سەردانی بارزانی بــۆ فــەرەنــسـا، پێـوەنـدییە دیپلۆماتییەكانی هــەرێـمی گەیاندە لووتكە

سەردانی بارزانی بــۆ فــەرەنــسـا، پێـوەنـدییە دیپلۆماتییەكانی هــەرێـمی گەیاندە لووتكە


سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ فەرەنسا بە داوەتی فەرمی سەرۆك نیكۆلاس ساركۆزی و بڕیاردانی سەرۆك ساركۆزی بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فەرەنسا، وەرچەرخانێكە لەئاستی دیپلۆماتیەتی كورد بۆ ئاستی دیپلۆماتی دەوڵەتیی و ئاماژەیە بۆ ئەوەی جیهان لەسەر چ ئاستێك پێشوازی لە سەرۆكێك دەكات كە ئامانجی ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی و بونیادنانەوە و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی گەلەكەی و سەقامگیری و ئارامی وڵاتی خۆیەتی، هەر بۆیە ئەو راپۆرتەی میشال ئەبونەجم پەیامنێری رۆژنامەی ( الشرق الاوسط) لە پاریسەوە بۆ رۆژنامەكەی ناردووە بەناونیشانی (( پاریس وەك سەرۆكی دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بارزانی كرد و رێككەوتنی هاریكاری لەگەڵدا ئیمزا دەكات كە پڕۆژەكانی وزەش دەگرێتەوە)) ((باریس تعامل بارزانی كرئیس دولة وتوقع معه اتفاق تعاون یتضمن مشاریع طاقة)) ئەمە مانای ئەوەیە هەرێمی كوردستان لەسایەی سەرۆكایەتی سەرۆك مسعود بارزانی-دا لە جیهانی ئەمڕۆدا حسابی دەوڵەتی ئەمری واقیعی بۆ دەكرێت، راستە ئەندامی رێكخراوی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نییە، بەڵام هەموو ئەو پابەندبوونە نێودەوڵەتییانەی جێبەجێ كردووە، كە ئەمڕۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئومێد دەخوازێت دەوڵەتە ئەندامەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان جێبەجێیان بكات، ئەمە مانای ئەوەیە گەلی كوردستان بە سەرۆكایەتی مسعود بارزانی شایستەی ئەوەیە ببێتە ئەندامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهان بەو ئاستە بەرزە پێشوازی لێبكات، لە رۆژی 27/1/2010 و لە میانەی سەردانەكەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ كۆشكی سپی و پاشانیش كۆڕەكەی لە ئامۆژگای بەناوبانگی بڕۆكینگز، بەڕێوەبەری كۆڕەكە پرۆفیسۆر كینس پۆلاك سەرۆكی سەنتەری سبان لە برۆكینگز بەمجۆرە سەرۆك مسعود بارزانی پێشكەشی ئامادەبووانی كۆڕەكە كرد: بۆ كەسێك شارەزای سیاسەتی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت زۆر زەحمەتە بتوانێت پێناسەی سەرۆك مسعود بارزانی بكات، من ئەم بەیانیە زۆرم بیركردەوە، بۆم دەركەوت پێگەی مسعود بارزانی لەسیاسەتی عێراقی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەی پاریسە لە فەرەنسادا، هەموو رێگەكان دەچنەوە بۆلای مسعود بارزانی)، پرسیار لەسەر ئەم وەسفە شایستەیەی پرۆفیسۆر پۆلاك بۆ سەرۆك مسعود بارزانی ئەوەیە، پێگەی بارزانی بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆنەوە، وەك پێگەی پاریس لە فەرەنسا دەبینرێت، ئایا لە پاریسەوە پێگەی بارزانی بۆ سیاسەتی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە پێشوازی سەرۆك ساركۆزی بۆ سەرۆك بارزانی دەخوێنرێتەوە، كە بەڕێز سەمیر عەبدوڵڵا مستەفا بۆ ئەم راپۆرتە پێی راگەیاندین و وتی: ((بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لەكۆشكی ئەلیزێ لەلایەن سەرۆكی فەرەنساوە نیكۆلا ساركۆزی و گەورە بەرپرسانی كۆشكەوە پێشوازییەكی گەورەی لێكرا، پێشوازییەك كە لەئاستی سەرۆك دەوڵەتدا بوو، لەوچاوپێكەوتنەدا كە بە وەرچەرخان و دەستكەوتێكی گەورەو مێژوویی دادەنرا، باس لە دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنساو گەلی كوردستان كرا، ساركۆزی زۆر تەئكیدی لەوە كردەوە، فەرەنسا پاڵپشتی و پشتگیری دامەزرانی عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی دەكات و كە مافی كوردی تێیدا زامن كرابێت، لە پرۆسەو گۆڕەپانی سیاسیشدا بوونێكی كاریگەر و