پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌دارِشتنه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاستدا

پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌دارِشتنه‌وه‌ی جیۆپۆله‌تیكی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌رِاستدا
((كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر وەرچەخانێكی گەورەبوو لە سیاسەتی دەرەوەی توركیـــا بەرامبەر هەرێمی كوردستـــــــــان، گۆڕانەكە بەو ئــــاستەبوو، یەك دوو ساڵ لەمەوپێش لە توركیا باسی كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیــــــا لە هەولێر بكرایـــــە، بە خیـــــانەت لە قەڵـــەمدەدرا.))
هنری باركی
بایەخ و گرنگی سەردانی فەرمی بەڕێز مسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، وەرچەرخانێكی گەورە بوو نەك تەنیا لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، یان سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكە، بەڵكو وەرچەرخانێكە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی جیۆ سیاسیی ناوچەكە، ئەو نەخشە جیۆسیاسییەی كە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەسەر دەستی ئیدارەی بوش دروستیكرد و ئێستا لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا جێبەجێ دەكرێت، ئەم تێڕوانینە، بەرەنجامی ئەو راپۆرتەیە كە ئامۆژگای وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئاشتی( www.usip.com) لە راپۆرتێكی پرۆفیسۆر هنری باركی بەناونیشانی (( پێوەندی نوێی توركیا لەگەڵ عێراق: كوردستانی عێراق لەخۆی دەگرێت - Turkey’s New Engagement in Iraq:Embracing Iraqi Kurdistan) ئەم تایتڵەی راپۆرتەكەی USIP بۆ راپۆرتەكەی هەڵبژاردووە، تەواوكەری مانای هەمان راپۆرتە كە لە یەكی حوزەیرانی 2009 داڤید فلیپس بە ناونیشانی بونیادنانەوەی متمانە لە نێوان توركەكان و كوردەكانی عێراقدا( Confidence Building Between Turks and Iraqi Kurds)، ئەم راپۆرتە كە دوومانگ پێش ئەو سیاسەتەی توركیا پێی دەڵێت ( كرانەوەی دیموكراتی) دەرچووە، ئاماژە بەوەدەكات، داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان توركیا عێراق، دوەستێتە سەر بۆچوونی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو پێوەندییە، ئەمە مانای ئەوەیە:
1- جوگرافیای سیاسیی تازەی ناوچەكە فەرزی دەكات ئەمری واقیعی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراق و كیانێكی دیموكراتی لە ناوچەكە، لەم جوگرافیا سیاسییە تازەیەدا دەبێت شوێنی شیاوی خۆی بۆ دابنرێت.
2- ئەو جوگرافیا سیاسییە كۆتایی پێهات، توركیا و عێراق پێوەندیان ئاسایی بێت و هیچ حسابێك بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق نەكرێت.
بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا كورد چۆن سەیری ئەم جوگرافیا سیاسییە تازەیەی كردبوو، ئایا چۆن مامەڵەی لۆژیكانەی لەگەڵ ئەم جوگرافیایە سیاسییە تازەیەكرد؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاشكرایە سەركردایەتی سیاسی كوردستان بە تایبەتی بەڕێزان سەرۆك بارزانی و سەرۆك تاڵەبانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر چاك لەو راستیە ئاگاداربوون لەم جوگرافیا سیاسییە تازەیەی ناوچەكەدا، زمانی شەڕ و رەفتاری عەسكەر جێگەی نابێتەوە، بۆیە ئەركی سەرشانی دیپلۆماتیەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ناوچەكە بەوە قایل بكەن كە زمانی پێكەوە ژیان و سەرخستنی نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەكە ئاشتییە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كە لە ساڵی 2007 بۆ ئیدارەدانی تەنگژەی سنوور بەزاندنی توركیا بۆ خاكی