لە گوتاری فیقهی سەلەفیدا پرسی بە كۆیلەكردن و سەبایا هەیە لەم سەردەمەدا شەرم لە باسكردنی دەكرێت

لە گوتاری فیقهی سەلەفیدا پرسی بە كۆیلەكردن و سەبایا هەیە لەم سەردەمەدا شەرم لە باسكردنی دەكرێت
پڕۆفیسۆر حەسەن حەنەفی ئێستا تەمەنی 80 ساڵە و جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی فەلەسەفی عەرەبی و سكرتێری گشتی كۆمەڵەی فەلسەفەی میسرییە، لە زانكۆی سۆربۆنی فەرەنسی دكتۆرای لە فەلەسەفە وەرگرتووە و بۆ ماوەی 48 ساڵ لە زانكۆ جیاوازەكانی میسر ئوستادی فەلەسەفە بووە، ئێستاش ئوستادێكی موتەفەریغە لە زانكۆی قاهیرە. پڕۆفیسۆر حەنەفی یەكێكە لەو بیرمەندانەی كە بە دامەزرێنەری تەیاری چەپی ئیسلامی سیاسیی ناسراوە، هەر بۆیە لەلایەن ئیخوان موسلمینی میسرەوە بە عەلەمانی لە قەڵەمدەدرێت و لەلایەن عەلمانییەكانیشەوە وەك ئیخوان موسلمین سەیر دەكرێت، بەڵام پڕۆفیسۆر حەنەفی نە ئیخوانە و نە عەلمانی، بەڵكو ئەوەی ئەو هەوڵی بۆ دەدات دامەزراندنی بناغەیەكە بۆ خوێندنەوەی ئایین بە شێوەیەكی فەلەسەفی، یان دووبارە خوێندنەوەی ئیسلام لە روانگەیەكی فەلسەفییەوە. پڕۆفیسۆر حەسەن حەنەفی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2014 و لە كۆنگرەی دووەمی باوەڕدارانی بێسنوور (مؤمنون بلا حدود) لە شاری مەراكش لە مەغریب، موحازەرەیەكی سەبارەت بە نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی ئیسلامی پێشكەش كرد، بەسوود وەرگرتن لەو موحازەرەیە ئەم بابەتە ئامادەكراوە.

نوێكردنەوەی گوتاری ئیسلامی مانای چییە؟
پڕۆفیسۆر حەنەفی وەك بیرمەندێك سەرەتای موحازەرەكەی بە چەند پرسیارێك دەست پێدەكات و دەپرسێت: نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی مانای چییە؟ لە كاتێكدا چەمكی نوێكردنەوە لە قورئان و سوننەت بوونی نییە، بەڵكو ئەم چەمكە لەناو فیكری هاوچەرخی عەرەب بڵاوە و لەوانەیە وەرگێڕانی وشەی مۆدیرنە بێت، بەڵام ئێمە ئەوەی پێی ئاشناین چەمكی چاكسازییە لە زمان و مانای بزاڤە كۆمەڵایەتییەكان و.. هتد، سەبارەت بە چەمكی گوتاریش ئەمە لە قورئاندا هاتووە: (إِنَّ هَذَا أَخِي لَهُ تِسْعٌ وَتِسْعُونَ نَعْجَةً وَلِيَ نَعْجَةٌ وَاحِدَةٌ فَقَالَ أَكْفِلْنِيهَا، وَعَزَّنِي فِي الْخِطَابِ)، ئەوەی باوە گوتار نییە، بەڵكو ئەوەی باوە قسەیە بەمانای (القول)، ئەمەش لەو كاتەوەی (ئیبن رشد) «قەولی جددی، قەولی خیتابی، قەولی بورهانی» بەكارهێناوە، هەتا (ئەمین خور)یش باس لە هونەری قەول دەكات.
بۆیە كاتێك ئێمە گوتار بەكار دەهێنین، ئەوا لە ناخماندا هەست دەكەین چەمێكی بیانی بە مانای گوتار (Discourse) بەكار دەهێنین، بەڵام پرسی لەمە قورستر ئەوەیە: ئایا مانای گوتاری ئایینی چی دەگەیەنێت؟ ئایا مەبەست لە گوتاری ئایینی قورئان و سوننەتە؟ ئەم پرسیارە پرسیارێكی دیكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت: ئایا زمانی قورئان و سوننەت نوێ دەكرێتەوە؟ یان مەبەستمان لە گوتاری ئایینی ئەوەیە بوارەكانی توراسی ئیسلامی، زانستی ئیسلامی، كەلام و فەلسەفە، سۆفیگەرایی و فیقهی ئیسلامی و.. تاد دەگرێتەوە؟.