تەواوی هەبێت. لەو چاوپێكەوتنەدا سەرۆكی یەكێك لە هەرە دەوڵەتە گەورەكانی ئەوروپاو جیهان ئارەزووی خۆی و ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی سەردانی كوردستان بكات، سەرۆكی هەرێمیش خۆشحاڵی خۆی و گەلی كوردستانی دەربڕی بۆ پێشوازیكردنی ئەو سەردانە. زۆر گرنگە سەرۆكی وڵاتێكی گەورەی جیهان خۆی داوەتی خۆی بكات و بێتە هەرێمی كوردستان و گرنگییەكی تایبەتی بەهەرێمی كوردستان بدات، ئاماژە بەچەندین رێككەوتننامەو یاداشتی لێكگەیشتن كرا)). وتەكانی سەمیر عەبدوڵلڵا مستەفا ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی ئاماژە بەوە دەكەن، كە بەڕێز سەرۆك نیكۆلاس ساركۆزی سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهان دوای ئەمریكا و سەرۆكی گەورەترین وڵاتی یەكێتی ئەورپا ئامادەباشی پیشانداوە، وەك یەكەمین سەرۆك دەوڵەت سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، ئەمە سەیركردنی پێگەی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانە لە پاریسەوە و دانپێدانانی سەرۆك سارۆكۆزیە كە هەموو سیاسەتەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنەوە بۆ هەولێر، دەبێت ئەوەی بەرژەوەندی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكات، دەستپێشخەری سەرۆك ساركۆزی بۆ سەردانی هەولێر، سەلماندنی راستگۆیی قسەكانی پرۆفیسۆر پۆلاكە كە پێگەی بارزانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاریسە لە فەرەنسادا و هەموو رێگەكان لە فەرەنسا دەچنەوە بۆ پاریس، ئەمەش واتە هەموو رێگەی سیاسەتەكانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچنەوە هەولێر، بۆیە كاتێك ساركۆزی ئەم دەستپێشخەریە گەورەیە دەكات، واتە پێش هەر وڵاتێكی دیكە ئیڤل دەست لەملی قەڵای هەولێر دەكات.
هەر لەم سەردانەدا و سەبارەت بە بەرنامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەم سەردانەدا یاوەری سەرۆكی كوردستان بوو بەم راپۆرتەی راگەیاند: (( بێجگە لەدیداری جەنابی سەرۆك لەگەڵ سەرۆك ساركۆزی و ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بەرنامەی دیكەمان ئەوەبوو لەگەڵ كۆمپانیایە گەورەكانی فەرەنسا كۆببینەوە، ئەوەبوو لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری سەرۆك و بەرپرسانی گەورە كۆمپانیاكانی فەرەنسا كۆبووینەوەو وتووێژەكانمان دەستپێكرد لەپێناو هاندان و راكێشانی ئەو كۆمپانیایانە بۆ ناو هەرێمی كوردستان تاوەكو لەكاری بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان هاوكارمان بن و گەلی كوردستانیش لەبەگەڕخستنی ئەو وەبەرهێنانە سوودمەند بێت، ئەم چاوپێكەوتن و كۆبوونەوانە هەندێكی بەئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەو كۆمپانیانەی فەرەنسا كە كۆبوونەوەو دیدارمان لەگەڵ ئەنجامدان، بەهەرە گەورە كۆمپانیاكانی فەرەنسا دادەنرێن و تەنانەت رۆڵ و پێگەی خۆیان لە ئابووری جیهان هەیەو دەیانەوێت لەهەرێمی كوردستان رۆڵێكی جددییان هەبێت. جەنابی سەرۆك، بە كۆمپانیا فەرەنسییەكانی راگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە ئاسانكارییان پێشكەش بكات. خاڵێكی تری وێستگەی سەردانەكەمان بۆ مۆزەخانەی لۆڤەر بوو، لە لۆڤەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پسپۆر و شارەزایانی شوێنەوارناسی چاوپێكەوتن و دیداری ئەنجامدا، شوێنەوارەكانی لۆڤەر بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بەشوێنەواری عێراقەوە هەبوو ئەو راستییەی دەردەخست كە عێراق خاوەنی مێژوویەكی گەورەو دەوڵەمەندە، ئەو پسپۆر و شارەزایانەی شوێنەوارناسی لە لۆڤەر زانیارییەكی زۆر باشیان لەسەر مێژووی كوردستان و ناوچەكە هەبوو، جەنابی سەرۆك بارزانیش زانیاری زۆرباشی دایە پسپۆر و شارەزاكانی شوێنەوارناسی لۆڤەر، بێگومان ئاشكرایە فەرەنسییەكان داهاتی یەكەمیان لەسەر گەشتوگوزارەو گەشتوگوزاری شوێنەواریش گرنگترین داهاتی لێ دەست دەكەوێت، بۆ ئێمەش لە هەرێمی كوردستان كاتی ئەوەهاتووە كاری پشكنین بۆ شوێنەوارەكانمان بكەین و بیپارێزین و مێژووی پڕ شانازی خۆمان نیشانی میللەتانی دنیا بدەین)) .
