توركیا دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتەوە لەدەرگای یەكێتی ئەوروپا بدات
June 1, 2010
راپۆرتەکان
ئەوەی پرۆفیسۆر قەسار ئاماژەی پێكرد ئاوەڕدانەوەی توركیایە لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەی سفر كێشە بۆ وڵاتانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام پرۆفیسۆر نیهات عەلی ئۆزجان تۆژەر لەدیراساتی سیاسەتی ئابووری توركیا (TEAPV) و نووسەر و تایبەتمەند لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەكی توركیا، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە لەسەر ئەم ئاراستەیەی توركیا بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو و وتی : (بێگومان كۆمەڵێك فاكتەری گرنگ هەن لەپشتەوەی ئەو سیاسەتی دەرەكیەی ئێستا توركیا پیادەی دەكات. بۆ نموونە ئابووری یەكێكە لەو فاكتەرانە، چونكە پەیوەستە بەسیاسەتی دەرەكی و ناوخۆەوە، بەتایبەتیش ئەگەر بەستراوە بێت بەئابووری نێودەوڵەتی «جیهانی» و گرنگیەكی ئەوتۆی هەبێ لەلای خەڵكی ئەو وڵاتە و هاندەرێك بێت بۆیان ئەوا بێگومان ئەمە لەسیاسەتی دەرەكی ڕەنگ دەداتەوە. دووەم بریتییە لەسەركردایەتیەك كە بتوانێ گشت سەرچاوە و هێزەكانی وڵات بەشێوەیەكی هەماهەنگ و بەدروست كردنی هاوسەنگیەكی تایبەت و بەشێوەیەكی سیستەماتیكی بەكار بهێنی، ئەگەر سەركردەیەكی بەم شێوەیە هەبێ كە بتوانێ لەكەلتوری یاسایی ئەو وڵاتە بگات ئەوا بێگومان بڕیارە سیاسیەكان ئاسانتر دەدرێت و لەلایەكی تریشەوە كۆمەڵێ فاكتەری گرنگی تریش هەن، بەڵام بێگومان ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان ڕەنگدانەوەیان هەبێت بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و كار بكاتە سەر ڕەوتی سیاسەتی دەرەكی و ناوخۆ و كار بكاتە سەر سەرچاوەكانی هێزی دەوڵەت، هەروەك كێشەی كوردـ ئەوا بێگومان پێویستە بەشێوەیەكی سەركەوتوانە بەڕێوە ببرێت و بگەیەنرێتە چارەسەرییەك، بۆ ئەنجامدانی ئەمەش پێویستە هێز و توانای خۆمان بخەینە گەڕ و داوای یارمەتیش لەپێكهاتە كاریگەرەكانی تر لە ناوچەكە بكەین. توركیاش ئێستا خەریكی ئەمەیە لەلایەكەوە لەگەڵ ئەمریكا و لەلایەكی ترەوە لەگەڵ كوردەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ نوێنەرانی ناوخۆ لەرێگەی موزاكەرە و چاوپێكەوتن و هەندێ جار دەمەقاڵێ، بەڵام لەچوارچێوەیەكی دیموكراسی هەوڵی بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی كێشەكە دەدات. بێگومان چارەسەری ئەم كێشەیە تەنیا بەئێوەوە نەبەستراوەتەوە هەر خۆی لەخۆیدا كێشەیەكی ئاسان نییە، بۆیە لەم ڕووەشەوە هەروەكو باسم كرد لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەقڵ و سەركردایەتی هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن. سەبارەت بەڕۆڵی توركیاش لەسەر ڕووداوەكانی دیكەی ناوچەكە، ئەوا بێگومان لێرەدا سێ فاكتەری گرنگ هەیە كە پێویستە باسی لێوە بكرێت یەكەمینیان بریتییە لە سروشتی ڕووداوەكان، ئەو ڕووداوانەی كە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵداوە و چاوەڕوانی گەلانی ناوچەكە لەڕووی خۆشگوزەرانی ئابووری و سەقامگیری، لەم ڕووەشەوە توركیا ئاستێكی باشی هەیە. دووەم بریتییە لەپێگەی ئەكتەرە كاریگەرەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئێستاو ڕابردوودا، واتە ئەو دۆخەی ئێستای یەكێتی ئەوروپا تێكەوتووە و لەوە دەچێ لەماوەی داهاتووشدا ئەم دۆخەی ئەوروپا بەردەوام بێ، هەروەها ئەكتیڤ نەبوونی ئەمریكا لەرووی ئابووریەوە بەهۆی داگیركردنی عێراق و ئەفغانستان و ...تاد. سێیەم پەیوەستە بە بەهرەی خودی توركیا و پێگە ئیقلیمیەكەی لەمەشەوە بۆمان دەردەكەوێ كە بەپێی سەیری ڕووداوەكان لەناوچەكە ڕۆڵێكی ئەكتیڤتر و كاریگەرتر لەتوركیا چاوەڕوان دەكرێ)).
