نەخێر، ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بووە، ئەگەر دەسەڵاتی شیعە نەتوانێت جۆرێك هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بپارێزێت، ئەوا بارودۆخی عێراق بە جۆرێك ئاڵۆز دەبێت كە بۆ هەتا هەتایە دەسەڵات لە دەستی شیعە نەمێنێت، ئەوجا شیعەی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری بە دەسەڵاتی عێراقەوە بكات، نایانەوێت پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگاتە ئەو ئاستەی شەڕێكی خوێناوی لەگەڵ كوردستاندا دروست بێت.
ئەگەر لەسەر بنەمای دەنگدەران و ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە تەنیا لیستی سائیرون بە بەراورد بەكۆی لیستەكانی دیكەی شیعە، لەناو عەرەبی شیعەی عێراقدا خاوەنی بنكەیەكی جەماوەریی مەدەنییە، لەمەش زیاتر موقتەدا سەدر راشكاوانە رای خۆی دەبڕیوە و كە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی دەبێت حكومەتی داهاتووی عێراق لە كەسانی تەكنوكرات پێكبهێنرێت، نەك سەركردە سیاسییەكانی ناو لایەنە سیاسییەكان، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی حكومەتی تەكنوكرات ئەزموونێكی سەركەوتووی بەرچاوی ئەوتۆی لە مێژووی حوكمڕانیی حكومەتەكانی جیهانیشدا نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو سێ كابینەیەی پێشوو كە حزبی دەعوە بەڕێوەی برد و بووە هۆكاری ئەوەی داعش لە عێراقدا سەر هەڵبدات، ئەو حكومەتە تەكنوكراتەی سەدر داوای دەكات (كە زۆر زەحمەتە دابمەزرێت) لەوانەیە بۆ ئێستای بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق لە هەر شێوازێكی دیكەی پێكهێنانی حكومەت سەركەوتووتر بێت و تا رادەیەكی زۆریش دەستێوەردانی سوپای پاسدراران و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دوور بخاتەوە.
Top