یاداشتنامەی لیكتێگەیشتنی هاوبەش
بە زمانی فەرەنسی و كوردی
((فەرەنسا دەیەوێت هاوكاری گەلی كوردستان بكات و لە داهاتوویەكی نزیكدا بوونێكی بەهێزی لە هەرێمی كوردستان هەبێ)). ئەم چەند وشەیە قسەكانی بێرنارد كۆشنەری وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كە پێش ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری راگەیەنراوە، سەبارەت بەو تەوەر و باسانەی لە پێش ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان فەرەنسا و كوردستان، سەمیر عەبدوڵڵا مستەفا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە بە گوڵانی راگەیاند: (( دوای دیداری سەرۆكی كوردستان لەگەڵ سەرۆك ساركۆزی، سەرۆكی كوردستان لەلایەن بێرنارد كۆشنەری وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشوازی لێكراو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا میوانداریی سەرۆكی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ نیوەڕۆ خوانێك كرد، لەسەر مێزی نانخواردن باس لەو پێوەندییە مێژووییە بەهێز و دێرینانە كرا كە بەڕێز بێرنارد كۆشنەر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ گەلی كوردستان هەیبووە، بۆ داهاتووش بەڕێزی پێی راگەیاندین ((فەرەنسا دەیەوێت یارمەتی و هاوكاری گەلی كوردستان بكات و لە داهاتوویەكی نزیكدا بوونێكی بەهێزی لەم هەرێمەدا دەبێت، ئەمەش چ بەشێوەیەكی ئابوورییانەو بازرگانی بێت یاخود لە رێگەی زیادكردنی وەبەرهێنان و هاندانی بیزنسكارانەوە بێت، فەرەنسییەكان لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە پێوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوان دەكەن و دەیانەوێت لەرووی سیاسیشەوە بوونێكی بەهێزیان لەهەرێمی كوردستان هەبێت، تاراددەیەكی باش ئەم ویستەیان لە رووی پراكتیكییەوە لە رێگەی كونسوڵخانەكەیانەوە لەهەولێر جێبەجێكراوە. هەروەها تەوەرێكی دیكەی قسەكانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆكی كوردستان تایبەت بوو بە بارودۆخی كریستیانەكان لە عێراق، كە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و كوردستانیش بۆتە پێگەیەكی ئارام بۆ ئەو برا كریستیانانەی لە پارێزگای موسڵ و بەغداو ناوچەكانی تری عێراقەوە رووبەڕووی تیرۆرو توندوتیژی بوونەتەوە، لەمبارەوە جەنابی سەرۆك ئاماژەی بەوەكرد تا ئێستا نزیكەی 8 هەزار خێزانی مەسیحی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكردون و پاراستوونی، دوای ئەوەی جەنابی سەرۆك ئەم واقیعەی بۆ خستنە روو، لایەنی فەرەنسی سوپاسی ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانیان كرد، هەر لەمیانەی ئەم وتووێژانەدا سەرۆكی كوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسیان لەو پڕۆژانە كرد كە لەداهاتوودا دەكرێت لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن. هەروەها باس لە بایەخدان وگرنگیدان بە شوێنەوارەكان و چۆنیەتی ئەنجامدانی كاری پشكنین و پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار بابەتێكی گرنگی تری گفتوگۆكانی سەرۆكی هەرێم و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بوو، بێگومان پێش ئیمزاكردنی ئەم یاداشتنامەیە و پێشتر چەند گرێبەستێكمان لەگەڵ زانكۆی لۆمۆندی 2ی فەرەنسا بۆ كنە و پشكنینی شوێنەوارەكانی كوردستان ئیمزاكردووە و ئێستا تیمی زانكۆی لۆمۆندی فەرەنسی لە كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی كنە و پشكنینن لە شوێنەواری كلك مشك لە نزیك شاری هەولێر). سەبارەت بە گرنگی ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و بێرنارد كۆشنەر، ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی و ئامادەبوو لە رێوڕەسمی ئیمزاكردنی ئەو یادداشتنامەیە بە گوڵانی راگەیاند ((پێش هەموو شت دەخوازم لە رێگەی گۆڤاری گوڵان ئەوە بە هاووڵاتیانی كوردستان بڵێم كە ئەم یاداشتنامەیەی لە نێوان حكومەتی فەرەنسا و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزاكرا، بە هەردوو زمانی فەرەنسی و كوردی نووسرابۆوەوە، هێندەی من ئاگاداربم ئەمە یەكەمین جارە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بەزمانی كوردی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتێكی دیكە ئیمزا بكرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێكی گەورەیە لە ئاستی دیپلۆماتیەتی هەرێمی كوردستان، یەكێك لەگرنگترین خاڵ و بڕگەكانی یاداشتنامەكە تایبەت بوو بەوەی ئێمە بەپێی پلان بچین بۆ پێشەوە و ماستەرپلان دابڕێژین، ئەمەش سەرەتای رێگەیەكی راست و دروستە و دەرئەنجامێكی باشی لێدەكەوێتەوە، ئەوجا بابێنەوە سەر رێوڕەسمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، پاش تەواوبوونی ئەو داوەتەی كە لەسەر شەرەفی سەردانی جەنابی سەرۆك بۆ فەرەنسا رێكخرابوو، یاداشتنامەی لێكگەیشتن لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فەرەنسا لەلایەن هەریەك لە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز بێرنارد كۆشنەر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا مۆركرا، دوای ئەوە هەردوو بەڕێز بارزانی و كۆشنەر، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشیان بۆ رێكخرا، كە لە شێوەی پرسیارەكان و وەڵامەكانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی نێوان سەرۆكی كوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەو راستییە دەردەكەوێت كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی دیپلۆماتی گەورەترین پێشوازی لێكراوەو ئومێدی فەرەنساش بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر گەورە و فراوانە. كەواتە لێرەدا دەتوانم راشكاوانە ئاماژە بەو راستییە بكەم، كە مۆركردنی یاداشتنامەی لێكگەیشتن وەرچەرخانێكی گرنگە لەرووی پێشڤەچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا، كە چەندین بواری گرنگ لەخۆدەگرێت لەرووی پەروەردەیی و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوەو شوێنەوار و گەشتوگوزارییەوە، فەرەنسا دەیەوێت بەهەموو هێز و توانای تەكنۆلۆژیای خۆیەوە رووبكاتە هەرێمی كوردستان و رۆڵی هەبێت لە گەشەپێدان و پێشڤەچوون و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان)). لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا و سەبارەت بە چۆنیەتی داڕشتنی ئەم یاداشتنامەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا بەڕێز سەمیر عەبدوڵڵا یاوەری سەرۆك بارزانی وتی: (( بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بێرنارد كۆشنەر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆڵیان هەبوو لەداڕشتنی ئەو یاداشتنامەیە بەو شێوەیەی ئێستا لەنێوان هەردوولادا ئیمزاكرا، بەشێوەیە كە هەموو بەش و بوارێكی گرنگ لە هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی توێژینەوەی ورد و زانستی بۆ كراوە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر، وەك وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاگاداری چەند بوارێكی گرنگی ناو یاداشتنامەكەم، ئەو بڕگانەی پێوەندی بە پڕۆژەو كاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەیە، بۆیە ئێمەش وەكو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەوڵەمەندكردنی یاداشتنامەكە زانیاری تەواومان پێشكەشیان كردن، دوای ئەوەی دیراسەت و وردەكاری باش لەسەر بڕگەو تەوەرەكان كراوە، بەشێوەیەكە ئاستی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا لە ئێستاو داهاتوودا دیاریدەكات)).