توركیا و هەرێمی كوردستان
پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنكەرا خەریكە لەپێوەندی بازرگانی و ئابوورییەوە هەنگاو بەرەو پێوەندیەكی تەواوكاری هەڵدەگرێت و هەرێمی كوردستان وەك هاوتای توركیا لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی و كێشەكانی ناوچەكە پێگەی خۆی دەدۆزێتەوە، پرۆفیسۆر نیهات عەلی ئۆزجان بەپێویستی دەزانێت ئەم پێوەندیانەی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو هەڵبگرن كە ئابووری كوردستان بەئابووری جیهانەوە گرێبدرێتەوە و لەم چوارچێوەیەدا و لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان بەمجۆرە سەرنجی خۆی لەسەر ئەم پرسە دەربڕی و وتی : (بەڕای من بەر لەهەموو شتێك پێویستە توركیا پێش هەموو شتێك پاڵپشتی ئەو سەقامگیری و بەها دیموكراسیانەی هەرێمی كوردستان بكات و لەهەمان كاتیشدا پێویستە ڕێنیشاندەر بێت بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەستنەوەی ئابووری ئەم هەرێمە بەئابووری جیهان و جێ بەجێكردنی هەلومەرجی پێویست. بێگومان ئەمەش قازانجی بۆ هەردوو لایەن لێدەكەوێتەوە. بوون بە بەشێك لەئابووری جیهانی و سەقامگیربوونی ئابووری ناوخۆ، شتێك نییە كە لەپڕێكدا دروست ببێت، بەڵكو ئەمە پێویستی بەكات هەیە و پەیوەستە بەهەلومەرجی جیۆپۆلیتیكی ناوچەكە، هەر بۆنموونە كاتێك سەیری قەیرانەكانی ئەوروپا و ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باری ئێران و ئاڵۆزی سوریا دەكەین، ئەوا بێگومان لەم ڕووەوە بوونی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی تایبەتی ئەوتۆی هەیە بەتایبەتیش ئەگەر بەستراو بێت بەئابووری جیهانی، ئەوا لەناوچەكەدا وەك هاوبەش و هاوتاكێكی توركیا دەردەكەوێ. ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی پێوەندیەكی بەهێز و بەردەوام لەنێوان ئەم دوو لایەنە و بوار دەڕەخسێنێ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دەوروبەر بەشێوەیەكی نەرمتر و سادەتر، بۆیە بەڕای من توركیا پێویستە زۆر گرنگی بەم پێوەندیەی بدات. و گرنگترین خاڵیش لەم پێوەندیەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بریتییە لەسەرچاوەی زۆری وزە لەهەرێمی كوردستان كە پێویستە بگەیەنرێتە بازاڕەكانی جیهان و بێگومان دەرەنجامی سیاسی زۆری لێدەكەوێتەوە بۆ هەردوو لایەن، بەڵام ئەوەی گرنگ بێت ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان و توركیا ئاگاداری ئەو قازانجە دوو لایەنەن بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێوەندیەكانیان بەهێزتر و چڕتر دەبێتەوە)).