دیسان ئەگەر هەر سەبارەت بە ئامانج لە نوێكردنەوە بپرسین، دەبێ بەدوای ئەو وەڵامەدا بگەڕێین كە ئایا ئەم نوێكردنەوەیە بۆ كێ دەكەین؟ ئایا مەبەستمان ئەوەیە دەستەبژێر لێی سوودمەند بێت، بۆ ئەوەی زیاتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ توراس بكەن؟ ئایا مەبەستمانە چینی ناوەند سوودی لێ وەربگرێت، بۆ ئەوەی ئەم چینە كە لەگەڵ دەسەڵات مامەڵە دەكات زیاتر كاریگەرییان لەسەر خەڵكی هەبێت، یان مەبەستمانە ئەم نوێكردنەوەیە بۆ هەموو خەڵك و گەل بێت بەگشتی، بۆ ئەوەی كاریگەرییان زیاتر بێت؟
كەواتە ئەوەی حەسەن حەنەفی لەسەرەتا جەختی لەسەر دەكاتەوە، دەستنیشانكردنی ئامانجەكانە لە نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی، بەڵام بۆ ئەم كارە دەكەین؟ ئایا بۆ ئەوەیە بە نوێكردنەوەی زمانی گوتار، ئایینی ئیسلام زیاتر لەناو خەڵكدا پەسەند بكرێت؟ ئایا بۆ ئەوەیە وایلێبكرێت ئاسانتر و باشتر بەكاربهێندرێت، یان لە ئیسلام دابڕاوین و چیتر نامانەوێت زمانە كۆنەكە بەكاربهێنینەوە؟
ئەو بنەما گرنگەی
گوتاری ئایینی لەسەر نوێدەكرێتەوە
نوێكردنەوەی هەر گوتارێك پێویستی بە بنەمایەك هەیە بۆ ئەوەی بەرنامەی لەسەر دابنرێت و كاری جددی لەسەر بكرێت، لە فیكری حەسەن حەنەفیدا ئەو بنەمایە بریتییە لە دۆزینەوەی (پەیوەندییەكی جیاكاری لە نێوان شێوەی زاراوەكە و ماناكەی)، ئەو جا ئێمە ئەم بنەمایە پەسەندی بكەین، یان رەتی بكەینەوە، نوێكردنەوە لەسەر ئەو بنەمایە دەست پێدەكات، ئەمەش بەو مانایەی شێوازی دەربڕین (اللفظ) توخمێكی گۆڕاوە و ماناكەی نەگۆڕە، هەروەك پەیوەندی نێوان خودا و جیهان، جیهان دەگۆڕێت، بەڵام خودا ناگۆڕێت، وەك پەیوەندی نێوان خود (النفس) و لاشە، دیارە لاشە دەگۆڕێت، بەڵام خود نەگۆڕە، ئەم دوالیزمەش كە لە زماندا دەردەكەوێت كۆنە، بەڵام تیۆری دیكەش سەبارەت بە زمان هەیە، كە پێڕەوی لەم دوالیزمە ناكات، ئەو تیۆرە وای دەبینێت، كاتێك شێوازی دەربڕین دەگۆڕێت، ماناكەشی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، یان كاتێك ماناكەی دەگۆڕێت، شێوازی دەربڕینەكەی فەرز دەبێت، بۆیە بەپێی ئەم میتۆدە پێویستمان بە نوێكردنەوەی دەربڕینە كۆنەكە نییە، یان كاتێك مەبەستەكان (مەقاسد) دەگۆڕێت، ئەوا شێوازی دەربڕین و ماناكەشی دەگۆڕێت.

لە ئێستادا زانستی زمانەوانی هاوچەرخیش هەیە، ئەو زمانی دەربڕین و مانا بە زمانێكی كۆن دەزانێت، لە ئێستا زمان بۆتە زمانی ئاماژە و عەلامە، هەر بۆ نموونە جەستە زمانی خۆی هەیە، مریەم زمانی ئاماژەی بەكارهێناوە، لە قورئانیشدا زمانی ئاماژە زۆر بەكارهاتووە، بۆیە ئەگەر دوالیزمی دەربڕین و مانا پەسەند نەكەین، ناتوانین باس لە نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی بكەین.
لەم چوارچێوەیەدا پڕۆفیسۆر حەنەفی دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی بەپێی بنەماكانی زمانی عەرەبی، ئەو راشكاوانە دەست دەخاتە سەر ئەو بنەمایەی كە لە زمانی عەرەبیدا هەموو لایەك لەسەر ئەوە رێككەوتن، بەوەی هەموو دەربڕینێكی وشە سێ مانای هەیە كە بریتین لە:
1. تێگەیشتن لە مانای وشە و دۆزینەوەی مانا: لەم بنەمایەدا مانای وشە گرێدەدرێتەوە بە بنەچە هەستیارەكەیەوە( الحسی).
2. وشەكە بۆچی بەكار دەهێندرێت؟ ئەم بنەمایە دەربڕینی وشە گرێدەداتەوە بە مانای تازە، ئەمەش وەك فەلسەفە و ئایین و ئایدیۆلۆژیا، كە وشە مانایەكی تازە وەردەگرێت.