داهاتوویەكی پرشنگدار
چاوەڕێی هەرێمی كوردستان دەكات
ئەم ناونیشانە تایتڵی یەكێك لە راپۆرتەكانی كەناڵی 4ی بەریتانیا كە دوای سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا و فەرەنساو هەروەها گرێدانی كۆنفرانسی گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان لە لەندەن، بڵاویكردۆتەوە، رۆژنامەنووس جۆناسان رۆگمان كە ئامادەكاری راپۆرتەكەیە بەمجۆرە وەسفی ئێستای هەرێمی كوردستانی كردووە و نووسیوویەتی: (كوردەكانی عێراق هەمیشە حەزدەكەن ئەوە دووبارە بكەنەوە «جگە لە چیاكان هیچ هاوڕێیەكی دیكەمان نییە». بەڵام ئەو قسەیە چیتر دروست نییە. لەبەرئەوەی ئەمڕۆ كوردەكان هاوڕێ و دۆستی زۆریان هەیە، هەرێمی كوردستان كراوەیە بۆ بزنس، پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەلایەنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیاوە ساتێكی مێژوویی بوو بۆ كۆتاییهێنان بە مەینەتییەكانی كورد، كە دەیان ساڵ بوو چەوسێندرابوونەوە. بۆیە ئەمڕۆ كورد بە باشتری دەزانن جەخت بكەنەوە لەسەر پێكهێنانی سامانێكی تایبەت بەخۆیان وەكو گرەنتییەكی باشتر بۆ ئەو ئازادییە نوێیەی كە وەدەستیان هێناوە.كوردستان دەوڵەمەند دەبێت، هەر زۆریش دەوڵەمەند دەبێت و دەنگۆیەك هەیە كە كوردستان دەبێت بە «دوبەی»ی دووەم لە ناوچەكە، بەڵام بە «ئاو»ەوە، لەبەرئەوەی جیاوازییەكەیان ئەوەیە كە كوردستان ئاوەدانتر دەبێت. ئەو شتە مایەی سەرسووڕمان نییە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان نەك تەنیا ئاو، بەڵكو نەوتیشی هەیە، هەر بۆیە دەبینین ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان-دا 17 كونسوڵخانەی دیپلۆماتی لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە. هەروەها لەگەڵ بوونی 38 كۆمپانیای نەوت كە بەپەرۆشەوە چاوەڕوانن یاسای نەوت و گاز ئیمزا بكرێت و لەزووترین كاتدا دەست بە كاری گەڕان و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا بكەن. سەبارەت بەو رێژەیەی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا، كە ئێستا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنرێت، پێشبینی دەكرێت دوای ماوەیەكی دیكە رێژەكە ببێتە دوو ئەوەندە و لەماوەی 5 ساڵدا رۆژانەی بگاتە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت. بێگومان كۆمپانیاكانی توركیا پێشوەختە خۆیان ئامادەكردووە بۆ كارەكانی وەبەرهێنان، ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و لوبنان. لە سەرەتای ئەم مانگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە «ئەنكەرە»ی پایتەختی توركیا بوو. هەر بۆیە، بەهیچ شێوەیەك مایەی سەرسووڕمانی نییە كە كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر كراوەتەوە)) . ئەو دێرەی جۆناسان رۆگمان سەبارەت بە كردنەوی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر ئاماژەی پێكردووە، بەوەی جێگە سەرسوڕمان نییە، واتە جێگەی سەرسوڕمان نییە كە توركیا سیاسەتی خۆی سەبارەت بەهەرێمی كوردستان گۆڕیوە، لەمەش زیاتر چاوەڕێی زیاتر دەكرێت، هەروەها لە راپۆرتەكەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەتیش كە ئاماژە بە پێشوازیە بەرزەكەی ساركۆزی لە سەرۆك بارزانی دەكات، ئاماژەشی بەوەكردووە كە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا، پڕۆژەكانی وزەش دەگرێتەوە، هەموو ئەمانەش پێكەوە راست و دروستی ئەو سیاسەتە دەسەلمێنن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوو پیادەی كردووەو هەوڵیداوە لەچوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی دەستووری عێراق بەهەرێمی كوردستانی داوە سیاسەتی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە بواری ئابوری بازرگانی رێكبخاتەوە، وەك پرۆفیسۆر هنری باركیش لە دوایین راپۆرتی خۆیدا كە لە ئامۆژگای ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ئاشتی، ئاماژەی پێكردووە ئێستا تەنانەت توركیاش لەو سیاسەتە راست و دروستەی هەرێمی كوردستان تێگەیشتووە، كە هەرێمی كوردستان مافی دەستووری خۆیەتی كێڵگە نەوتییەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبەرێت، بەتایبەتی ئەو كێڵگە نەوتییانەی دوای پەسەندكردنی دەستووری عێراق دۆزراونەتەوەو نەوتی لێدەردەهێنرێت، دەربارەی رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی پێنجەم بۆ زەمینەسازی بۆ ئەم كرانەوەیە سەمیر عەبدوڵڵا مستەفا بەمجۆرەی رای خۆی بۆ ئەم راپۆرتە خستەڕوو: ((سیاسەتی كابینەی پێنجەم بوو پێوەندییەكانی هەرێمی لەگەڵ فەرەنساو وڵاتانی پێشكەوتووی دیكەی جیهان گەیاندە ئەو ئاستە بەرزەی ئێستا دەیبینین، بەرنامەو پلانەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی نەخشەی رێگەی بوو بۆ پتەوكردن و داڕشتنەوەی پێوەندییە دەرەكییەكان و ئێستا پەیڕەو دەكرێت، بۆیە كاتێك كۆشنەر باسی رۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكات لەداڕشتنی پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا، ئەمە مانای ئەوەیە كۆشنەر رۆڵی سەرۆكی حكومەتی پێشووی هەرێمی كوردستان و كابینەكەی لەیاد نەچووەو بەبەردەوام بەرزی هەڵدەسەنگێنێت...هەروەها گەیشتنی ئاستی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا بەم ئاستەی ئێستا، ئەمە جێگەی سەرنج و تێڕوانینە، لەبەر ئەوەی فەرەنسا پێشتر هەڵوێستی تایبەتی هەبووە لەسەر شەڕی عێراق، ئێستا جیاوازییەك لە هەڵوێست و سیاسەتی فەرەنسا تێبینی دەكرێت و سیاسەتی فەرەنسا بەتەواوی گۆڕدراوەو حكومەتی ئێستا وەكو پێشتر نییە، ئێستا فەرەنسییەكان بەتەواوی هێز و توانایانەوە دەیانەوێت روو لەهەرێمی كوردستان بكەن، چونكە دەزانن داهاتوویەكی گەش و باش چاوەڕێی هەرێمی كوردستان دەكات. هەرێمێكی سەقامگیر و ئارام، دەكرێت كۆمپانیا گەورەكانی فەرەنسا وەبەرهێنانی تێدا بكەن...بەڕاستیش رۆڵی فەرەنسا لە جیهانی ئەمڕۆدا گرنگە، یەكێك لە گەورەترین و گرنگترین وڵاتەكانی ئەوروپاو جیهان فەرەنسایە، خاوەنی هێز و تواناو تەكنۆلۆژیاو كولتوور و رۆشنبیرییەكی فراوانە، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان خاوەنی پێگە و هێزی تایبەتی خۆیەتی و رۆڵی كاریگەری هەیە، دەتوانێت پاڵپشتی و پشتگیری باشی هەرێمەكەمان بێت لەسەرجەم بوارەكان دا)).
Top