هەرێمی كوردستان، رووبەڕووی ئەو ئەركە قورس و سەختەكرایەوە، لەو رۆژەی بەڕێز رەجەب ئەردۆگان لە واشنتۆن لەگەڵ سەرۆك بوش كۆبوونەوەی دەكرد بۆ ئەوەی تیشكی سەوزی لێوەربگرێت و لە بەهاری 2008 هێڕش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان، هەر لەو رۆژەدا واتە 5/11/2007 لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست وتارێكی بڵاوكردەوە بە ناونیشانی (ئومێدی كوردستان وتووێژە - Kurdistan>s Hope for Talks) ئەم راپۆرتە پێشنیار دەكات بۆ خوێنەرانی هەموو جارێكی دیكە ئەو وتارەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بخوێننەوە، لەبەر ئەوەی لەو وتارەدا، ئەوەیە ئەمڕۆ لەسەر ئەرزی واقیع و هەردوولا ( توركیا و هەرێمی كوردستان پێكەوە) جێبەجێی دەكەن، ئێمە وەك گۆڤاری گوڵان لەو كاتەی توركیا هێرشە سنووردارەكەی لە بەهاری 2008 كردە سەر چەند ناوچەیەكی سنووری بۆ سەرهەرێمی كوردستان، زۆر راشكاوانە ئاماژەمان بەوەكردبوو كە داهاتوو بۆ زمانی ئاشتی و چارەسەری ئاشتیانە و كرانەوە و دیموكراتییە، ئەوكاتە وتمان ئەو سیاسەتەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بەتایبەتی هەردوو بەڕێزان بارزانی و تاڵەبانی پیادەی دەكەن و بەڕێز نێچیرڤان بارزانیان بۆ پیادەكردنی راسپارد، دەبێتە ئەو سیاسەت و دیپلۆماتیەی بۆ ئیدارەی ئەو تەنگژەیە لەلایەن كوردە وە پیادەكرا لە كۆلیژەكانی سیاسەتی زانكۆكانی كوردستان بخوێنرێت، ئەمە لەبەر هۆكارێكی زۆر گرنگ ئەویش ئەو هۆكارەیە كە پرۆفیسۆر هنری باركی لە دوایین راپۆرتی خۆی سەبارەت بەكردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی توركیا ئاماژەی پێكردووە و نوسیوویەتی: (كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر وەرچەخانێكی گەورە بوو لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، گۆڕانەكە بەو ئاستەیە یەك دوو ساڵ لەمەو پێش لە توركیا باسی كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بكرایە، بە خیانەت لە قەڵەمدەدرا)، ئەمەیە رووی شاراوەی ئەم سەردانە مێژووییە كە زۆركەس تائێستا هەن وەك خۆی تیێناگەن، ئەمە سەركەوتنی ئیرادەی ئاشتی و پێكەوە ژیانە بەسەر ئیرادەی شەڕ و بەرهەمهێنانی توندوتیژی كە ژەنراڵە سەربازییەكانی توركیا نەخشەیان بۆ دادەڕشت و مایكل رۆبین لە ئەمریكا دەهۆڵی بۆ لێدەدا و خەڵكانێكیش لە كوردستان دەیانكرد بە كوردی و دژی ئەو سیاسەتە راستەی سەركردایەتی كوردستان بانگێشەی ژەهراویان دەكرد و بە هاوشانی بەرەی توركمانی رای گشتی كوردستانیان پێدەشێواند، بەڵام با ئاكامی هەموو كارەكتەرەكانی ناو بەرەی شەڕ و توندوتیژی بەراورد بكەین، ئایا ئەو كارەكتەرانە چۆن لە هاوكێشەكەدا پەراوێز خران، بەتایبەتی وەك یەشار بیوكانیت و مایكل رۆبن و بەرەی توركمانی، لەناو رای گشتی كوردستانیشدا ئەوانەی بانگێشەیان بۆ بەرەی توركمانی و مایكل رۆبن و یەشار بیوكانیت دەكرد، لەبەرامبەردا بزانن هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی هەرێمی كوردستان، پێگەی كوردستانیان خستە ئەو ئاستەی لە سەر ئاستی سینتاكسەكانی UPIS، و ئەتڵەنتیك كاونسل بۆتە ئەو واقیعەی پێش هەمووان بە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دەڵێن ئاشتی ناوچەكە و جێبەجێكردنی نەخشەی جیۆسیاسیی ناوچەكە بەستراوەتەوە بە تێڕوانینی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێت:
1- نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەكە سەركەتوو نابێت، ئەگەر تێڕوانینی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو نەخشە سیاسییە تازەیە لەبەرچاو نەگیرێت.
2- ئاشتی لەو ناوچەیە دروست نابێت ئەگەر تێڕوانینی هەرێمی كوردستان بۆ ئاشتی ناوچەكە لەبەر چاو نەگیرێت.
