خوێندنەوەیەك بۆ بەرنامەی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان

خوێندنەوەیەك بۆ بەرنامەی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان
راپۆرتی: د.شێرزاد نەجار


ئەركەكانی حزبی سیاسیی لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا، جیاوازە لە ئەركەكانی حزب لە كۆمەڵگەیەكی تۆتالیتاریدا، لە زانستی سیاسەستیشدا بەشێوەیەكی گشتی جەخت لەسەر حزبی سیاسیی دەكرێتەوە وەك بەشێك لە پرۆسەی دیموكراتی، هەروەك پرۆفیسۆر (بیردۆ) دەڵێت: (دەوڵەتی هاوچەرخ واتە دەوڵەتی حزبە سیاسیەكان) ئەمەش مانای ئەوەیە پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان دەوڵەتی هاوچەرخ و حزبە سیاسیەكاندا هەیە و بێگومان سروشتی دەوڵەتی هاوچەرخیش سیمایەكی دیموكراتیانەیە، ئەمە پێمان دەڵێت ژینگەی حزبی سیاسیی لە دەوڵەتێكی دیموكراتیدا جیاوازە لە ژینگەی حزبێكی دیكەی سیاسیی لە دەوڵەتێكی دیكتاتۆری یان تۆتالیتاریدا، ئاشكرایە لە سیستمی دیموكراتیدا دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات یەكێكە لە نەریتەكانی حكومرانی، پرۆسەی بڕیار دروستكردن بریتیە لە پرۆسەیەكی راوێژكاری، بۆیە ئەم ژینگەیە وا لە حزبی سیاسیی دەكات كە پێویستە كۆنگرەكەشی لە ژینگەیەكی دیموكراتیانە گرێبدرێت، ئەمەش راشكاوانە واتە حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتی ناتوانێت كۆنگرەی خۆی بەنهێنی یان بەداخراوی گرێبدات، بۆیە كۆنگرەی حزبەكان لەم جۆرە كۆمەڵگانەپێویستە شەفاف بێت و خەڵك ئاگاداری گفتوگۆ و وتوێژەكانی كۆنگرە بێت، ئەوجا چ لەتەلەفزیۆنەكان پەخش بكرێت یان لە رۆژنامەكاندا بڵاو بكرێنەوە.
بەڵام لە سیستمە شمولیەكاندا پێچەوانەی ئەمەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا لەكام لەودوو ژینگەیەدا پێوەندی نێوان حزب و هاووڵاتیان پێوەندیەكی ئیجابیانەیە؟ بێگومان لە كۆمەڵگەی دیموكراتیدا، لەبەر ئەوەی حزبی سیاسیی لە كۆمەڵگەی دیموكراتی پشت بە كۆمەڵە ئۆرگانێك دەبەستێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دینامیكیانە نوێنەرایەتی كۆمەڵێك یان توێژێك یان نوێنەرایەتی بەرژەوەندی وڵات بەشێوەیەكی گشتی بكات، كەواتە حزبی سیاسیی پێویستی بە جۆرێك لە رێكخستن هەیە و یەكێك لە بنەماكانی بەردەوامی ئەو رێكخستنەش ئەوەیە، هەرماوەی چەند ساڵێك جارێك پێداچوونەوە بەخۆیدا بكات و سوود لە ئەزموون و هەڵەكانی رابردووی خۆی وەربگرێت و هەروەها بە حیساباتی خۆیدا بچێتەوە و بپرسێت ئایا ئەو بەرنامەیەی لە رابردوو كاری پێكردووە لە قۆناغ و گۆڕانكارییەكانی ئێستا و داهاتوو دەنگونجێت یان پێویستە گۆڕانگارییان تێدا ئەنجامبدات؟