3. مانای عورفی و بەكارهێنانی رۆژانە: ئەمەش بەكارهێنانی شێوازی دەربڕینی وشەیە لە زمانی رۆژانەی خەڵكدا بەگشتی.
بۆیە بەشێوەیەكی سروشتی دەربڕین دەگۆڕێت، لەوانەیە ئەو مانایەی لێی دەردەهێندرێت، نەگۆڕێت، یان مانای بەكارهێنراوی نەگۆڕێت، بەڵام عورف و شێوازی بەكارهێنانی رۆژانە بگۆڕێت، قۆناخی مێژووی دەگۆڕێت، زمانی عەرەبیش لقێكی زمانەكانی (سامی)یە، زۆر لە زاراوە ئایینی و باوەڕداری و شەرعییەكان كە لەناو زمانی عەرەبی هەیە، لە زمانەكانی (ئارامی و حەبەشی)یش بوونی هەیە، هەر بۆیە كاتێك كتێبەكانی بوخاری كە فەرموودەكانی كۆكردۆتەوە دەخوێنینەوە، دەتوانین وشەی حەبەشی لە فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) ببینین كە بەكاریهێناون، ئەمەش مانای ئەوەیە لەناو زمانی عەرەبیدا وشەی بیانی زۆر هەیە، هەر بۆ نموونە، سیرات وشەیەكی لاتینییە، بۆیە كاتێك باسی نوێكردنەوە دەكەین، نوێكردنەوە واتە قبووڵكردنی وشە وەرگیراوەكان.
چ كاتێك نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی دەبێتە پێویستی؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پرسیارێكی دیكە دەورووژێنێت، ئایا ئەو هۆكارانە چین كە ناچارمان دەكات بیر لە نوێكردنەوە بكەینەوە؟ لەوانەیە گرنگترین هۆكار كە وامان لێدەكات لە كۆمەڵگەی ئیسلامیدا بیر لە نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی بكەینەوە، ئەو زمانە بێت كە مامۆستایانی ئایینی لەسەر مینبەرەكان و بانگخوازە دەعواییەكان لە كۆڕ و كۆبوونەوەكانیاندا قسەی پێدەكەن، لەبەر ئەوەی مامۆستایانی سەر مینبەر و بانگخوازە دەعواییەكان تێكەڵاوی سەردەمی هاوچەرخ نەبن و وشەكانی ئەم سەردەمە هاوچەرخە بەكار نەهێنن، ئەویش زمانی كۆنە، واتە زمانی (كەلام و عەقائید). حەسەن حەنەفی لە موحازەرەكەیدا دەپرسێت: ئایا ئەو وشانە كە رۆژانە بەكاری دەهێنین چ كاریگەرییەكی لەسەر ئەقڵمان دەبێت؟ بۆیە دەبێت ئەو وشانە بەپێی ئێستا مانای بۆ بدۆزرێتەوە، هەر بۆ نموونە: محەمەد ئەرەگۆن سەبارەت بە گۆڕینی مانای وشە لە زمانی كۆندا دەڵێت: قەتیبە دینوری لە سەدەی سێیەمی كۆچیدا كتێبی (ادب الكاتب)ی نووسیوە، ئایا لەسەدەی سێی كۆچیدا وشەی (ئەدەب)ی بە چ مانایەك بەكار هێناوە؟ ئەو دەڵێت بەمانای هەموو ئەو زانستانەی كە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە، وەك زانستەكانی كیمیا و فیزیا و پزیشكی و گەردوونناسی و ...تاد، بۆیە دەپرسێت: لە ئێستا وشەی (ئەدەب) چی دەگرێتەوە؟ بێگومان تەنها شیعر و چیرۆك و رۆمان، بۆیە ئەم پرسیارە رووبەڕووی هەموو عەرەب دەكاتەوە و دەڵێت: ئایا دەتوانم ئەو وشەی (ئەدەب)ـەی قەتیبە دینوری كە لە سەدەی سێی كۆچی بەكارهێناوە، منیش ئێستا بە هەمان مانای بەكاری بهێنم؟ بێگومان نەخێر، بۆیە ناچار بووم بگەڕێمەوە وشەیەكی بۆ دروستبكەم كە ئەو مانایە بدات بەدەستەوە، ئەویش وشەی (الانسان)ـە بە مانای مرۆڤبوون، یان هیومانیزم.
