ژینۆسایدی كورد لە دووزخورماتوو دووبارەكردنەوەی تاوانەكانی بەعسە لەلایەن حەشدی شیعەوە

ژینۆسایدی كورد لە دووزخورماتوو دووبارەكردنەوەی تاوانەكانی بەعسە لەلایەن حەشدی شیعەوە
ئافرەتێكی بەساڵاچوو:
ژمارەیەك چەكداری دەمامكداری شیعە دەستدرێژییان كردە سەر كچێك، هەر بۆیە باوكی مێشكی تێكچوو، لە ئەنجامدا خۆی و كچەكەشی كوشت

پیاوێك:
حەشدی شەعبی چەندین برینداری خۆبەخشی شارەكەیان لەسەر بینایەی سایلۆی دووزخورماتوو خستە خوارەوەو ژمارەیەكی دیكەشیان بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان بەناو شاردا راكێشا


گەنجێك:
دیمەنی دەرگا شكاوو ماڵە سووتاوەكان و تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكان تراژیدیایەكەو باشترین بەڵگەیە بۆ جینۆسایدكردنی نەتەوەی كورد و ئەنجامدانی ئەنفالێكی تر


پێشنوێژی یەكێك لە مزگەوتەكانی دووزخورماتوو:
خەڵكی دووز زوڵمیان لێكراوەو حەشدی شەعبی سووكایەتی بە هەموو پیرۆزییەكانی نەتەوەو ئایینیش كردووە


تاوانەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە دووزخورماتوو كە دەرهەق بە هاووڵاتیانی مەدەنی و ئافرەت و منداڵ ئەنجامیاندا، هەموو بەها مرۆییەكانی تێپەڕاندووەو دەچێتە خانەی تاوانەكانی جەنگ و جینۆسایدی گەلی كوردەوە، تەنانەت حكومەتی عێراقیش بەرامبەر ئەم تاوانانە بێدەنگ بووەو چاوپۆشی لە سەدان حاڵەتی رفاندن و كوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر نامووس و تەقاندنەوەو سووتاندنی ماڵ و حاڵی كورد كردووە. دەركردنی دەیان هەزار ئاوارە لە دووزخورماتوو داقوق و پارێزگاكانی كەركووك و دیالە و موسڵ، هەروەها سووكایەتیكردن بە تەرمی شەهیدەكان و راكێشانیان بە پشتی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان لەلایەن حەشدی شەعبی بە وێنەو ڤیدیۆ بەڵگەنامە كۆكراوەتەوە و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ ئاگادار كراوەتەوە، بەڵام هاووڵاتیانی دووزخورماتوو، داقوق، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی داگیركراو گلەیی و رەخنەیان لەوە هەیە كە هاوكاری و بە دیكۆمێنتكردنی تاوانەكان لە ئاست گەورەیی ئەو جینۆسایدەدا نەبووە. گۆڤاری گوڵان ئاوارەكانی دووزخورماتووی بەسەر كردەوەو لە نزیكەوە شایەتحاڵەكانی دواند و بەمجۆرە باسی تراژیدیاكانی جینۆسایدی هاووڵاتیانی كوردی دووزخورماتوویان كرد.


لەكەمپی سورداش لە پارێزگای سلێمانی كە نزیكەی 300 خێزانی ئاوارەی دووزخورماتووی تێدایە، هەركەسەو چیرۆكێكی ئەو مەرگەساتە دەگێڕێتەوە كە بەسەریاندا هاتووە، بەڵام لێرەش لەترسی تەقاندنەوەی ماڵەكانیان لە دووز و رێگریكردنیان لە گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان و شاردنەوەی جینۆسایدەكە هاونیشتمانیانی دووزخورماتوو بە نهێنی و ترسەوە باس لەو تراژیدیایە دەكەن و هەندێكیان بەناوی خوازراوە قسەیان بۆمان كرد، چونكە وەك خۆیان باسیان كرد، لە ناو كەمپەكەش فشارێك كە رووبەڕوویان بووەتەوە كە وایكردووە نەتوانن بە ئازادانە قسە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بكەن.