ئایا ئەو سەركردایەتیەی لە قۆناغی رابردوو كارەكانی هەڵسوڕاندووە، بۆ ئێستاش پێویستە هەمان سەركردایەتی بێت یان پێویستە، سەركردایەتیش نوێ بكرێتەوەو كۆمەڵێك توانا و بیركردنەوەی نوێ لە سەركردایەتی رەنگبداتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە پێمان دەڵێت : (كۆنگرە وەستان و وەسفكردنی حاڵەتێكی حزبە كە سەرلەنوێ لەسەر چوار تەوەرە حزب پێناسەدەكاتەوە كەبریتین لە، رێكخستن، بەرنامە و فیكری حزب، سەركردایەتی، پێوەندی نێوان حزب و خەڵك، ئەم چوار تەوەرە چوار لایەنی سەرەكین كە بەشێوەیەكی ئاسایی حزب كۆنگرەی خۆی لەسەر دەبەستێت، بەڵام نابێ ئەوەش فەرامۆش بكەین كە حزب حاڵەتی ئیستیسنائیشی هەیە بۆ گرێدانی كۆنگرە، وەك هاتنە پێشی باردۆخێكی نائاسایی، حزب رووبەڕووی حاڵەتێكی تایبەتی دەبێتەوە، لەم كاتانەشدا حزب پێویستی بە گرێدانی كۆنگرە هەیە، پێویستی بەوە هەیە راوێژ لەگەڵ ئەندامەكانی خۆی بكات بۆ ئەوەی بڕیارێك دەربكات و چارەسەری ئەو باردۆخەی بۆ بكات كە رووبەرووی دەبێتەوە، بۆیە دەتوانین بە شێوەیەكی سادە بڵێین كۆنگرە لەهەموو حاڵەتێكدا گەڕانەوەیە بۆ ئەندامان و بنكەكانی حزب)، بەڵام حزبە سیاسیەكان لایەنێكی دیكەشیان هەیە كە زۆرجار حزبەكە خۆی ناتوانێت ئیستیعابی باردۆخە تازەكە بكات، بۆ ئەمە دەتوانین ئاماژە بە حزبە سیاسیەكانی دەوڵەتانی پۆست كۆمۆنیست بكەین، زۆر لە حزبە سیاسیەكانی دەوڵەتانی پۆست كۆمۆنیست نەیانتوانی خۆیان لە ئەقڵیەتی قۆناخی كلاسیكی سەردەمی كۆمۆنیست رزگار بكەن، بۆیە ناچار بوون سەركردایەتی خۆیان بگۆڕن، بەڵام كێشەكە بە گۆڕینی سەركردایەتی نوێش چارەسەر نەبوو، لەبەر ئەوەی سەركردایەتی نوێش پەروەردەی ئەقڵیەتی رژێمە تۆتالیتارییەكانیان تێدابوو، نەیانتوانی حزبەكانیان بكەن بە ئامڕازێك بۆ رەنگدانەوەی ویست و خواستەكانی خەڵك، بۆیە حزبەكان لەناو خۆیاندا دابەش بوون، بۆچوونێك كە پێی وایە دەبێت حزب وەك سەردەمی سیستمی كۆمونیست حزبێكی بەهێز بێت و بۆچوونێكی دیكە پێی وایە دەبێت حزب دیموكراتی بێت و هەروەها بۆچوونێكی دیكە هەیە كە پێویستە حزب بەدوای ئیمتیازەكانی خۆی بگەڕێت و بۆچوونێكی دیكەش هەیە پێی وایە پێویستە حزب نەمێنێت، هەموو ئەم هۆكارانە حزبە سیاسیەكانی ئەو وڵاتانەی گەیاندە حاڵەتێكی چەقبەستووی ئەوتۆ كە زۆر بە زەحمەت بتوانن لە ئاستی ئەو تەحدیانەدا بن كە رووبەڕووی دەبنەوە، وەك ئەوەی بەدواداچوون بەخۆیاندا بكەن و گرفتەكان چارەسەر بكەن، هۆكاری ئەم چەقبەستوویەش بریتییە لەوەی ئەو حزبانە متمانەیان لای هاووڵاتی لاواز بوو بوو، نەیاندەتوانی ویست و خواستەكانی خەڵكی بەرجەستە بكەن، بەرنامە و ئایدیۆلۆژیاكانیان تازە بوو، نەیاندەتوانی خەڵكی پێ ئیقناع بكەن، بۆیە ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی لەبری ئەوەی حزب خۆی سەرقاڵ بكات بە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی خەڵكەوە، كەوتبووە باردۆخێكەوە سەرقاڵبوون بە چارەسەركردنی گرفتەكانی خودی حزبەكە خۆیەوە، بەڵام لە هەندێك كۆمەڵگە حزبەكان توانییان خۆیان بگۆڕن و رووبەڕووی تەحەدییەكان ببنەوە.