حەسەن حەنەفی باسی هەندێك وشە دەكات كە لە هەردوو كتێبی (الام)ی ئیمام شافعی و (موطأ)ی ئیمامی مالك هەن، لەوانە وشەی كۆیلایەتی (الرق) و دەڵێت: لە هەردوو كتێبەكە بەشێك بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆیلە و بەشێك بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ سەبایا و دەسكەوتنی شەڕ هەیە، ئەمانە نەك هی خوێندنەوە نین، بەڵكو مرۆڤ لە ئێستادا شەرم دەكات باسیان بكات، ئەوەشی جێگەی داخ و نیگەرانییە لە كتێبخانەی هەموو مزگەوتەكان و لە جانتای هەر بانگخوازێكدا ئەم دوو كتێبە بوونی هەیە، بەڵام كتێبی (ئەلشیفای ئیبن سینا) بوونی نییە.
نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی
لە نێوان سۆفی و سەلەفیدا
گوتاری ئایینی لە ناو خەڵك بەشێوەیەكی گشتی بریتییە لە گوتاری سۆفی كە بریتییە لە ئەحوال و مەقامات، لە سۆفیگەرایی ئەحوال و مەقامات بریتییە لە قۆناغ، یان پلە، كە ئاماژەیە بۆ پێشكەوتن، یان هەڵكشانی رۆحی، ئەمەش بە پشت بەستن بە دەقی قورئانی بەوەی دەبێت بوونی مرۆڤایەتی بەردەوام لە هەڵكشاندا بێت، ئینجا ئەم هەڵكشانە هەندێكیان مۆركێكی خودی هەیە كە ئەوە ئەحوالە، هەندێكیشیان مۆركی بابەتییانەی هەیە كە پێی دەڵێن: مەقامات، بۆیە ئەحوال بریتییە لەو پلە خودییانەی هەڵكشانی رۆحی كە خۆی لە شێوازی هەڵچوون و مەعریفی دەبینێتەوە و سەرەنجام وەك پابەندبوونی مرۆڤ بە چەند بنەمایەكەوە كە مرۆڤ سنووربەند دەكات، ویژدان و بیركردنەوەی خۆی لەسەر رێكدەخات، بەڵام مەقامات بریتییە لە پلە بابەتییەكان كە پەیوەندیدارە بە شێوازی ئاكارەوە و پابەندبوونی مرۆڤە بە چەند بنەمایەوە كە دیاری دەكات مرۆڤ ئاكاری خۆی لە سەری رێكبخات. لەبەرامبەردا گوتاری سەلەفی گوتارێكی فیقهییە و هەریەك لەم دوو گوتارە وەك پڕۆفیسۆر حەسەن حەنەفی پۆڵێنی كردووە، پشت بە كۆمەڵێك چەمك دەبەستن:
گوتاری سۆفیگەرایی
پێڕەوانی سۆفیگەرایی خۆیان وەك (سەلەفیی ساڵح) پێناسە دەكەن، لەم پێڕەوەدا مرۆڤ لە خودی خۆیەوە دەست بە چاكسازی دەكات، بەمەش پێشكەوتنێكی رۆحی تێدا دروست دەبێت خودی خۆی پابەند دەكات بە كۆمەڵێك بنەماوە بۆ ئەوەی ویژدان و بیركردنەوەی لەسەر رێكبخات، لەبەرامبەر مامەڵەكردنی لەگەڵ خەڵكیش ئاكاری خۆی لەسەر كۆمەڵێك بنەما رێكدەخات، بۆیە سۆفییەكان بەشی زۆریان وەك خەڵكێكی ئارام و گۆشەگیر و خاوەن رەفتاری جوان دەردەكەون، بۆ ئەمەش لە سۆفیگەرایی چەند بنەمایەك هەیە وەك (ئارامگرتن، پشتبەستن- التوكل- رازیبوون، فەنابوون). پڕۆفیسۆر حەنەفی لە شیكاری بۆ ئەم چەمكانە دەپرسێت: ئایا دەتوانین شێوازێكی دیكەی گوتار بەرهەمبهێنین؟ هەر بۆ نموونە كاتێك لە گوتاری سۆفیگەرایی داوادەكات ئارام بگرین، باشە پرسیار ئەوەیە بۆچی ئارام بگرین، یان بۆچی سەبر بكەین؟ ئەو دەڵێت: كاتێك لە شەستەكانی سەدەی رابردوو ئێمە لە زانكۆ بووین خۆپیشاندانمان دەكرد و دروشمەكەمان ئەوە بوو: (ئەی جەمال عەبدولناسر سەبر حدوودی خۆی هەیە)، (ئوم كەلسوم)یش گۆرانییەكی هەیە بە ناونیشانی (سەبر حدوودی هەیە)، بۆیە هەندێك جار ناتوانین سەبر بگرین، ئەگەر سەبر بگرین، لەوانەیە بارودۆخەكەمان خراپتر بێت، بۆیە ئەگەر پابەندبین بە سەبرگرتنەوە، ئەوە ناتوانین شۆڕش و گۆڕانكاری بكەین، سەبارەت بە چەمكی ( پشت بەستن –التوكل) دیارە لە سۆفیگەرایی مەبەست (التوكل علی اللە)یە، بەڵام ئێستا لە كۆمەڵگەی عەرەبی ئەم (التوكل علی اللە)یە گۆڕاوە بۆ پشت بەستن بە وڵات و دامەزراوەی دیكە، بۆیە دەپرسێت: ئێمە ئێستا پشت بە كێ ببەستین، بە ئەمریكا، یان دەوڵەتانی دیكە؟ ئەمەش لە ئێستادا ئەگەر پیادە بكرێت ئەوا لە ناو دەوڵەتانی عەرەبی پشت بەستن بە خوا بۆتە پشت بەستن بە هاوكارییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكە، لایەنێكی دیكە كە سۆفیگەرایی داوای دەكات ئەوەیە مرۆڤ بە (بەشی خۆی رازی بێت)، بەڵام ئەم بەشەی كە مرۆڤ لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەری دەكەوێت، بەشێكی نادادپەروەرانەیە، بۆیە مرۆڤەكان بەردەوام تووڕەن و قەت رازی نابن، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەم واقیعە بگۆڕین، دەبێت چاكسازی و گۆڕانكاری بكەین بۆ ئەوەی دادپەروەری فەراهەم بكەین، ئەگەر رازی بین، دادپەروەری بوونی نابێت و هەنگاوی بۆ هەڵناگیرێت، چەمكێكی دیكە فەنابوونە، كە دەرچوونە لەم دنیایە و گەیشتنە بە جیهانی رۆحی، ئەگەر ئێمە لەم قۆناخە پەنا بۆ فەنابوون ببەین و لەم جیهان و بارودۆخە بێئاگا بین چۆن گۆڕانكاریمان پێدەكرێت، چەمكێكی دیكە ترسە (الخوف من اللە)، بەڵام لە ئێستا ئەوانەی هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەكەن، لە خوا ناترسن، تۆ كاتێك ئەم ترسە دەگوازیتەوە بۆ ئاكار، ترس لە شتی دیكەش دروست دەبێت، بۆیە لەم قۆناخە هیندەی پێویستمان بەوەیە ئازا بین بۆ رووبەڕووبوونەوە، هێندە پێویستمان بە ترس نییە.
لەم چوارچێوەیەدا كاتێك ئەم بارودۆخەی ئێستای وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەبینین كە هەڕەشە و تەحەدییەكان هەڕەشەی مان و نەمان دەكەن، وەك ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان داعش بەرامبەر هەر تاكێكی كوردستان بە بێ جیاوازی ئایین و نەتەوەوە دەیكات، ئەوا ئەوەی لە گوتاری سۆفیگەریدا هەیە، راستە بەهایەكی بەرزی هەیە، بەڵام ئەم بەها بەرزانە بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی هاوشێوەی داعش نابن كە لە ژێر پەردەی ئایینی ئیسلام و بە گوتارێكی فقهی سەلەفییەوە ئەو هەموو كارە نائەخلاقی و نامرۆڤانەیە ئەنجامدەدەن، بۆیە لە كاتی وادا كۆمەڵگە ناچار دەبێت بۆ نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی و بەگژداچوونەوەی ئەو تیرۆریستانە هەنگاو بنێت، وا پێویست دەكات سەبر كۆتایی بێت، بەپشت بەستن بەخوا و ئیرادەی گەلی كوردستان چۆن هەتا ئێستا تێكشكێندراون، زیاتر تێكبشكێندرێن و زیاتر لە كوردستان دووربخرێنەوە، لەهەمانكاتدا نابێت بەو واقیعە رازی بین كە ئەوان دەیانەوێت بەسەر مرۆڤایەتی و گەلی كوردستاندا فەرزی بكەن، بۆ ئەمەش نابێت لەم بارودۆخەدا كە هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە كەوتۆتە سەر خاك و نەتەوە و گەلەكەمان نائومێد بین و بترسین، بەڵكو پێویستە هەموو هەوڵی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی لە هەموو بەرەكانی شەڕ و بەرەی ناوخۆ، بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆریستان و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەموومان یەكڕیز و یەكدەنگ بین و جوامێرانە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین. لە ئێستادا گرنگە زانایانی ئیسلامی و مامۆستایانی كۆلێژەكانی شەریعە و بیرمەندانی ئیسلامی لە كوردستان رۆڵێ گەورە بگێڕن و لە هەمانكاتدا ئەركی سەرەكیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە رێگە نەدات لە چوارچێوەی ئازادیی رادەربڕیندا تۆی توندڕۆیی ئایینی و بەرهەمهێنانی فیكری تیرۆریستی بەردەوامی هەبێت.