ڕووداوەكانی سوریا و
كاریگەری هەمەلایەنەی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە
لایەنێكی دیكە كە جارێكی دیكە ڕووی هەموو دەوڵەتانی ناوچەكە دەگرێتەوە، بارودۆخی سوریایە. لەوانەیە لەم كێشەیەدا چاوەڕێی ئەوە لەتوركیا بكرێت ڕۆڵێكی كاریگەر لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەو كێشەیەدا بگێڕێت، بەڵام وەك پرۆفیسۆر حەسەن عەلی قەسار ئاماژەی پێدەكات ئەم ڕۆڵە بەتەنیا بگێڕێت، ئەمەش مانای ئەوەیە لەم مەسەلەیەشدا توركیا پێویستی بە ڕۆڵی لایەنەكانی دیكە و دەوڵەتانی ناوچەكە هەیە، سەبارەت بەم مەسەلەیە پرۆفیسۆر قەسار لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان وتی: (ئەوەی كە دەتوانم لەم بارەیەوە بڵێم ئەوەیە كە سەرەتا گەلی سوریا پێویستە ڕێكبكەون بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵات لەڕژێمی ئەسەد وەربگرنەوە، بەڵام كاتێ سەیری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكەین دەبینین زۆر ناڕێك و ڕێكنەكەوتوو تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی چەكداریش زۆر ئاڵۆز و سەرلێشێواوە، بۆیە لەوە ناچێ كە بتوانرێ لەلایەن دەوڵەتێكی ترەوە ئەمە ڕێك بخرێ و ڕووبەڕووی ئەسەد بكرێتەوە. سەرەڕای جەختی نێودەوڵەتی لەماوەی 15 مانگی ڕابردوو ئەمەمان زۆر بەڕوونی بۆ دەركەوت، بۆیە پێم وایە پێویست ناكات هێزە نێودەوڵەتیەكان ڕۆڵێك بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا و بەتایبەتیش توركیا دیاری بكەن، چونكە بێگومان سیاسەتمەدارانی توركیا هەروەكو باسم كرد بە لەبەرچاوگرتنی هەزارەها پێوەر كاریگەری ئەمە لەسەر ناوچەكە و خەڵكی ناوچەكە و دەوڵەتانی دەوروبەر و تەنانەت ئەگەر، ئەگەری بوونە بابەتێكی ئەجێندای هەبێ كاریگەری عێراق و لوبنانیش زۆر باش حساب دەكەن، بۆیە من پێموایە وردی و تۆزێك لەسەرخۆ هەنگاونانی توركیا دەگەڕێتەوە بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەم پێوەرانە)).
هەر دەربارەی ئەم پرسە پرۆفیسۆر نیهات عەلی ئۆزجانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەم كێشەیە بۆتە كێشەیەكی نێودەوڵەتی و ناكرێت هەموو جیهان لەئاستیدا دەستەوەستان بێ و هەمووی بخرێتەوە ئەستۆی توركیا، لەمبارەوە بەگوڵانی ڕاگەیاند: (ئەمڕۆ كێشەی سوریا كێشەیەكی نێودەوڵەتیە بۆیە ناكرێ وڵاتێك بە تەنیا بەرپرسیارێتی ئەم كێشەیە بگرێتە ئەستۆ بۆیە پشت بەستن و چاوەڕوانبوونی توركیا كە بەكارێكی لەم جۆرە گەورە هەڵبستێ و ئەم باجە بەتەنیا بدات، دروست نییە. واتە بە پشتگوێخستنی هەڵوێستی ناتۆ و ئەمریكا و ڕوسیا و چین و چاوەڕوانی ئەوەبین كە توركیا ئەم كێشەیە بەتەنیا چەرەسەر بكات و بەڕێوەی ببات! ئەمە خوێندنەوەیەكی دروست نییە بۆ ڕاستی ڕووداوەكان، بۆیە پێموانییە كە ئەم كێشەیە لەڕێی توركیاوە چارەسەر بكرێت، بێگومان توركیاش درێغی ناكات لەوەی كە بەپێی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و پلانە ستراتیژیەكانی بۆی بڕەخسێت، بەڵام لەهەمان كاتیشدا ناكرێت توركیا تەواوی كێشەكە بەتەنیا بگرێتە ئەستۆی خۆی)).
نیهات عەلی ئۆزجان بۆ گوڵان:
پێویستە توركیا ڕێنیشاندەر بێت بۆ هەرێمی كوردستان بۆ بەستنەوەی ئابووری ئەم هەرێمە بەئابووری جیهان