راپۆرتەكەی ئۆلبرایت – هادلی لاساییكردنەوەی پلانی مارشاڵ نییە
December 8, 2016
راپۆرتەکان
لێرەوە دەكرێت بڵێین: ئەم راپۆرتە كە زۆر نزیكە ببێتە بەشێك لەستراتیژیەتی تازەی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵێكە بۆ ئەوانەی حەزیان لە ماسی گرتنەو بۆ ئەوەی فێری ماسی گرتن ببن، نەك چاوەڕێی ئەوە بن ئەمریكا ماسییان بەدیاری بۆ بنێرێت، لەمەش زیاتر هەندێك كێشەوگرفت هەیە لەدەوڵەت و حكومەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە لەهەموو وڵاتەكاندا بەئاستی هاوشێوە بوونی هەیە، ئەویش نەبوونی كاری شایستەیە بۆ دەرچووانی زانكۆ، ئەم راپۆرتە ئاماژە بەوە دەكات، 73%ی دەرچووانی زانكۆ لەدەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو كارەی دەیكەن، شایستەی ئەوان نییە، هەروەها 75%ی دەرچووانی زانكۆ گوتوویانە گەورەترین تەحەددا لەبەردەمیان دۆزینەوەی كارە، ئەمە بێجگە لەوەی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە 30%ی تەمەنیان لەنێوان 15 – 24 ساڵانەو بەشی هەرە زۆریان بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن، ئەم تەحەددییانەش باشترین ژینگە دروست دەكەن بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی و هەروەها پێوەندیكردن بە چەكدارانی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكەوە.
ئەم دیاردەیە وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو پرسیارەی كە هەندێك جار گوێبیستی دەبین و دەڵێت: فڵانە كەس دەرچووی فڵان كۆلێژەو لە ریزی چەكدارانی داعش، یان فڵان گروپی تیرۆریستیدایە، دەبێت هۆكارەكەی چی بێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر جار بەو شێوەیە دراوەتەوە كە ئەمە كاریگەری فیكری توندڕۆیی سەلەفی جیهادییە، بەڵام ئەم راپۆرتە دەڵێت: كاتێك نەتوانرێت حوكمڕانییەكی باش بەڕێوەببرێت و نەتوانرا وەڵامی خواستی هاووڵاتییان بدرێتەوە، ئەوا ئەو خەڵكە، یان روودەكەنە سەر شەقامەكان، یان پێوەندی بە تیرۆریستانی داعش و هاوشێوەی ئەوانەوە دەكەن، بەڵام لەهەمانكاتدا ئەم راپۆرتە هێزی دەرەكیش لەبەرپرسیاریەتی دەرناكات و جەخت دەكاتەوە زۆرجاران وەڵامدانەوەی خواستی هاووڵاتییان لەئیمكانیەتی ئەو حكومەتانە قورسترە، بۆیە ئەگەر سەركردەیەك، یان حكومەتێك نییەت و ئیرادەی ئەوەی هەبێت گەلەكەی بەختەوەر بكات، ئەوا دەبێت ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری بكات و پشتگیری ئەو حكومەتە بكات.