لە قۆناخی بەرزكردنەوەی دروشمی دیموكراتیەوە بۆ پراكتیزەكردنی دیموكراتی لە كۆمەڵگەدا
لەنێو ئەو نموونانەی بۆ حزبی سیاسیی ئاماژەمان پێكردن، شێوازێكی دیكەی حزبی سیاسیی بوونی هەیە، كە ئەم جۆرەیان وەك حزبێكی شۆڕشگێر خەباتی بۆ بەدیهێنانی سیستمێكی دیموكراتی بووە و دروشمەكانی قۆناخی شۆڕشگێریشی دیموكراتی بووە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم جۆرە حزبانە كاتێك لە قۆناخی شۆڕشگێریەوە هەنگاو بۆ دیموكراتی هەڵدەگرن بۆچی رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و ناتوانن لە بونیادی پرۆسەی دیموكراتی سەركەوتوو بن؟ ئەم پرسیارە وامان لێدەكات هەڵوەستە لەسەر شێوازی خەبات و رووبەڕووبوونەوەی ئەو حزبە سیاسیانە بكەینە كە لەقۆناخی شۆڕشگێریدا رووبەرووی دیكتاتۆریەت یان رژێمە تۆتالیتارییەكان بوونەتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا بەچ شێوازێك هەوڵیانداوە رژێمە دیكتاتۆریەكە یان تۆتالیتاریەكە بگۆڕن؟ بێگومان وەك ئاشكرایە هەوڵیانداوە بەرێگەی خەباتی چەكداری و بەسروشتێكی رەق و زبر رووبەڕووی دیكتاتۆریەت و تۆتالیریەت ببنەوە، نەك بەشێوازی دیموكراتیانە، ئەو سروشتەی حزبە شۆڕشگێڕییەكان لە قۆناخی پێشتر پێویستی بەرێكخستنێكی بەهێزی پۆڵایین و سەركردایەتیەكی بەهێز و نهێنی هەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی زەبرو زەنگی دیكتاتۆریەت ببنەوە، (ئەمە بۆ ئەو كاتە شێوازێكی راست بووە)، لەبەرئەوەی نەدەتوانرا بەشێوەیەكی لیبرالی بزووتنەوە یان شۆڕشەكە بەرێوەبەرن، كاتێكیش كە ئەو قۆناخە تێپەڕی و دەستیان كرد بە پرۆسەی بونیادی دیموكراتی دەبینن رووبەڕووی گرفت دەبنەوە، لەبەر ئەوەی رێكخستنەكانیان لەسەر ئەو بنەمایەیە كە بۆ خەباتی چەكداری رێكخراوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە حزبی سیاسی چۆن لەم گرفتە رزگاری دەبێت و چۆن ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین یەكێك لە ئامڕازەكانی تەنشیئەی سیاسیی حزبی سیاسییە، بۆیە پێویست دەبێت حزب بگەڕێتەوە بۆ كەلتوورێكی سیاسی نوێ، واتە كەلتووری دیموكراسی و لیبرالی، ئەم كەلتوورە پشت بەچەند كۆڵەگەیەك دەبەستێت وەك (پابەندبوون بە بنەماكانی مافەكانی مرۆڤ، بڕوابوون بە پرۆسەی دیموكراتی و بیروباوەڕی جیاواز، هەروەها بڕوای بە پرۆسەی راوێژكردن هەبێت لە دەركردنی بریاڕدا) پرۆفیسۆر هابرماس سەبارەت بەم حاڵەتە دەڵێت: (پێویستە ئەو دیموكراتییە راوێژكاریی بێت، واتە پێش دەركردنی بڕیارەكان راوێژ بە ئەندامانی حزب كرابێت) ئەمەش واتە پێویستە فەرهەنگی ئازادی رادەربڕین بێتە ناو هەیكەلی رێكخستنی حزبەوە و هەموو ئەندامەكان مافی رادەربڕینیان هەبێت، ئەم گۆڕانكارییە لە بیركردنەوەی حزب لەوانەیە بەشێوەیەكی تیۆری ئاسان بێت، بەڵام پراكتیزەكردنی سەختە، سەختیەكەی