یەكەمین كۆنفرانسی (دوژمن لەناو ئێمەدا نییە) و كردنەوەی خولی زمانی كوردی لە ئیستانبوڵ

یەكەمین كۆنفرانسی (دوژمن لەناو ئێمەدا نییە) و كردنەوەی خولی زمانی كوردی لە ئیستانبوڵ
ڕۆژی شەممە رێكەوتی 11-12-2010 لەشاری ئیستانبوڵ یەكەمین كۆنفرانسی هەڵمەتی(دوژمن لەناو ئێمەدا نییە) لەلایەن بزووتنەوەی (3H) ئەنجام درا، ناوەڕۆكی ئەم كۆنفرانسە بریتی بوو لە جەختكردنەوە لەسەر نەبوونی هیچ جۆرە شێوازێكی دوژمنداریی لەنێوان نەتەوەكانی تورك، كورد،سوننی، عەلەوی، ئەرمەنی...تاد.
لەم كۆنفرانسەدا ژمارەیەكی زۆری رۆژنامەنووس و نووسەر و ئەكادیمیكار و گەنجان بەشداربوون، لە دوتوێی بەرنامەكانی كۆنفرانسەكەدا بایەخێكی تایبەت بە كێشەی كورد درا و جەختیش لەسەر بەكارهێنانی وشەی كوردستان كرایەوە كەوا پێویستە بەبێ رووبەرووبوونەوەی هیچ كێشەیەك و دروست نەكردنی بەربەست لە دركاندنیدا بە ئازادی بەكاربهێنرێ.
بەرچاوترین بەشداربووانی ئەم كۆنفرانسە بریتی بوون لە بەڕێزان پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و نووسەری رۆژنامەی (Star) بەرێز (Bekir Berat Özipek) و پسپۆری زانستە ئاینییەكان و نووسەری رۆژنامەی (Star) بەرێز خاتوو(Hidayet Şefkatlı) هەروەها پرۆفیسۆری كۆمەڵناس و نووسەری رۆژنامەی (Taraf) بەرێز(Ayhan Aktar) هەروەها نوێنەری عەلەوییەكانی توركیا و نووسەری رۆژنامەی (Taraf) بەرێز (Cafer Solgun) و چەندین كەسایەتی زانستخوازو ئەكادیمی دیكەش.
بۆ زیاتر ناسینی بزاڤی (3H) و هەڵمەتی ( دوژمن لەناو ئێمەدا نییە ) بەرێوەبەری گشتی بزووتنەوەی (3H) و رێكخەری ئەم چالاكییە سیسی و دپلۆماتیكە بەڕێز خاتوو (Tennur Katgı) بەمجۆرە بۆ گۆڤاری گوڵان هاتە ئاخاوتن :
بزاڤی (3H) بزاڤێكی سیڤیلی گەنجانەیە بۆ چەسپاندنی ئامانجەكانی هەوڵدەدات بەهاباڵاكانی وەك مافەكان، لێبوردەیی، ئازادی لە ناو ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی جێگیربكات، دوو بنكە و ناوەندی سەرەكی لە ئیستانبوڵ و ئەنكەرە هەیە.
ئەم بزاڤە لە ساڵی 2009 بەدواوە سەرەڕای بوونی بە دامەزراوەیەكی گەنجان هاوكات بووە بە دامەزراوەیەكی فیكری و كۆمەڵێكی زۆر لە ئەكادیمیە ناسراوەكانی لە دەور كۆبوونەتەوە، لە كارو چالاكییەكانماندا رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران دەكەینە میوانی ئەو سیمینار و كۆنفرانسانەی كە رێكیان دەخەین.
هەندێ جار بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی كە دژی مافەكانی تاكەكەسین خۆپیشاندان رێكدەخەین، رۆژانە لە رێگەی ماڵپەڕەكەمانەوە نووسراو بڵاو دەكەینەوە و شاكارە جیهانییەكانی بواری فیكرو داهێنان وەردەگێرین، گۆڤارێكی وەرزانەیش بەناوی (Liberalem) دەردەكەین.