سەبارەت بەم دووخاڵە گرنگە پرۆفیسۆر هنری باركی لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت: ئەمریكا لە عێراقدا نەیتوانی ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنێت كە وەك ئامانج بۆخۆی لە عێراقدا دەسنیشانی كردبوون، هەروەها نەیتوانی نیزام و یاساش لە عێراقدا بچەسپێنێت،. بۆیە بە هاتنی ئۆباما بۆ كۆشكی سپی، ئۆباما بەرلەوەی بیر لەوە بكاتەوە داهاتووی عێراق بەرەو كوێ دەڕوات، بڕیاریدا هێزەكانی ئەمریكا لە كاتی خۆیدا پاشەكشە پێبكات)، پرۆفیسۆر باركی لە درێژەی راپۆرتەكەیدا دەڵێت ( بەڵام نیگەرانی سەبارەت بە داهاتووی عێراق لە بیری سیاسەتسازانی ئەمریكادا هەبوو، بۆیە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەم گۆڕانە دراماتیكیانە لە سیاسەتی توركیا روویدا) باركی ئەو گۆڕانكاریانە بەم شێوەیە پۆلین دەكات:
1- توركیا لە ئابی 2009 دەستپێشخەرییەكی گەورەی كرد بە راگەیاندی سیاسەتی كرانەوەی دیموكراتی و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەتوركیا، ( جێگەی ئاماژە پێكردنە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەم سیاسەتە كرد).
2- توركیا كە هەتا ئەوپەڕی دژی هەرێمی كوردستان و حكومڕانی هەرێمی كوردستان بوو، 180 پلە سیاسەتی خۆی بەرامبەر هەرێمی كوردستان گۆڕی، پێوەندییە ئابوورییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر كرد.
3- لەگەڵ ئەم گۆڕانكاریانە، بەرەو پێشەوەچوونەكان بەیەك گەیشتن ( واتە هەرێمی كوردستان وەڵامدانەوەی ئیجابیانەی بۆ هەنگاوەكانی توركیا هەبووە)، ئەمەش بووە هۆكاری دروستبوونی نەخشەیەكی تازەی جیۆسیاسیی تازە لەناوچەكە و تێگەیشتن لەسیاسەتی تازەی دەرەوەی توركیا.
كەواتە سیاسەتی تازەی دەرەوەی توركیا، كە ئەو سێ خاڵە گرنگەی ئاماژەمان پێكرد، ئەوا هەرسێكیان لە وتارەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی رۆژی 5/11/2007 دا هەن كە لەرۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردۆتەوە، بۆیە وەڵامدانەوەی ئیجابیانەی هەرێمی كوردستان بۆ سیاسەتی تازەی دەرەوەی توركیا، تێگەیشتنی هاوبەشی هەردوولا بوو بۆ چارەسەری ئاشتیانەو پێوەندی دراوسێیەتی باش لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا، باركی سەربارەت بە ئیلتزامی ئیدارەی ئۆباما بەرامبەر هەرێمی كوردستان، چوار خاڵی دیكە پێشنیار دەكات كە بریتین لە:
• پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر بكاتەوە، ئەمە لە رووی سایكۆلۆژیەوە بۆ كورد زۆر گرنگە بۆ ئەوەی كوردەكان هەست بكەن ئەمریكا بەفەرمی دانیان پێدادەنێت( ئەم خاڵە ئەمریكا هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە و بڕیاردراوە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بكرێتەوە).
• هەر كە حكومەتی تازەی عێراق پێكهات، ئەمریكا داوای هاوكاری لە یۆنامی و تەواوی لایەنە پێوەندارەكان دەكات كە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان چارەسەربكرێن، ( ئەمەش واتە جێبەجێكردنی ماددەی 140).
• هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت وگازی عێراق.( ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ئێستا ئەنكەرا پشتگیری ئەو یاسای نەوت و گازەی حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەكات، كە رێگە دەدات بەپێی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی گرێدانی كۆنتراكت و بەڕێوەبردنی كێڵگە نەوتی و گازیەكانی خۆی هەبێت).
• هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەرەو حكومڕانی باش( ( Good governance لەبەر ئەوەی ماوەیەكی زۆرە هەرێمی كوردستان پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ بەڕێوەبردن و حكومڕانی، ( هەڵوەستە كردن لەسەر ئەم خاڵە گرنگە لەبەر ئەوەی بەكارهێنانی چەمكی ( Good governance ) لەم راپۆرتە بەو مانایە نییە كە حكومڕانی ئێستا خراپە، نەخێر واتە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ پتەوكردنی دامەزراوەكان، سەروەریی یاسا، واتە دروستكردنی دەوڵەتی قانوون، كە نەك ئێمە، بەڵكو هەموو دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوو لەم قۆناغەدا پێویستی بە هاوكاری دەرەوە و بانكی نێودەوڵەتی هەیە. لەبەر ئەوەی پرۆفیسۆر باركی لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی سەبارەت بە پێگەی هەرێمی كوردستان وەك هۆكارێك بۆ ئەو گۆڕانگارییە گەورەی لە پێوەندییەكانی نێوان ئەنكەرا و هەولێر هاتۆتە ئاراوە بەمجۆرە ئاماژەیان پێدەكات:
1- هەرێمی كوردستان توانی خۆی دابمەزرێنێت، واتە توانی وەك كیانێكی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا نموونەیەكی دیموكراتی خۆی فەرز بكات.
2- سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە بڕیارەكانی بەغدا بۆ داهاتووی عێراق رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕن، بۆیە ئەگەر توركیا بیەوێت رۆڵێكی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت، ئەو رۆڵە لەهەولێرەوە دەست پێدەكات نەك لە بەغداوە.
3- هەرێمی كوردستان وەك تەنیا كیانی كوردی لە مێژوودا توانی بۆ یەكەمجار وابكات بەشەكانی دیكەی كوردستان سوود لەیەكتری وەربگرن.
ئەمە پرۆفیسۆر باركی ئاماژەی پێكردون، رای بۆچوونی كادرێكی پارتی یان یەكێتی نییە، هەتا خەڵك بڵێن، ئەوە دەیانەوێت بۆ بە دەسكەوتەكانی رێككەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتی هەڵبدەن، بەڵكو ئەمە رای یەكێكە كە پێشتر لەگەڵ گراهام فۆلەر بەڕێوەبەری پێشووی CIA كتێبێكیان بەهاوبەشی لەسەر چارەسەری كێشەی كورد بەناونیشانی (Turkey>s Kurdish Question) نووسی.
سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و
ئاكامە چاوەڕوانكراوەكانی
سەبارەت بە كاریگەری سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، ئێمە بۆ ئەم راپۆرتە راوبۆچوونی كۆمەڵێك سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و ئەكادیمی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستانمان وەرگرتووە، بەڕێز سوات كلینكلی ئۆغلۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتیAKP و سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی توركیا سەبارەت بەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بەمجۆرە رای خۆی بۆ ئەم راپۆرتە دەربڕی: (بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرزترین ئاستی پرۆتۆكۆل پێشوازی لێدەكرا، ئێمە سەردانەكەی بەڕێزیان زۆر بەسەردانێكی مانادار دەبینین . بە داخەوە بەهۆی كێشەی غەززە و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەشتی توركیا . زیاتر میدیاكان بەوەوە سەرقاڵبوون، بەڵام بێگومان سەردانی بارزانی زۆر گرنگە و بووە وەڵامێكی چاك بۆ ئەو هەواڵەی كە گوایە دوایین هێرشی تیرۆریستی ئەنتاكیا دەبێتە هۆی دواخستنی ئەم سەردانە. بەڵام هاتنی بارزانی نیشاندەری بوونی هاوهەڵوێستی بوو لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لە رووی تیرۆرەوە. لەم چەند هەفتەی دواییدا ژمارەی كوژراوەكانمان زیادی كردووە، چونكە پ.ك.ك دووبارە گەڕاوەتەوە سەر پەیڕەوكردنی سیاسەتی توندوتیژی و ئەمەش بێئومێدی سیاسی لە وڵاتەكەمان دروست دەكات، بۆیەش هاتنی بارزانی لەم كاتەدا ئومێدمان پێدەدات لەم رووەوە)) .بەڕێز كینیكلی ئۆغلۆ لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ گوڵان و سەبارەت بەو گۆڕانكاریانەی لە سیاسەتی توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان هاتوونە ئاراوە، بەڕێزی وتی: (لەم چەند ساڵەی دوایی هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا بۆ باشتركردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا رۆڵێكی باشی هەبووە و هەردوولاش وەڵامدانەوەی ئیجابیانەیان هەبووە. كەواتە وەك سیاسەتی تازەی دەرەوەی توركیا لەسەر ئەوە دامەزراوە كە پێوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوە و پێوەندییەكان لە گەشەسەندن بەردەوامدابن .هەروەك دەزانن ئێستا توركیا لە پێوەندی كردندایە لەگەڵ هەموو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق و بێگومان لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانیش لە ئاڵوگۆڕی بیروڕاداین بۆ سەقامگیركردنی عێراق. ئێمە دەمانەوێ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا لەمبارەیەوە زیاتر بە روونی هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن، بە تایبەتی یەكێتی ئەوروپا ئەم هەنگاوانەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بەرچاو بگرێ و بەباشی هەڵیبسەنگێنێت. ئینشاڵا دوای ئەم سەردانەی بەڕێز بارزانی، ئەم هەڵسەنگاندنە زیاتر دەبێ و گۆڕانی پۆزەتیفیش لە ناوچەكە روودەدا و دەشبێتە نموونەیەكی گرنگ. بۆیە پێویستە ئەم هەنگاوە پۆزەتیڤانە چاودێری بكرێ لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە.)) دەربارەی