سەرەتا هاووڵاتی ساڵح عەلی لە كەمپی سورداش باسی لە سەرەتاكانی هێرشی چەكدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شارەكەیان كردو وتی: «كاتێك كاتژمێر 1:30 شەو چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و بەهاوكاری میلیشیاتی حزبوڵای لوبنانی و پاسدارانی ئێران هێرشیان هێنایە سەر دووزخورماتوو، پێشمەرگەو هاوڵاتیانی خۆبەخشی ناو سەنتەری شارەكەو كادیرەكانی بارەگا حزبییەكانی مەڵبەندی یەكێتی و لقی پارتی شەڕیان كرد، بەڵام كاتێك لە بەرەبەیاندا هەواڵی ناپاكی و كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەناو شاردا بڵاو بووەوە، دۆخەكە زۆر گۆڕا، هەربۆیە كاتژمێر 7ی بەیانی بارەگا حزبییەكان شارەكەیان چۆڵ كردو، حەشدی شەعبی بە چەكی قورس بۆردومانی گەڕەكە كوردییەكانی كردو چەندین گوللە هاوەن بەر ماڵە كوردەكان كەوت و شەهیدو برینداری زۆری لێكەوتەوە، لەوەش ناخۆشتر ئەوە بوو كە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی چەندین برینداری خۆبەخشی شارەكەیان لەسەر بینایەی سایلۆی دووزخورماتوو خستە خوارەوەو ژمارەیەكی دیكەشیان بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان بەناو شاردا راكێشا، ئەم سووكایەتیكردنە بە بریندارو تەرمی شەهیدەكان تەنیا بۆ چاوترساندنی خەڵكی و دەركردنی تەواوی كوردەكانی شارەكە بوو.» ئەو هاووڵاتییەی دووزخورماتوو ئاماژەی بەوەش دا كە خەڵكی دووزخورماتوو خەڵكێكی شۆڕشگێڕن و لەشەڕی داعشدا هەمووی وەكو پێشمەرگە مامەڵەیان دەكردو بەرگرییان لەهەموو پێكهاتەی شیعەو سوننەو توركمانەكان كردووە، كەچی ئەوان لەگەڵ یەكەمین فرسەتدا ماڵە كوردەكانیان تەقاندەوەو تاڵانیان كرد. هەر سەبارەت بە تەقاندنەوەو سووتاندنی ماڵە كوردەكان هاونیشتمانی ئەنوەر ئەمیر وتی: «من لەم رۆژانەدا بەدوای سۆراغی گەنجێكی خزمم سەردانی دووزخورماتووم كرد، بەچاوی خۆم دیمەنی ئەو هەموو ماڵە سووتاو و تەقێندراوەم بینی كە هەرچی ئامێری تەلەفزیۆن و سەلاجەو كەلوپەلی باش هەیە، تاڵان كراوەو ئەوەی بۆیان نەبردراوە سووتاندوویانە، دیمەنی دەرگا شكاوو ماڵە سووتاوەكان و تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكان تراژیدیایەكەو باشترین بەڵگەیە بۆ جینۆسایدكردنی نەتەوەی كوردو ئەنجامدانی ئەنفالێكی تر.» ئەوەشی دووپات كردەوە كە «حەشدی شەعبی بە مەبەستی زیانگەیاندن بە كوردەكان و رێگەگرتن لە گەڕانەوەیان، هەڵساون بە سووتاندنی بازاڕی حەسەن قەوان كە بە بازاڕی كۆماری ناسراوە، تەنانەت كەلوپەلی بنكە تەندروستییەكان و قوتابخانەكانی گەڕەكە كوردەكانییان تاڵان كردووە، ئەم حاڵەتی تەقاندنەوەو سووتاندن و دزین و شكاندنی هەیكەلی شاعیرو هونەرمەندە كوردەكان و سووكایەتیكردن بەو شەهیدانەی پێشمەرگە كە رێگەیان نەدا، پێكهاتەكانی شارەكە بە شیعەو توركمانەوە لەناو ببەن، بەمجۆرە وەڵام درانەوە، كە تا ئەمڕۆش تەقاندنەوەو سووتاندنی ماڵی كورد و تاڵانكردنی دوكانە كوردەكان بەردەوامی هەیە.».