بۆیە لێرەدا پێم خۆشە بڵێم ئێمە تەنیا خۆپیشاندانی ئاكتیڤیست ئەنجامنادەین، بەڵكو لەو مەسەلانەی كەوا ئەجێندای توركیا پێوەیسەرقاڵن سیمینار و كۆنفرانس رێكدەخەین وكار و چالاكی هەمەجۆر ئەنجام دەدەین و كۆبوونەوەكانی میدیا رێك دەخەین.
بزاڤی (3H)هەڵمەتی (دوژمن لەناو ئێمەدا نییە ) لە مانگی 12 ی 2010 دەستی پێكردووە، لەرێگەی ئەم هەڵمەتەوە ئێمە بانگەواز بۆ تاكەكانی كۆمەڵ دەكەین كەوا لەبری دوژمنداری بێن دۆستایەتی هەڵبژێرن.
دەمانەوێ ئەوەش دوپات بكەینەوە كەوا دەتوانین كۆمەڵگەیەكی دوور لە دوژمنداری، ڕق و كینە، قەدەغەكراوەكان، مەترسییەكان، پلانەكان، نەتەوەپەرستی، رەگەزپەرستی، مەترسی بەش بەش بوونی وڵات دروست بكەین.
بۆماوەی چەندین ساڵە ئێمە بەشێوەیەك پەروەردە كراوین كەوا گوایە توركیا گەمارۆ دراوە بە دوژمنان و وڵاتانی دراوسێش هەموویان دوژمنن، هەروەها لەناو خۆشماندا دوژمن هەیە و هەوڵی دابەشكردنی وڵات دەدەن بۆ ئەمەش سیاسەتێكی تایبەت بەكارهێنراوە كەوا تەنیا كۆمەڵێك بە هاوڵاتی لەقەڵەم دەدات و ئەوانی تر بە دوژمن دەژمێرێ. بەڵام كاتی ئەوە هاتووە كە خۆمان لەم بیرە بۆگەنانە رزگار بكەین و نامانەوێ چیتر شێوازی ژیانمان و بیرمان بەپێی دەستووری كۆن بەرێوە ببەین لەناو توركیا براوە و دۆراو نییە، لەناو توركیا دوژمن نییە (İçimizde Düşman Yok!)
نە هاووڵاتیە كوردەكان دوژمنی ئێمەن نە توركەكان، نە عەلەویەكان، نە ئیسلامیەكان، نە سۆشیالیستەكان و نە لیبرالیەكان.
دروست بوونی بیرۆكەی هەڵمەتەكە:
ئەم هەڵمەتە لە 11-12-2010 بە كۆنفرانسێك دەستی پێكرد كە تیایدا بە تێروتەسەلی باس لە كێشەی كورد و سیاسەتی بە تورك كردنی توركیا و كێشەی عەلەویەكان و چارەسەری ئەم كێشانە كرا.
ئامانجەكانی ئەم هەڵمەتە لە ساڵی 2011 بریتیە لە كردنەوەی خولی فێربوونی زمانی كوردی، سازدانی كۆنگرەی دۆستایەتی، تاوتوێكردنی كێشەی لەناوبردنی بەكۆمەڵ، پرۆژەی دۆستایەتی لەگەڵ ئەرمەنستان و رێكخستینی گەشتێك بۆ پاتریكخانەی یەهودیەكان.
ئامانجێكی تری ئەم هەڵمەتە بریتیە لە كارتێكردنی چینی بڕیاردەر لەرێگەی سیمینار و كۆنفرانس و نووسراو و خۆپیشاندانەكانمان، دەمانەوێ داواكاریەكانمان بخەینە ناو ئەجێندای سیاسەتی توركیا و بگاتە راددەیەك كەوا تاوتوێ بكرێ. لەم بارەیەوەش پێموایە هەڵمەتەكەمان سەركەوتوو دەبێت و دەتوانین ناوەندێكی دۆستایەتی لە توركیا دروست بكەین كە بتوانین تیایدا قسە دەربارەی قەدەغەكراوەكان بكەین و جیاوازی تاكەكان بە شتێكی ئاسایی وەربگرین و سیاسەتمەدارە بڕیاردەرەكانیش پێموایە لەم رووەوە یارمەتیدەرمان دەبن.