ئەم پێوەندیانەی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی توركیا وتی: (سیاسەتی ئێمە بۆ یەكپارچەیی عێراق بەردەوامە. هەرێمی كوردستانیش بەشێكی گرنگی خاكی عێراق پێكدێنێ، هەروەك دەزانن بۆچوونی جیهانیش لەم چەندساڵەی دواییدا لەم بارەیەوە ئەوەیە كە عێراق بە یەك پارچەیی بمێنێتەوە. هەرچەندە لە دوای ئەم هەڵبژاردنە راددەی توندوتیژی زیادی كردووە، بەڵام لەدوای گەیشتنی ئارامی و ئاسایش بۆ ئاستێكی باش و كۆنترۆڵكردنی دیموكراسی ناوەوەی عێراق، عێراق زۆر زیاتر متمانەی بەخۆی دەبێ و لە ئاستی جیهان و ناوچەكەشدا زۆر زیاتر گرنگ دەبێ...هەربۆیە زۆر گەشبینم بە داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و عێراق و توركیا و هەرێمی كوردستان، بەڵام بۆ بەردەوام گەشەسەندنی پێوەندییەكانمان پێویستە سەرەتا لە توندوتیژی پ.ك.ك رزگار بین. ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە هەر شوێنێك توندوتیژی هەبێ خۆشگوزەرانی. دیموكراسی و گەشەسەندن نابێ. ئەم ناوچەیەش چەندین ساڵە بەدەست توندوتیژی ناڵاندویەتی. ئێمە هیچمان لە یەكێتی ئەوروپا كەمتر نییە بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی ئابووری هەروەك لە رۆژئاوای ئەوروپا دروستكراوە. لەم رووەوەش توركیا سیاسەتێكی تایبەت پەیڕەو دەكا، زۆر گەشبینە بە دیتنی گەشەسەندنی پێوەندییەكان لە ماوەیەكی كورت.)
بەڕێز فەلاح مستەفا ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی لەم سەردانەدا سەبارەت بە وردەكاری و كۆبوونەوەكانی لەم سەردانە ئەنجامدراون، لە لێدوانێكی تایبەت بەگوڵان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی: (سەردانەكەی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بەسەردانێكی گرنگ و مێژوویی دادەنرێت، لە ئاژانس و میدیا توركییەكانەوە ئاماژە بەگرنگی ئەم سەردانە كرا كە بۆ 6 ساڵ دەبێت ئەمە یەكەمینجارە سەرۆك بارزانی سەردانی ئەو وڵاتە دەكات و وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازییەكی بەرزی لێكرا. توركیا وڵاتێكی گرنگە و پێگەیەكی سیاسی و ئابووری بەهێزی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەیە، رۆڵی ناوچەیی گرنگ دەگێڕێت و لەنزیكەوە چاودێری هەموو پەرەسەندنەكان دەكات، نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە سەرانسەری عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و ئیسرائیلیش، لەبەرامبەریشدا هەرێمی كوردستان سەردەمێكی كۆنە هەڵگری ئاڵای دۆستایەتی و پێكەوە ژیانی نەتەوەكانی ناوچەكەیە، سەركردایەتی سیاسی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوە كردووە ؛سیاسەتی كرانەوە بە رووی جیهاندا پەیڕەو دەكات، تاوەكو لە رێگەی ئەو سیاسەتەوە بتوانێت ببێتە خاوەنی پێوەندییەكی توندوتۆڵ كەلەسەر بنەمای دۆستایەتی و پێكەوە ژیان بنیات نرابێت. دەسەڵاتدارانی سیاسی لە توركیاش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی تایبەتی و گرنگیان لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراق و بگرە لە ناوچەكە هەیە. تەنانەت دیالۆگی شارستانی و نەتەوەكان و نزیكبوونەوەی نێوان رۆشنبیرانی تورك و رۆشنبیرانی كوردستان لەو روانگەیەوە هاتووە گۆڕانكاری بنەڕەتی لە عەقڵییەتی سیاسی و تێڕوانینی توركەكان هەیە بەرامبەر پێگەی بەهێزی ئابووری هەرێمی كوردستان. هەر بۆیە دوای ئەم سەردانەی سەرۆكی كوردستان دەرفەتێكی مێژوویی و گرنگ هاتۆتە پێش بۆئەوەی تێگەیشتنێكی زیاتر و بەرنامەڕێژی هەبێت، تاوەكو لەداهاتوودا هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر هەبێت لە نێوان گەلانی ناوچەكە، جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكاتی سەردانەكەی بەڕێز داود ئۆغلۆ بۆ هەرێمی كوردستان و ئەمجارەش لەتوركیا رایگەیاند: ((ئێمە لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵین و پێشوازی لەسیاسەتی كرانەوە دەكەین كە توركیا لەناو وڵات پەیڕەوی دەكات، ئەمە نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان جێی بایەخ و گرنگیدانە، بەڵكو بۆ پێكەوە ژیانی كورد و توركیش لە توركیا خاڵێكی گرنگ و ئیجابییە بۆ هەموو لایەك..))