ئەوەی هاووڵاتیانی دووزخورماتووی زۆر نیگەران كردووە، بوونی چەند «خۆفرۆشێكە» كە بە شێوەی دەمامكدار لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبیدان و چاوساغییان بۆ دەكەن و ماڵی ئەو كوردانەیان بۆ ئاشكرا دەكەن كە كوڕەكانیان پێشمەرگەیەو دواتر دەیاندەقێننەوە، چەند چەكدارو هێزێكی پۆلیسی كوردیش بە بێ چەك رێگەیان داون، تەنیا سەیركەری تاوانەكانی ئەوان بن و بێدەنگ بن لەبەرامبەر دزین و كوشتنی كورد، هەربۆیە ئاوارەكانی دووزخورماتوو لێرەش لەترسی تەقاندنەوەی ماڵەكانیان ناتوانن بەئاشكرا قسە بكەن و دەڵێن فشارمان لەسەرە. لەمبارەیەوە لە كەمپی سورداش مامۆستایەكی دووزخورماتوومان دواندو رێگەی نەدا وێنەی بگرین، ئەو مامۆستایە پێی وتین كە ئەوان لێرەش فشاریان لەسەرەو نابێت باسی جینۆسایدی دووزخورماتوو بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا وتی: «ئەو خۆفرۆشانەی چاوساغی چەكدارەكانی حەشد بوون، یەك رۆژ جورئەتی ئەوەیان نییە لە دووزخورماتوو بمێننەوە، هەر لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا بوو، ماڵەكانی حەسەن سەیدو دكتۆر حەتمان و چەندین ماڵی دیكەی پێشمەرگەیان تەقاندەوە، ماڵ و دوكانەكانی كوردیان فەرهوود كردووە، كەچی ئێمە نابێت قسە بكەین و هەڵوێست وەربگرین، گەنجێكی كوردیان رفاندووەو داوای 50 هەزار دۆلار لەكەسوكاری دەكەن، لە رابردووشدا كاتێك چەكدارانی حەشدی شەعبی تاوانی دەرهەق بە كورد ئەنجام دەدا، هەر ئەم گرووپە بوون رێگەیان نەدەدا رووبەڕوویان ببینەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆخەكە تێكنەچێت، ئێستا دەركەوت كە ئەمە پێشوەختە پلانی بۆ داڕێژراوە.»

هێلین جاسم كە قوتابیەكی دووزخورماتووە دەڵێت: «ژیان لە دووزخورماتوو بوونی نییە، لە هەر گەڕەكێكدا یەك دوو پیرەژن و پیرە مێرد ماون، هەر لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ هات، كەس لە گەڕەكە كوردەكان نامێنێت و شەوانە هامەڕو ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی بە كۆڵانەكاندا دەسووڕێنەوەو دەرگاكانی ماڵە كوردەكان دەشكێنن و كەلوپەلەكانیان تاڵان دەكەن، تەنانەت شەو نییە دوو سێ ماڵی كورد نەتەقێننەوە.»
هەر سەبارەت بە تاوانەكانی حەشدی شەعبی ئافرەتێك بە تەمەن بەناوی فاتیمە روشدی باسی لەو دەستدرێژییانە كرد كە كراوەتە سەر نامووسی كوردو وتی: «چەكدارەكانی حەشدی شەعبی دەستدرێژییان كردۆتە سەر چەندین ئافرەتی كورد كە لەو شارەدا ماوەنەتەوە، دواهەمینیان خێزانێكی دووزخورماتوو بوو، پیاوەكە بەرگەی ئەو تاوانەی نەكرد كەلەبەر چاویدا ژمارەیەك چەكداری دەمامكداری شیعە دەستدرێژییان كردە سەر كچەكەی، هەر بۆیە ئەو باوكە مێشكی تێكچوو، لە ئەنجامدا خۆی و كچەكەشی كوشت، نەك هەر ئەمە، من بەچاوی خۆم لەكاتی هەڵهاتنەكەدا، خێزانێكم بینی كە لەسەرمادا منداڵە ساواكەیان گیانی لەدەست دا، ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات هۆلاكۆ و تەتەریش نەیكردووە.».
عەبدوڵا دوزی، یەكێكە لەو هەزاران ئاوارەیەی خورماتوو كە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە دەڵێت: «ئەوەی لە دووز دەگوزەرێت، ئەنفالێكی رەشی ترە دژی كورد و تەعریبێكی شیعەیە دژی هاووڵاتیانی كورد لەم ناوچانەدا ئەنجام دەدرێت، لەم تاوانەشدا سوپای عێراق بەشدارەو بگرە پاڵپشتی و هاوكاری چەتەكانی حەشد دەكەن و جلوبەرگی هێزەكانی سوادیان داونەتێ، تاوەكو بە ئارەزووی خۆیان لەناو شارو گەڕەكە كوردییەكان بسووڕێنەوەو تاوان ئەنجام بدەن، هەربۆیە نابێت كورد لەم تاوانە دڕندانەیە بێدەنگ بێت.»

