جێبەجێكردنی رێـككەوتنی هەولێر كلیلی چارەسەری كـێشەكانی عێـراقە
June 26, 2011
راپۆرتەکان
سەبارەت بەهۆكاری ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەش كە بوونە هۆی ئەوەی هەڕەشە بكەوێتە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق، ئەلئەعرەجی لەدرێژەی لێدوانەكەیدا بۆ گوڵان وتی:(ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم و بەجێگەی دڵخۆشی دەزانم ئەوەیە هەموو لایەنەكان لەوە بەئاگان كە سەرهەڵدانی ناكۆكی و گرژی، كاریگەری خراپی لەسەر بارودۆخەكە دەبێت، بەتایبەتیش لەسەر رەوشی ئەمنی و قوربانیانی لێ دەكەوێتەوە، ئێستاش لەبەرئەوەی دۆسیەی ئەمنی پێوەندیی هەیە بە دۆسیەی سیاسی، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان كاربكەن لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەموو هاووڵاتیان، لەبەرئەوەی پاراستنی ژیانی عێراقییەكان ئەركی قەوارە سیاسییەكانە، بێگومان نییەتی باش لەئارادا هەیە، كێشەكەمان چاوپێكەوتنەكەی سەماحەتی سەید «عەممار حەكیم» و «ئوسامە نوجەیفی» بوو، منیش لەو كۆبوونەوەدا ئامادەبووم و جەختكردنەوەیەكی زۆر هەبوو لەلایەن لیستی «عێراقیە» لەو بارەیەی كە لەماوەی دوو رۆژدا لیستی «عێراقیە» راگەیاندنێك دەردەكات لەپێناو سەلماندن و دڵنیاكردنەوە لەسەر ئەوەی كە لیستی «عێراقیە» بەشێكە لە پرۆسە سیاسییەكە و خاوەن ئیرادەیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامبوون لە حكومەتی هاوبەش، لەگەڵ نزیككردنەوەی تێڕوانینەكان لەنێوان هەردووك لە سەركردەكان «ئەیاد عەلاوی» و بەڕێز «مالیكی».. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەو ئیرادەیە بوونی هەیە، دەتوانین كێشەكانمان چارەسەر بكەین ئەگەر هۆكارەكەی هەرچیەك بێت).
دەبێت هەموو پابەند بینبە رێككەوتنی هەولێر
گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی هەولێر و بەڵێنی لایەنەكان بۆ ئەوەی رێككەوتنە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، جۆریك لە هێمنی بۆ رەوشی بارودۆخی پرۆسەی سیاسیی گێڕاوەتەوە، لەمبارەوە نەدا ئەلجبوری پەرلەمانتاری ئەلعراقیە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان سەبارەت بەم لایەنە وتی: رۆژی پێنج شەممەی رابردوو هەمووان كۆدەنگ بوون لەسەر ئەو پەیامەی كە لەمیدیاكان بڵاوكرایەوە، پەیامەكەش زۆر هێمن بوو، ناوەرۆكی پەیامەكە بریتی بوو لە جەختكردنەوە لەسەر رێككەوتنەكەی «هەولێر» كە هەمووان واژۆیانكردووە، دەبێت بەندەكانی هەمووی جێبەجێبكرێت، هەربۆیە پێموایە هاوپەیمانی نیشتمانیش وەڵامدانەوەی دەبێت، لەكۆتاییشدا هەموو هەوڵەكانمان لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق-دایە، ئێمە هەموومان هاووڵاتی عێراقین و هەموومان كاردەكەین لەپێناوی عێراق)).
سەبارەت بە هەڵوێستی لیستی ئەلعراقیە كە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە زۆر گرنگە، خاتوو نەدا جبوری لەدرێژەی لێدوانەكەیدا پێی راگەیاندین: (هەڵوێستی «عێراقیە» روونە، ئەمڕۆ هەموو لایەن و قەوارە و پارتە سیاسییەكانی عێراق كۆدەنگن لەوبارەیەی كە رێككەوتنەكەی «هەولێر» بووە هۆی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی، بۆیە لەو رێككەوتنەدا 9 بەند هەیە و پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان، نەك تەنیا «تەحالوفی نیشتمانی» یاخود «عێراقیە» یان «هاوپەیمانی كوردستانی» یان «تەحالوفی وەسەت»، بەڵكو پێویستە هەموو لایەنەكان بڕۆنە سەر ئەو 9 بەندە، پێموایە جێبەجێكردنی ئەم 9 بەندە شتێك وەدیدێنێت كە مایەی قایلبوونە بۆ هاوبەشییە سیاسییەكە و هاوسەنگیی دەسەڵاتەكان دەپارێزێت. «تەحالوفی نیشتمانی» جۆرە رەتكردنەوەیەكی هەیە، یاخود هیچ جددییەتێكی نییە بۆ جێبەجێكردنی ئەو 9 بەندە. بۆیە «عێراقیە» ئەم هەڵوێستەی وەرگرت لەبەرئەوەی هیچ رێگەچارەیەكی تری نەبوو، ئێمە جگە لە وەرگرتنی هەڵوێستی سیاسی هیچ شتێكی ترمان نییە بیكەین، وێڕای پیادەكردنی دیپلۆماسییەت لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی كە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكەن)).