، لەلایەكی ترەوە ئەو سیاسەتەی لە توركیا ئێستاكە پەیڕەو دەكرێت بۆ پێوەندی دۆستانە و لێك تێگەیشتن بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لە داهاتوویەكی نزیكدا رێخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی و رۆشنبیری و كولتووری پێوەندییەكان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن، لەم پێناوەشدا هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵێكی یارمەتیدەر و پشتگیری بگێڕێت لەو سیاسەتە راست و دروستەی كە پەیڕەو دەكرێت، بۆنموونە وڵاتی توركیا بایەخ بە پرۆسەی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەعێراقدا دەدات، ئەوان چەندین جار و لەچەندین بۆنەدا تەئكید لەسەر ئەوە دەكەنەوە ((بەیەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكەنەوە))، بۆیە لەمبوارەدا كورد و سەركردایەتی سیاسی كورد بەتایبەتی خودی جەنابی سەرۆكی كوردستان بەڕێز مسعود بارزانی دەتوانێت رۆڵێكی ئیجابی ببینێ بەوەی پشتگیری و كار بۆ دامەزرانی حكومەتێك بنێت كە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراقی لەخۆ گرتبێت و ئەو حكومەتە ئاماژە بە پێكهاتەی راستەقینەی عێراق بكات، ئەمەش لە بەرژەوەندی سەرجەم گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دایە، لەلایەكی ترەوە بەرژەوەندی هاوبەش هەیە لەنێوان توركیا و عێراقیشدا بەوەی عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و بتوانێت لەبواری ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان بەرەو پێشەوە بچێت و توركیا پشكی سەرەكی بەركەوێت، هاوكات عێراق و هەرێمی كوردستانیش لەم پرۆسەیەدا بەرژەوەندییان هەیە، بۆیە لەهاوكێشەو پرۆسەی كرانەوەو لێكنزیكبوونەوەو لێك گەیشتن هەموو لایەنەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان و عێراق سوودمەند دەبن. ئێمەش لەهەرێمی كوردستان بوونی ئەو پێوەندییە بە مەسەلەیەكی راست و دروست دەزانین و بوونی ئەو پێوەندییە بە خاڵی هاوبەش دەزانین و دەتوانین كاری زیاتری لەسەر بنیات بنێین و سوود لەو دەرفەتە وەربگین كەلە توركیا هەیە.)) سەبارەت بەو خاڵە گرنگانەشی كەلە كۆبوونەوەكاندا باسیان لێكراوە، بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: ((لەدیدار و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆكی هەرێم كە لەگەڵ رەجەب تەیب ئۆردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا و پرۆفیسۆر داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی باڵای دیكەی توركیا ئەنجامدران، بەردەوام تەئكید لەوە كرایەوە (توركیا بەبایەخەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان و دەیەوێت پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و كوردستان بەئاراستەیەكی ستراتیژی و درێژخایەن داڕێژرێت ..)، لەم پێناوەش دا هاتنی گەورە بەرپرسانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و كردنەوەی كونسوڵخانەو هاندانی كردنەوەی لقی بانكەكانی توركیا لە كوردستان و هەروەها هاندانی كردنەوەی هێڵی ئاسمانی توركیا بەوەی بە فەرمی گەشت هەبێت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیاو دەیان كارو پڕۆژەی تر، كە هەر هەموویان پێگەی بەهێزی سیاسی و ئابووری كوردستان نیشان دەدەن. هەر بۆیە ئێمەش جەخت لەسەر باشتركردنی پێوەندییەكان دەكەینەوە لەگەڵ سەرجەم دراوسێیەكان بە تایبەتی لەگەڵ توركیادا، لەهەموو دیدارەكان و گفتوگۆكان تەئكید لەسەر ئەو خاڵە كراوەتەوە «پێویستە ئەم پێوەندی و تێڕوانینە هاوبەشە پەرەبسێنێت و زیاتر هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی ئەم پێوەندییانە پەرەبسێنێت و بخرێتە ئاستی باشتر و پێشكەوتووترەوە». پێموایە بوونی ئەو تێڕوانینە هاوبەشە بەرەو داهاتوویەكی گەشەكردوومان دەبات و ئومێدمان بەرەو داهاتوو باش دەكات. هەوڵیش دەدەین ئەو پێوەندییانە لەخزمەتی هەموو لایەك دا بێت.)) لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكە بەبرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و ئەندامی شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی بۆ گوڵان جەختی لەسەر ئەوەكردەوە(لەم سەردانەدا ئەو راستییەمان بۆ دەركەوت رۆژ لەدوای رۆژ سەنگ و پێگەی بەهێزی جەنابی سەرۆكی هەرێم زیاتر دەبێت و لەو هاوكێشەیە پێگەی هەرێمی كوردستان تۆكمەتر و بەهێزتر دەبێت، لەم سەردانە مێژووییەدا چەند خاڵێك هەبوو بە بەردەوام تەئكیدی لەسەر دەكرایەوە، ئەویش (پاراستن و بەهێزبوونی پێوەندی دوو قۆڵی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، پرۆسەی سیاسی و ئاكامی هەڵبژاردنەكان، بواری دانوستاندن و رێككەوتنی نێوان گرووپەكانیش دەستی پێكرد..)