لە میانەی بەسەركردنەوەی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكانی دووزخورماتوو گوێبستی بەسەرهاتی زۆر بووین و باسی ئەوەیان دەكرد كە بە هاناوەچوونەكان بەپێی پێویست و لەئاست گەورەیی نەهامەتییەكەدا نەبووە و هاوكاری و یارمەتی نەگەیەندراوەتە هەموو ئاوارەكان، سەبارەت بە دۆخی ئاوارەكان كە پەرش و بڵاوبوونەتەوە و 300 خێزانیان لەكەمپی سورداشن و 150 خێزانی دیكە لە كەمپی بەرزنجەن و ئەوانی دیكە لە ناحیەكانی سموود و دەوروبەری كەلار و كفری و چەمچەماڵ و بازیان و سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری كەركووك نیشتەجێبوون، ئەمە وێڕای بڵاوبوونەوەیان بە سەر زیاتر لە 17 گوندی ناوچەكەدا لەوانە گوندەكانی (عەرەب ئاغاو وارتێ و یان غاز و گەرمك و گومەتەبوور و چاڵە دوانەو ئاوایی چەچان و چەندین گوندی تری ناوچەكانی كفری و كەلار و سەنگاو و قادركەرەم) كە لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان. لەم بارەیەوە مامۆستایەكی ئایینی بەناوی مەلا عەلی كە پێشنوێژی یەكێك لەمزگەوتەكانی دووزخورماتوو بووە، داوای هاوكاری و كۆمەكی زیاتری بۆ ئاوارەكان كردو وتی: «خەڵكی دووز زوڵمیان لێكراوەو حەشدی شەعبی سووكایەتی بە هەموو پیرۆزییەكانی نەتەوەو ئایینیش كردووە، ئەوەتا لەسەر مزگەوتەكانمان ئاڵای شیعەیان هەڵواسیوەو گەنجەكانمانیان كوشت و ماڵ و حاڵمانیان تاڵان كرد، هەرگیز میللەتی كوردم وا بە بێ دەسەڵات نەبینیوە، لە ساڵی 1991 تەنیا بە حەوت پێشمەرگە و ژمارەیەك خۆبەخش ئەم شارە ئازاد كرا، كەچی ئەوان هاتن و بە پێی پیلانێك و بە 24 كاتژمێر شارەكەیان دا بەدەستەوە، رەفتارە وەحشییەكانی حەشد و پەراوێزخستنی نەهامەتی خەڵكی دووز ئازارێكی زۆری داوین، تەنیا چارەسەریش ئەوەیە هەرچی زووە كار بكرێت بۆ دەركردنی حەشدی شەعبی لە شارەكەدا و هێزێكی پێشمەرگە جێگیر بكرێت، تاوەكو زامنی پاراستنی سەرو ماڵی خەڵك بكرێت و بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئێستا چۆن زامنی سەلامەتی منداڵ و خێزانەكانمان بین، لەكاتێكدا شار پڕ بووە لە چەتە و دز و پیاوكوژ؟ خەڵك چۆن لە ژێردەستەیی و ئیهانەكردندا ژیان دەباتە سەر؟» وتیشی: «خەڵكی دووز سواڵكەر نییە، خەڵكێكی تێرو نیشتمانپەروەرەو لە هەموو نەهامەتییەكانی گەلەكەماندا دەستی هاوكاری و یارمەتییان پێشكەش كردووە، خاوەنی سەدان شەهید و قارەمانن، هەربۆیە نابێت كورد رێگا بدات جینۆسایدی دووزخورماتوو وا بە بێدەنگی و بێهەڵوێستی بۆ هێزە چەكدارەكانی حەشد بچێتە سەر.»


هەر سەبارەت بەو گەڕەك و ناوچە كوردییانەی كە كۆمەڵكوژی و حاڵەتی تەقاندنەوەو سووتانی ماڵەكانی تێدا رووی داوە، هاووڵاتی حوسێن ساڵح وتی: «هەردوو گەڕەكی كۆماری و رزگاری زۆرترین تاوانی تێدا رووی داوە، زیاتر لە 1000 ماڵی كورد تەقێنراوەتەوەو 2000 ماڵی تر تاڵان كراوەو 300 ماڵیش سووتێنراوە، ئەمە جگە لە سووتانی بازاڕی كۆماری كە بازاڕێكی تایبەتە بەكورد، لەدوای ئەوەی لە بازاڕەكەی تر حەشدی شەعبی دوكانەكانی كوردیان دەدزی و دەیانسووتاند، كوردەكان ئەم بازاڕەیان بۆ خۆیان دروستكرد، ئەمڕۆ هەمووی تاڵان كران و سووتێنران، ئەمە جگە لە قوتابخانەكان و بارەگا حزبییەكان كە ئەوەی نەتەقێنراوەتەوە و نەسووتێنراوە، كراوەتە بنكەی چەكدارانی حەشدی شەعبی.»
Top