گوتاری سەلەفی فیقهی
بیرمەندی گەورەی عەرەب محەمەد عابد جابری سەبارەت بە شارستانیەتی عەرەبی دەڵێت: شارستانیەتی عەرەب شارستانیەتی فیقهی ئیسلامییە، هەروەها بیرمەندی گەورەی فارس عەبدولكەریم سروش دەڵێت: فیقهی ئیسلامی قسەی فوقەهایە و دوای سەردەمی پێغەمبەر(د.خ) و خەلافەتی راشیدین دروست بووە، واتە بە نزیكەی سەد ساڵێك دوای ئەوەی ئیسلام قۆناغی بونیادنانی ناسنامە تەواو دەكات، ئوممەی ئیسلامی بە تەواوەتی دەردەكەوێت و ئیسلام فراوان دەبێت و شێوازی دەوڵەت، یان ئیمپراتۆریەت وەردەگرێت، بۆیە بۆ رێكخستنی كاری دەوڵەت، یان ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی فوقەهای ئیسلام، فیقهی ئیسلامیان لەسەر بنەمای قورئان و سوننەت داڕشتووە و بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخە تەفسیری ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ)یان كردووە، كەواتە فیقهی ئیسلامی تێگەیشتنی فوقەهایە، فیقهیش یاسایەكە بەرهەمی تێگەیشتنی خەڵكانی زیاتر لە 1300 ساڵ لەمەوبەرە، سەبارەت بەم لایەنە د.محەمەد شەریف سەرۆكی كۆڕبەندی فیكری ئیسلامی لە كوردستان لە وتارێكیدا بۆ گوڵان كە لە ژمارەی 1009ی رۆژی 12ی كانوونی دووەمی 2015 بڵاوكراوەتەوە، راشكاوانە سەبارەت بەم لایەنە ئاماژەی بەوە كردووە گوتاری سەلەفی، گوتاری فیقهی ئیسلامییە، بەڵام ئیشكالیەتی ئەم فیقهە ئەوەیە كە ئەوان بانگەشەی ئەوە دەكەن لەسەر قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) كاردەكەن، بەڵام سەلەفییەكان لە راستیدا هەندێك فەرموودە دەكەن بە بنەما كە سەلمێندراوە فەرموودەی پێغەمبەر(د.خ) نین، بەڵام لە كتێبی فەرموودەكان هەرماون و بەدەق نووسیویەتی: (سەلەفییەكان لەسەر رووكەش دەڕۆن و بە قووڵی دەق تەئویل ناكەن، بۆیە سەلەفی ئەگەر بە مانای پەیڕەوكردنی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) بانگەشە بكەن، ئەوا لە باری واقیعیدا لە قورئانیشیان لاداوە و تەنها لەسەر فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) دەڕۆن، فەرموودەكانی پێغەمبەریش (د.خ) كێشەی لەسەر هەیە، لەبەر ئەوەی لە ماوەی 1000 ساڵی خەلافەتی ئومەوی تا ئێستا، كۆمەڵێك خەڵك هاتوون بۆ بەرژەوەندی سیاسی، پلەی كۆمەڵایەتی، پلەیان لە ناوهۆزی خۆیاندا، كۆمەڵێك فەرموودەیان بە ناوی فەرموودەی پێغەمبەر(د.خ) دروستكردووە، سەلمێندراویشە ئەوانە فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) نین، بەڵام لە كتێبی فەرموودەكان هەرماون و هەتا ئێستاش كاری پێدەكرێت، هەر بۆ نموونە لەسەردەمی ئومەوییەكان، لەبەر ئەوەی لە مەككە و مەدینە زوبیدەكان كەیفیان بە مەعاویە نەدەهات، ئومەوییەكان بڵاویان كردەوە بەوەی گوایە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی ئایین لە شامە و لە هیچ شوێنێك ئایین نەمێنێت، لەشام هەر دەمێنیت، ئێستا (داعش)ـەكانیش وادەڵێن. دیارە دوای 200-250 ساڵ هەستیان بەمە كرد و هەوڵیاندا فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ) كۆبكەنەوە، لەگەڵ ئەوەی كۆكراوەتەوە، بەڵام كۆمەڵێك فەرموودەی نادروستی تێكەڵ بووە، بۆیە هەندێك لە فەرموودەكان یەكتری ناگرنەوە و لەگەڵ سەردەمیش ناگونجێن، بەڵام بەداخەوە ئەو فەرموودانە ماون و دەشخوێندرێن، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی دروستكردووە و ژینگەی بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی لە ئیسلامدا رەخساندووە). ئەمەش سەرۆكی كۆڕبەندی فیكری ئیسلامی كوردستان رەتیدەكاتەوە، بە هەمان شێوە پڕۆفیسۆر حەسەن حەنەفی سكرتیری گشتی كۆمەڵەی فەلسەفەی میسریش رەتیدەكاتەوە و لە موحازەرەكەیدا دەڵێت: «گوتاری فیقهی سەلەفی لە رێگەی مزگەوتەكانەوە گەورەترین كاریگەری لەسەر تەواوی خەڵك هەیە، لەبەر ئەوەی لە كتێبخانەكانی هەر مزگەوتێك كتێبی ئومی ئیمای شافعی و موتئەی ئیمامی مالك بوونی هەیە و هەموو ئەو شتانەشی ئەمڕۆ تیرۆریستان ئەنجامی دەدەن، لەو