بەوشێوەیە نییە كە نائومێدمان بكات، بەڵكو هۆشیارمان دەكاتەوە، بنەمای ئەم كارەش جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ تەنشیئەی سیاسیی واتە پەروەردەكردنی مرۆڤ لە خێزانەوە دەست پێدەكات و پێویستمان بە پرۆسەیەكی پەروەردەییە كە لەماڵەوە دەست پێدەكات و دوای ئەوە دەگوزارێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگە، هەر بۆیە ئەگەر تاكێك لە ناو خێزانەكەی بەكەلتوورێكی دیكتاتۆریانە پەروەردە بكرێت ناتوانرێت ئومێدی ئەوەی لێبكرێت لە كۆمەڵگە وەك تاكێكی دیموكراتیخواز رەفتار بكات، بۆ ئەوەی ئەگەر لەناو كۆمەڵگەش گرفتێك هەبوو هاووڵاتیان بەراوێژكردن چارەسەری بكەن، بۆ حزبە سیاسیەكانیش بە هەمان شێوەیە لێرەدا دەكرێت بگەڕێینەوە بۆ شێوازی حزبە سۆسیال دیموكراتەكان، ئەم حزبانە هەموویان لەوەرگرتنی بڕیاردا دەگەرێنەوە بۆ ئەم پرۆسەیە، بۆیە ئەگەر سەیری كۆنگرەی حزبە سۆشیال دیموكراتەكان بكەین، تەنانەت ئەگەر بیروڕای جیاوازیش لە نێوان ئەندامەكانیاندا هەبێت بەڵام دەبینین كۆنگرەكانیان سەركەتوون، واتە بڕیارەكان بە راوێژكردن دەردەكەن، ئەم حزبانە راستە هەموو جارێك لە هەڵبژاردنەكاندا سەرۆكەوتوو نابن، بەڵام سەرنەكەوتنەكەیان پێوەندی بە هەیكەلی حزبەكەوە نییە بەڵكو پێوەندی بە باردۆخی گشتیەوە هەیە.
ئەركی پارتی
لە داهاتوودا زۆر قورس دەبێت
ئەگەر لەسەر ئەم باكگراوەندە هەڵوەستەیەك لەسەر بەرنامەی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، كە ئێستا كۆمەڵێك راو بۆچوونی جیاواز و هەروەها كۆمەڵێك ئومێدیش لەسەری چڕبوونەتەوە، ئەوە دەكرێت لەخودی بەرنامەكەوە بۆچوونەكانی خۆمان ئاراستە بكەین، بەتایبەتی كە بەرنامەكە بەرنامەیەكی زۆر فراوانە و زۆر مەسەلەی بەشێوەیەكی تەفسیلی لەخۆی گرتووە، ئەو مەسەلانەش ئەركێكی زۆر گرنگ و ئیلتزامێكی زۆر گەورەیە كە پارتی بۆ قۆناخی ئاییندە خستویەتە سەرشانی خۆی، دانانی ئەو بەرنامەیەش بەو فراوانییە مانای ئەوەیە كە پارتی بەنیازە ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات، نیاز و نیەتیش بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەش گرنگە، بەڵام پرسیار ئەوەیە پارتی نیاز و نیەتی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە چۆنە و بەنیازە چۆن ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات؟ بێگومان پارتی دەیەوێت ئەم بەرنامەیە بكاتە بەرنامەی حكومەت و كاتێك لە هەڵبژاردن متمانە وەردەگرێت هەوڵدەدات ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بكات، راشكاوانەتر دەكرێن بڵێین پارتی لە دەسەڵاتە و دەیەوێت ئەو بەرنامەیە بۆ قۆناخی داهاتوو جێبەجێ بكات، ئەم بەرنامەیە زۆر لایەنی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و تادەگاتە بازرگانی و وەبەرهێنان و كێشەكانی لاوان