، لەگفتوگۆكان بە بەردەوامی باس لەوە كرا چۆن ئەو پێوەندییانەی ئێستا هەیە زیاتر و بەهێزتر بكرێت و ئاڵووێڕی بازرگانیش رێكبخرێت، هاوكات باس لەپلان و بەرنامەو رۆشنبیری و كولتووری و ئابووری و سیاسی كرا و هەماهەنگیش بنرێت لەپێناو راكێشانی نەوتی خاو و پەرەسەندنی پێوەندییەكان. هەروەها جەنابی سەرۆكی كوردستان جەختی لەسەر سیاسەتی دژی توندوتیژی كردەوەو دووبارە ئاماژەی بەوە كرد، كە ئێمە دژی توندوتیژین و لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسیداین، بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانیش پەنا دەبەینە بەر دیالۆگ و گفتوگۆی ئاشتیانە، وروژاندنی ئەم تەوەرانەو گفتوگۆكردنی ئاشتیانە و لێك تێگەیشتنی لە گرنگترین سیماكانی چاوپێكەوتن و دیالۆگەكانی سەرۆكی كوردستان بوو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی توركیا، سەرەتای پێوەندییەكی نوێیە بۆ ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا یاریدەدەر و رێخۆشكەر بێت بۆ بەهێزبوون و چوونە پێشەوەی پێوەندییەكان.)) لەلایەكی دیكە و سەبارەت بەوەی ئایا تاچەند ئەم سەردانەی سەرۆكی كوردستان دەبێتە فاكتەرێك بۆ سەردانی بەرپرسانی توركیاش بۆ هەرێمی كوردستان؟ فەلاح مستەفا بەمجۆرە وەڵامی ئەم راپۆرتەی دایەوە: (سەرۆكی كوردستان لەو دیدار و چاوپێكەوتنانەدا بانگهێشتی بەرپرسانی توركیای كرد، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەوانیش خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و لە داهاتوودا ئەو سەردانانە ئەنجام دەدرێت، خاڵی گرنگی سەركەوتنی گفتوگۆكان لەوەدا بوو ئەوانیش بە بڕواوە هاتوونەتە پێش و ئومێدی ئەوەیان هەیە لەداهاتوودا پێوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتی توركیا لەسەر بنەمای پێوەندی ستراتیژی درێژخایەن و هاوبەش دامەزرێت و بەرنامە دانرێت و ریزبەندی بۆ بەرەوپێشەوەچوونی پێوەندییە ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەكان بكرێت و بەسوودی هەردوولا تەواو بێت، بۆیە پێیان باش بوو زیاتر كار لەسەر خاڵی هاوبەش بكرێت و سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت.)) لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەی ئەم راپۆرتە لە بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوە، بەوەی ئایا مەبەستی جەنابی سەرۆكی كوردستان چی بوو كاتێك لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئاماژەی بەوەكرد: (هەرێمی كوردستان پردێكی پتەوە بۆ پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق..)؟ لەوەڵامدا فەلاح مستەفا وتی: ( جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەبەستی ئەوەبوو هەرێمی كوردستان و گەلەكەی رۆڵ و پێگەی خۆیان هەیە لەناوچەكەو كاریگەری راستەوخۆشیان لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئابووری عێراق هەیە، بۆیە دەتوانرێت كار لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشانە بكرێت تاوەكو عێراقێكی سەقامگیر دابمەزرێت، چونكە توركیا بەرژەوەندی لەوەدایە عێراقێكی ئارام و سەقامگیر و دیموكراتی بێتە كایەوە، هەروەكو چۆن عێراقیش بەرژەوەندی لەوەدایە خاوەنی دراوسێ و دۆستانی باش بێت لەناوچەكەدا، لەم پێناوەدا هەرێمی كوردستان دەتوانێت خاڵی هاوبەش بێت بۆ پێكهێنانی عێراقێكی دیموكراتی كەلەسەر بەرژەوەندی هاوبەش و دۆستانە مامەڵە لەگەڵ دراوسێكانی بكات. هەرێمی كوردستان دەكرێت ئەو دەروازەیە بێت بۆ ئەوەی رێگە خۆش بكات بۆ بوونی پێوەندی هاوبەش و لێك تێگەیشتن لەنێوان حكومەتەكانی ناوچەكە).