كتیبانە بوونی هەیە، هەروەها گوتاری بانگخوازە دەعاوییەكانیش دیسان گوتارێكی فیقهییە، ئەوانیش لە قوژبن و هەندێك شوێندا كە خەڵك كۆدەكەنەوە و بە حیساب بانگخوازی بۆ ئیسلام دەكەن، بەڵام بانگخوازی ئەو فیقهی ئیسلامییە دەكەن، كە بەر لە 1300 ساڵ دانراوە، لەو كتێبانەدا بۆ نموونە بەشێكی تایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆیلە (الرق) هەیە، من لە ئێستادا ئەسڵەن شەرم دەكەم باسی كۆیلایەتی بكەم، لەو كتێبانە باسی دەسكەوتی شەڕ و كردنی ئافرەت بە جاریە (السبایا و الغنائم)هەیە، بزانن لەسەر ئەم بنەمایە تیرۆریستانی داعش و بۆكۆ حەرام چ تاوانێكی دڕندانەیان ئەنجامداوە و هەموو ئەوانەشی لەم كۆڕە دانیشتوون دەزانن حوكمی دەسكەوتی شەڕ و كردنی ئافرەت بە جاریە لەو كتێبانە چۆنە، ئەمە لە كاتێكدا لە ئێستادا بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دیلی شەڕ یاسای نێودەوڵەتی هەیە، دیلی شەڕەكان مافیان هەیە، بەڵام بزانن تیرۆریستان وەك داعش و بۆكۆ حەرام چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەكەن، لە كتێبە فیقهییەكاندا بەشێك بۆ تاوانكاری و سنوور (الجنایات والحدود) هەیە، بەپێی ئەم بەشە هەر كەسێك دزی بكات، دەبێت دەستێكی ببڕێت، گەر دووبارەی كردەوە دەستەكەی تری، لە سێیەمین جاردا قاچی راستی، لە چوارەم جاردا قاچی چەپی، باشە پرسیار ئەوەیە مرۆڤ كوێی دەمێنێتەوە، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە هەندێك شت بگۆڕین، وەك: لادەر و كافر (المرتد و الكافر)، یان ئەهلی كتاب و ئەهلی زمە، یان وشەی كەمینە لەبەر ئەوەی ئێستا هاووڵاتیبوون هەیە، هەروەها پۆلێنكردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای رەگەزی (نێر و مێ) لە كاتێكدا لە قورئاندا ئەم پۆلێنكردنە نییە و بە (یا ایها الناس) ئاماژەی پێكراوە، ئەمانەش هەمووی كارەسات و توندوتیژی بەرهەم دەهێنن.»
ئاستەنگەكانی بەردەم نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی
كاتێك باسی مەترسییەكانی گوتاری سەلەفی دەكەین و لەم گوتارەدا گوتاری ئایینی دەبێتە گوتارێكی سیاسی، ئەوا بنەماكانی سەلەفی لە ناو هەموو حزبە سیاسییە ئیسلامییەكان و ئەوانەشی كاری بانگخوازی ئیسلامی دەكەن، بوونی هەیە، هەر بۆ نموونە حزبی سیاسیی ئیسلامی بۆ ئەوە سیاسەت دەكات كە بچێتە دەسەڵات و فیقهی ئیسلامی جێبەجێ بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە گوتاری سیاسیی حزبە ئیسلامییەكان بە شێوەیەكی گشتی گوتارێكی فیقهی سەلەفییە، بە هەمان شێوە بانگخوازە ئیسلامییەكانیش كە بانگخوازی بۆ ئیسلام دەكەن، بانگخوازییان بۆ ئەوەیە ئیسلام حوكمڕانی بكات و ئەوان ئیسلام و سیاسەت لێك جیا ناكەوە. ئەوەی بانگخوازە ئیسلامییەكان بانگەشەی حوكمڕانیی ئیسلامی پێدەكەن، بانگەشەكردنە بۆ جێبەجێكردنی فیقهی ئیسلامی، سەبارەت بەم لایەنەش د.حەسەن موفتی كە پڕۆفیسۆری یاریدەرە لە فیقە و فیقهی ئیسلامی لە زانكۆی سەڵاحەدین لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ گوڵان كە لە ژمارەی 1010 ی رۆژی 19ی كانوونی دووەمی 2015 بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بەوە دەكات كە 90%ی فیكری حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان سەلەفییە و راشكاوانە دەڵێت: «من ترسم لە تیرۆریستانی داعشی دەرەوە نییە كە لەگەڵ پێشمەرگە شەڕ دەكەن، بەڵكو ترسم لەو فیكرەیە كە داعش لە ناو كوردستاندا دروست دەكات». سەرچاوەی ئەم ترسە لەچەند خاڵێكدا چڕدەبێتەوە:

1. هەڵگران و پێڕەوانی گوتاری فیقهی سەلەفی هەموویان بڕوایان بەو جۆرەیە كە فیقهی ئیسلامی جێبەجێكردنی حوكمی خوایە، ئەمە لە كاتێكدا فیقهی ئیسلامی قسەی فوقەهایە و تێگەیشتنی ئەوانە لەو دەقە، یان لەو فەرموودەیە، كە وەك پێشتر ئاماژەمان پێكرد، هەندێك فەرموودە كە لە كتێبەكانی فەرموودە بوونی هەیە، سەلمێندراوە فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) نین.