و ئافرەتانی لەخۆی گرتووە، حاڵی حازریش پارتی خۆشی موعاناتی بەدەست ئەم كێشانەوە هەیە و دیدێكی روون و ئاشكرای بەرامبەر بەو مەسەلانە نییە، بۆیە دوای دانانی ئەم بەرنامەیە پارتی دیدێكی سیاسیی راشكاوانە بۆ ئەو پرسانە دەخاتە روو، پێمان دەڵێت نیازێك هەیە لەلایەن پارتیەوە بۆ ئەوەی گۆڕانگاریەك لە كۆمەڵگە بكات، بێگومان كۆمەڵگەی ئێمەش ئەو كۆمەڵگەیەیە كە پێویستە ریفۆرمێكی بنەڕەتی تیا ئەنجامبدرێت، دیارە ریفۆرمیش وشەیەكی سلبی نییە، بەڵكو ئیجابییە، بەڵگەیە لەسەر هۆشیاری ئەوەی هەست دەكەین باردۆخەكە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی چیدیكە بەو ئەقڵیەتە و بەو سیاسەتەی ئێستا پیادەی دەكەین، كۆمەڵگە پێشناكەوێت، بۆیە لەم خاڵەوە رووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، پێویستە چی بكەین؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە پێویستە گۆڕانكاری بكەین، بەڵام دیسان پرسیارێكی دیكە سەرهەڵدەدات ئەویش ئەوەیە چۆن دەست بەو گۆڕانكارییە بكەین؟ بێگومان پێویستە لەبنەڕەتەوە لەسەر بنەمایەكی فیكری دەست بەو گۆڕانكارییە بكەین، كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت، پارتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو قۆناخەی پێشتر هەبوو، كە قۆناخی خەبات و قوربانیدان و مقاوەمەت بوو كۆتایی هات، كە ئەویش قۆناخێكی زۆر گرنگ بوو ئەو خەبات و تێكۆشانە نەبوایە ئەمڕۆ نەدەهاتە دی، بەڵام ئێستا قۆناخێكی نوێ دەستی پێكردووە، لەم قۆناخە نوێیەدا پارتی ناتوانێت لەو چوارچێوەیە تەنانەت تا بەو سیاسەتەی پێشتر پیادەی كردووە، دەوڵەتێك یان كیانێك بەرێوەبەرێت، لەم بازنەیەدا واتە پارتی پێویستی بەبەرنامەیەكی تێر وتەسەل و تەفسیلی هەیە، بۆیە كە رەخنەی ئەوە لە بەرنامەی كۆنگرەی 13ی پارتی دەگیرێت بەوەی بەرنامەكە زۆر تەفسیلییەو، پەڕیوەتەوە بۆ ناو زۆر بوار كە ئەركی حزب نییە و ئەركی حكومەتەو، حزب تەنیا ئەركی ئەوەیە تێكەڵی هاووڵاتی بێت و متمانەی هاووڵاتی بەدەست بهێنێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە حزب چۆن متمانەی هاووڵاتی بەدەست دەهێنێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەیە متمانەی هاووڵاتی بەفیكرو بە چوارچێوەی فیكری و بە سیاسەتی حەكیمانە بەدەست دەهێنرێت. بۆیە گرنگە ئەو بەرنامەیە لەلایەن كۆنگرەی 13ەوە پەسەند بكرێت، بەڵام لەپەسەندكردنیش گرنگتر بواری جێبەجێ كردنە، لە بواری جێبەجێكرنیشدا دوو ئاستمان هەیە، یەكەمیان ئاستی حكومەتە كە ئەم بەرنامەیە ببێتە بەرنامەی حكومەت و دامودەزگاكانی حكومەت جێبەجێی بكەن، ئاستی دووەمیش ئاستی جەماوەرییە بەوەی كادرانی حزب جەماوەر بۆ ئەو بەرنامەیە ئیقناع بكەن تا ئەوەی خەڵك بڕوای بەوە بێت ئەم بەرنامەیە بۆ ئاییندەیە نەك وەك شتێكی رۆتینی وەربگیرێت.