داتاشینی وشەی دوژمنەكان
دواتر بەرێز (Bekir Berat Özipek) لەدوای لێدوانەكەی لەژێر ناوی (بۆچی دوژمن لەناو ئێمەدا نییە؟) بەمشێوەیە بۆمان هاتە ئاخاوتن :
بەدەست هێنانی دەسەڵات بە گشتی دوو شێوەیە بە رەزامەندی كە ئەمەش پێی دەوترێ دیموكراتی و بە زۆرداری و چەوساندنەوەی خەڵك ئەمەش بریتیە لە دیكتاتۆریەت. توركیاش لە رابردوودا بە سەردەمێكی وا تێپەریوە بەداخەوە و ئەم وشەی دوژمنەیان داهێناوە كە هیچ بنەمایەكی نییە بەڵكو تەنیا بۆ مانەوەی كۆمەڵە كەسانێك لە دەسەڵاتی حوكمدا ئەم وشەیە داتاشراوە و بەكارهێنراوە لە دژی بەشێكی تایبەت لە كۆمەڵگەدا كە بریتین لەكوردەكان، ئەرمەنییەكان.
ئەم دوژمندارییە بەلای ئەم جۆرە رژێمانەی كە دەیانەوێت لەدەسەڵات بمێننەوە شتێكی پێویستە و وەك سەرچاوەی وزە وایە بۆ مانەوەی خۆیان بەسەر عەرشەوە. لێرەشدا دوژمن دەكەن بە دوو جۆرەوە، دوژمنی ناوخۆ و دوژمنی دەرەكی. دوژمنە ناوخۆییەكان بریتین لە كەمینەكانی ناو كۆمەڵ وەك كوردەكان و ئەم دوژمندارییەشیان وەك سەرپۆشێك بەكارهێناوە بۆ داپۆشینی كارە نابەجێكانی خۆیان.
لەگەڵ گۆڕانی سەرانی دەوڵەت و هاتنی AK پارتی و دامەزراندنی سیاسەتێكی نوێی دەرەوە و گۆڕینی دەستوور و هەروەها كرانەوەی كورد و كرانەوەی دیموكراسی ئەم كێشەیەیان ڕووەو چارەسەر بردووەو لەم بارەیەوە هەنگاوی زۆر باش هەڵگیراوە، بەڵام هێشتا پێویستە هەر بەمەوە نەوەستێ و هەنگاوی تری بەدواوە بێ و من لەوە دڵنیام كەوا هەنگاوی تری بەدواوە دێ چونكە ئامانجی ئەم حكومەتەش بریتیە لە نەهێشتنی دوژمنداری و كێشە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
بەنیسبەت ئەم هەڵمەتەش پێموایە هەڵمەتێكی زۆر بەجێیە و پێویستە ئەم بیرو بۆچوونەی ناو كۆمەڵگە بگۆڕدرێت و خەڵكی بەرامبەر بە ڕاستیەكان چاویان بكرێتەوە و بزانن كەوا هیچ هۆكارێك نییە بۆ دوژمنداری، بۆیە دەستخۆشی لە رێكخەرانی ئەم هەڵمەتە و بزاڤی (3H) دەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
قەدەغەكردنی ئایینزایی :
هەروەها بەرێز خاتوو (Hidayet Şefkatlı) بەدرێژی باسی لە (كێشەی سەرپۆش ــ حیجاب ـ و چۆنییەتی سەرهەڵدانی جیاوازی و نەتەوەپەرستی) كردو بەپێی بۆچوونی ئەو سەرەتای دەركەوتنی جیاوازی چینایەتی و نەتەوایەتی و ئایینی...تاد دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی كۆماری توركیا، ئەم جیاوازییانە بووەتە هۆی دابڕانی خەڵكی لە كەلەپوور و داب ونەریتی باب وباپیرانیان و سیستەم و كەلتوورێكی نوێیان بەسەردا سەپێنراوە و دوور خراونەتەوە لە ئایین. بە پێی بۆچوونی خاتوو (Hidayet) دووركەوتنەوە لە ئایین و قەدەغەكردنی لە سەرەتاكانی دامەزراندنی كۆماردا هۆكارێكی سەرەكییە لە دروستبوونی جیاوازی لە نێوان تاكەكانی میللەتدا، وەك چارەسەریەكیش بۆ ئەم كێشەیە خاتوو (Hidayet) ئەوەی روون كردەوە كەوا پێویستە بەدوای ڕابردوومان بگەڕێین و دەست بگرینەوە بە ئایین و بگەڕێینەوە سەر كەلتوور و دابونەریتی بابوباپیرانمان.