2. لە گوتاری فیقهیدا جیاوازی لە نێوان سوننەتەكان ناكرێت، هەندێك سوننەت لە قورئاندا هاتوون، بیرمەندانی ئیسلامی دەڵێن: ئەمانە راستە و لە قورئاندا هاتوون، بەڵام سوننەتی پێشتری (سنن من قبلنا)ی ژیانی خەڵكن، بۆیە ئەوانە دەكرێت بۆ ئێستا خوێندنەوەی دیكەیان بۆ بكرێت، هەروەها سەبارەت بە سوننەتەكانی پێغەمبەریش (د.خ) ئەوان جیاوازی لە نێوان سوننەتی پێغەمبەر (د.خ) وەك مرۆڤێكی ئاسایی و سوننەتی پێغەمبەر (د.خ) وەك پەیامبەر كە وەحی بۆ هاتووە ناكەن، ئەمەش وایكردووە توندوتیژی بەرهەم بهێنن.
سەبارەت بەم ئیشكالیەتە پڕۆفیسۆر حەسەن حەنەفی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە لە نوێكردنەوەی گوتاری ئایینیدا ئێمە رووبەڕووی دوو هەڵەی گەورە دەبینەوە، یەكەمیان: بەكارهێنانی زمانی كۆن لە ترسی ئەوەی نەك رۆشنبیری هاوچەرخ جێگەی بگرێتەوە، لەسەر ئەم بنەمایەش بزاڤی سەلەفی دروستبووە و زمان و گوتاری تایبەتی خۆی دروستكردووە، ئەم زمان و گوتارەی سەلەفییەكانیش نە پەیوەندی بە ئێستاوە هەیە و نە لەگەڵ رۆشنبیری هاوچەرخیش دەگونجێت. هەڵەی دووەمیش كە لەم پرۆسەیەدا رووبەڕووی دەبینەوە، هاوردەكردنی زمانی نوێكردنەوەیە لە رۆژئاواوە، ئەمەش یان بە رێگەی كۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت، یان بە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆیە زمانی نوێكردنەوە، یان ئەوەیە بە پێتی لاتینی دەنووسرێت، یان تەعریب كراون، بەڵام نوێكردنەوە لە ژاپۆن دروستكردنی گوتاری نوێیە بە زمانی ژاپۆنی، واتە ئەو گوتارە لەناو ژاپۆن بەرهەم هاتووە و هاوردە نەكراوە، بۆیە ئێمە گۆڕاو و نەگۆڕمان تێكەڵ كردووە و وادەزانین هەموو شتێك نەگۆڕە، ئەمەش واتە هەم وشە و هەم مانا نەگۆڕە، بۆیە هیچ بوارێكمان بۆ جووڵە نەهێشتۆتەوە». بۆ دەربازبوون لەم حاڵەتە پڕۆفیسۆر حەنەفی دەڵێت: «ئێمە لە بەردەم دووڕیانێكین و دەبێت یەك لە رێگەكان دەستنیشان بكەین :
یەكەم: میتۆدی رێككەوتنی پەیمانی ئاشتی حودەیبیە، هەروەك چۆن پێغەمبەر(د.خ) داوای لە ئیمامی عەلی (خ.ل) كرد بنووسێت لە (لە محەمەد پێغەمبەری خوداوە، بەڵام عەرەبەكانی قوڕەیش وتیان ئێمە قبووڵمان نییە، چونكە ئێمە دان بەودا نانێین و تۆ پێغەمبەری، لە بەرامبەردا پێغەمبەر (د.خ) بە ئیمامی عەلی وت بنووسە (باسمك اللهم)، ئەمەش مانای ئەوەیە پێغەمبەر وشەكەی گۆڕی، بەڵام كاریگەری لەسەر مانا و ناوەرۆك و ئامانجەكە نەبوو.
دووەم: گۆڕانكاری رووكەشی زارەوەكانە وەك ئەوەی خوا لە قورئاندا ئاماژەی پێكردووە (إن هي إلا أسماء سميتموها أنتم وآباؤكم ما أنزل الله بها من سلطان).
Top