بەرنامەی كۆنگرەی 13
تێگەیشتنی پارتیە بۆ خواستی خەڵك
بەرنامەی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی تارادەیەك رەنگدانەوەی كێشەكانی خەڵكە، بەڵام لە هەمانكاتدا پیشاندەری تێگەیشتنی پارتیشە بۆ كێشەكانی خەڵك، چۆن؟ لەبەرئەوەی هەر حزبێكی سیاسیی لە گۆشەنیگای خۆیەوە سەیری خواستەكانی خەڵك دەكات، بۆیە كاتێك ئەم بەرنامەیە جێبەجێ دەكرێت ئەو كاتە دەردەكەوێت ئەم بەرنامەیە تاچەند دەبێتەوە رەنگدانەوەی خواستی خەڵكەكە، بۆیە وەك پێشتریش ئاماژەمان پێكرد، كارایی كادرەكانی پارتی لە قۆناخی داهاتوو بۆ ئیقناعكردنی خەڵك زۆر گرنگە، بۆیە پێویستە لە قۆناخی داهاتوو كادرەكانی پارتی لەو ئاستە بن كە بتوانن شان بدەنە بەر ئەو ئەركەی كە بەرنامەكە دەیخاتە سەرشانیان، بەراستی ئەگەر كادرەكانی پارتی لەقۆناخی ئاییندە لەو ئاستە نەبن زۆر زەحمەتە بتوانرێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكرێت، لێرەدا گرنگە لەسەر كادرەكانی پارتی بۆ قۆناخی داهاتووش هەڵوەستە بكەین، بێگومان پێویستە كادرانی پارتی لەسەر هەردوو ئاست، چ ئەوانەی دەچنە ناو دامەزراوەكانی حكومەت دەبێت لێهاتوو بن، چ ئەوانەشی كادری جەماوەرین و لەگەڵ خەڵكن پێویستە لێهاتووبن و لەئاستی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەدا بن، بۆیە گرنگە پارتی لەناو حزب بەرنامەیەكی دیكەی رۆشنبیركردنی هەبێت(مەبەستم بەرنامەكە نییە).
میدیاكانیش دەبێت یارمەتیدەری پارتی بن بۆ سەرخستنی ئەو بەرنامەیە
گرنگە پارتی لە قۆناخی ئاییندە تێڕوانێكی جیاوازی لەوەی ئێستا هەیەتی، بۆ میدیاكانی خۆی هەبێت.
دەبێت بوار بكاتەوە بۆ ئەفكاری رەخنەیی، بەڵام رەخنە لەچوارچێوەیەكی گشتی، رەخنە بۆ پیشاندانی كەموكورتیەكان و بەرچاوخستنی كەموكورتیەكان بۆ ئەوەی حكومەت و هەروەها پارتیش هەوڵبدەن بۆ ئەوەی چارەسەری بكەن، كەواتە پێویستە میدیاكانی پارتی مەوزعیی و رەخنەیی بن و لەهەمانكاتیشدا رەنگدانەوەی كێشە و گرفتی هاووڵاتیان بن، لەبەرئەوە زۆر گرنگە میدیاكانی پارتی بتوانن رای خەڵك بگوازنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی، راستە هۆكاری دیكەش هەیە بۆ گواستنەوەی رای خەڵك بۆ سەركردایەتی پارتی، وەك كۆڕ و كۆبوونەوە حزبیەكان، بەڵام میدیا یەكێكە لە هۆكارە خێراكان دەبێت لەئاستی خواستەكانی هاووڵاتیاندا بێت.هەموو ئەمانەی كە ئاماژەیان پێدەكەین، ئاماژەیە بۆ راستیەك كە ئەویش ئەوەیە پارتی شانی خۆی داوەتە بەر ئیلتزامێكی گەورە، ئەویش جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەیە كە لە كۆنگرە پەسەندی دەكات، دیارە پەسەندكردنی ئەو بەرنامەیەش پێویست بوو، لەبەر ئەوەی ئەم قۆناخە قۆناخێكی دیكەیە و پێویستی بەگۆڕانكاری هەیە، قۆناخێكە ململانێیەكی زۆری تێدایە، ئەركی حزب زیادی كردووە، لەبەر ئەوەی حزب لەدەسەڵاتە و دەسەڵات بەرێوەدەبات، بۆیە ئەرك و ئیلتیزاماتی حزبیش بەرامبەر بە هاووڵاتیان زیادی كردووە و هاووڵاتیان داواكارییان زۆر بووە، زیاتر بەرەو باردۆخێكی ئابووری هەنگاو هەڵدەگرین و كە ئەم باردۆخەش هاتە پێشەوە خەڵك پێویستی بەخۆشگوزەرانی دەبێت، بۆیە ئومێد دەكەم ژینگەی كۆنگرەی 13ی پارتی لەو ئاستەدا بێت كە بە كۆمەڵێك بڕیاری گرنگەوە كۆنگرە بە سەركەوتوویی تەواو بێت و پارتیش پێ بنێتە قۆناخێكی دیكەوە.
Top