سەرەتاكانی تەتریككردن لە توركیا:
لەدرێژەی كۆنفرانسەكەدا بەرێز (Ayhan Aktar) لە لێدوانەكەی خۆیدا كە لەژێر ناونیشانی ( پێكهاتەی سیاسی توركیا) دابووی جەختی لەوە دەكردەوە، شتێك نییە بە ناوی دوژمن لە توركیا بەڵكو ئەم وشەی دوژمنە شتێكی دروستكراوە لەلایەن سیاسیەكانەوە لە پێناوی مانەوەیان بەسەر كورسیەكانیانەوە ئەمەش هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمارەوە دەستی پێكردووە. كەمالیستەكان كاتێ ویستیان كۆماری توركیا دابمەزرێنن رووبەڕووی زۆر كێشە بوونەوە لەوانەش ئەو فرەجۆرییە زۆرەی كە بەرماوەی دەوڵەتی عوسمانی بوو، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش هەڵسان بە ناوزەدكردنی كەمینەكان بە تورك و هەوڵدان بۆ تەتریك كردنیان،ئەوەی پێشیان نەكرا بە تورك ناوزەندی بكەن ئەوا بە دوژمنی میللەتی توركیایان لەقەڵەم دا!
دواتر هەڵسان بە گۆڕینی سیستەمی خوێندن و دامەزراندنی سیستەمێكی گونجاو لەگەڵ ئەو بارەدا. هەڵسان بە دەركردنی یاسای جۆراوجۆر و گۆڕینی مانای بەهاكان بەمجۆرە ئەم جیاوازی و ئەو وشە بێمانایەی دوژمندارییان داهێنا تەنیا بۆ مانەوە و سوودمەندی خۆیان، بەڵام توركیا بە گۆڕینی سیاسەتەكەی لەم دواییانەدا لەوەدەچێ بتوانێ هەنگاوی باش بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە هەڵگرێ.
جەختكردنەوە لەسەر كێشەی كورد:
لەكۆتاییشدا دوبارە جەخت لەسەر كێشەی كورد كرایەوە و باس لەوە كرا كەوا تا ئێستا كورد بە خراپە و كوشتن و میلیشیاتی چەكدار ناسراو بووە بەڵام لەمەبەدوا پێویستە بەیەكەوە و بەگشت چینەكانی كۆمەڵ و بەبێ جیاوازی بۆ نەهێشتنی ئەم كێشەیە هەوڵ بدەین ئەمەش لە رێگای دیالۆگ و ئاشناكردنی خەڵكی بە برا كوردەكان و كردنەوەی خولی زمانی كوردی بۆ نەوەكانیان.
دواتر ئەوەشیان پێ راگەیاندین كەوا ئەم بزووتنەوەیە حەز بە سەردانی هەرێمی كوردستانی فیدراڵ دەكات و لە بەرنامەی دایە لە هەنگاوەكانی داهاتووی ئەو هەڵمەتە و ئەم سەردانە ئەنجام بدات. دواجار بەهۆی بەشدار بوون و پاڵپشتیكردنی هەڵمەتەكەیان، دەستخۆشییان لە گۆڤاری گوڵان كرد.
Top