هاوپەیمانی كوردستانی رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێت
پێش ئەوەی ئەم قەیرانە رووبدات بەسەرپەرشتی بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوە و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا زۆر هەوڵدرا كە لایەنەكان پەلە بكەن بۆ ئەوەی چارەسەر و میكانیزمێكی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەولێر بدۆزنەوە، بەڵام دوای دروستبوونی ئەم قەیرانە ئێستا جارێكی دیكە بەهەوڵی هەموو لایەك خەریكە دەگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنەكە و كێشەكەش بەرەو خاوبوونەوە دەچێت، سەبارەت بە هەڵوێستی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی بەگشتی و هەوڵوێستی لیستی دەوڵەتی یاسا پرسیارمان لە فالح فەیاز وەزیری ئاسایشی نیشتمانی بەوەكالەت و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكەی گوڵانی دایەوە و وتی:(زۆربەی بەندەكانی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك «مسعود بارزانی» جێبەجێكرا و تەنیا چەند بەندێك ماون جێبەجێبكرێن و ئەوانەیش كە ماون لەسەری رێككەوتوون، جگە لە چەند خاڵێك نەبێت كە زیادكرا لەلایەن برایانمان لە لیستی «عێراقیە»، بۆیە من پێموایە كە ئەم قەیرانە درێژە ناكێشێت، ئەویش بەهۆی روودانی هاوبەشییەكی راستەقینە لەنێوان هاوبەشە سیاسییەكان و هەروەها لەڕێگەی ئەو دەستپێشخەرییەی كە زۆربەی خاڵەكانی جێبەجێكراوە و جێبەجێكردنی خاڵەكانی تر لەمیانی دانوستان و وتووێژەكان كە لەلایەن برایانمان لە «هاوپەیمانی كوردستانی» ئەنجام دەدرێت بەتایبەتی بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەندانەی ماون جێبەجێ بكرێن، هەموومان لەوە بەئاگاین كە «تەوافوق» پێویستە و هاوكات بایكۆتكردن هیچ سوودێكی لێ ناكەوێتەوە، لەوانەیە چەند جۆرێك فشار بەكاربهێندرێت بۆ مەبەستی وەدەستهێنانی هەندێك بەرژەوەندی یاخود بۆ مەبەستی وەرگرتنی هەڵوێستێكی سیاسیی دیاریكراو، لیستی «عێراقیە» و «تەحالوفی نیشتمانی» و «هاوپەیمانی كوردستانی» هەموومان هەستدەكەین بە پێویستیی رێككەوتن، هیچ رێگەچارەیەكی تر سوودی نابێت)).
لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا و سەبارەت بە كاروبارەكانی ئێستای حكومەتی عێراق كە ئەو یەكێكە لە وەزیرەكانی ئەو حكومەتە بەوەكالەت، فالح فەیاز وتی: (لەڕاستیدا وەزیرەكان جۆرە گونجاندنێكیان پێوە دیارە كە ئاستەكەی لە گونجاندنی چینی سیاسی زۆر بەرزترە، ئەو شتەشمان لەسەر شاشەكانی تەلەفزیۆن بینی لەمیانی وتووێژەكانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مۆڵەتی 100 رۆژەكە، هاوكات زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران ئەدائێكی بەرز دەنوێنن، بەڵام ئەگەر بمانەوێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەو وەزارەتانە بكەین كە هەتا ئێستا پڕنەكراونەتەوە، بێگومان ئیشكالیاتی زۆری تێكەوتووە و ئاكامی نێگەتیڤانەی هەیە كە كاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان هەیە لەگەڵ دواكەوتن لە رێككەوتن لەسەر وەزارەتە ئەمنییەكان كە كاریگەریی لەسەر رەوشی ئاسایش هەیە، بەڵێ دروستە بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی پرۆسەی سیاسی دەكەین و دەبینین كێشە و ئشكالیاتی زۆری تێكەوتووە، بۆیەش ئەم مەسەلەیە پێویستیی بە دانوستان و رێككەوتن هەیە لەم بارەیەوە)).