سەبارەت بە تێڕوانینی رۆژنامەگەریانەی توركیاش بۆ ئەم سەردانە مێژوویەی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا و هەڵسەنگاندیان بۆ ئەم رووداوە، بەڕێز مستەفا قەرەئۆغلۆ سەرۆكی دامەزراوەی ستاری رۆژنامەوانی لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ ئەم راپۆرتە وتی: (هاتنی بەڕێز بارزانی بۆ توركیا زۆر گرنگە، هەرچەندە چالاكی پ.ك.ك لەم رۆژانەدا زیادیكردووە و لە ناوخەڵك بۆتە هۆی دروستبوونی كاردانەوەیەك. بەڵام ئەم سەردانەی بارزانی دەتوانێت بەشێوەیەكی زۆر پۆزەتیڤانە كار لە خەڵك و حكومەت بكات.. ئێستا پێوەندییەكی ئابووری زۆر نزیك لە نێوان هەردوو لادا دروست بووە، هەروەها لە رووی مێژوویی ناوچەكەشەوە رابردووێكی گرنگمان پێكەوە هەیە. بەم دواییانە بەشێوەیەكی زۆر جددی هەنگاو هەڵگیراون بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا، ئەمەش زۆر بەخێرایی گەشەی سەند. دەوڵەتی توركیا و حكومەتەكەی لە رووی سیاسییەوە دەستیكرد بە نزیكبوونەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی ئەوتۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان نزیك بۆتەوە كە دەتوانین بڵێین لە رووی ئابووری، هاوپەیمانی سیاسی و قازانجی هاوبەش نزیك بۆتەوە كە ناتوانرێ لە ئەمڕۆدا لەگەڵ یەك دوو ساڵ پێش ئێستا بەراوردی پێبكرێ. بەڵام هەروەكو دەزانن پ.ك.ك بەربەستە لەبەردەم گەشەسەندنی ئەم پێوەندیانە، بە تایبەتی لەم چەند مانگەی هاویندا كە چالاكیەكانیان زیادیكردووە و دوبارە دەستیان كردەوە بە زیندووكردنەوەی كێشە كۆنەكان. لەمبارەیەوە هەڵوێستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراقیش زۆر پۆزەتیڤانەیە).
لە ناوەوەی كوردستانیش بەڕێز د.كەیوان ئازاد ئەنوەر پسپۆر لە بواری مێژوو و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی سەبارەت بە بایەخی ئەم سەردانەی سەرۆكی كوردستان بۆ توركیا و لە لێدوانێكدیدا بۆ ئەم راپۆرتە بەمجۆرە بایەخی ئەم سەردانەی هەڵسەنگاند و وتی: (سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ توركیا تەنیا سەردانێكی سیاسەتمەدار و سەركردەیەكی پارت و لایەنێك و سەردانێكی ئاسایی نییە، بەڵكو ئەم سەردانە بە یەكێك لەسەردانە پڕ بایەخ و گەورەكان دادەنرێت كە دوای دابڕان و دژایەتیكردنێكی زۆری حكومەتەكانی توركیاوە دێت كەبەرامبەر گەلی كوردستان و كورد گرتووبوویانە بەر، بۆیە وای دەبینم لە داهاتوویەكی نزیكدا شوێنەوار و دەرئەنجامی خۆی لێدەكەوێتەوە، لێكنزیكبوونەوەی وڵاتێكی وەكو توركیا لە هەرێمی كوردستان چەندین لایەنی پۆزەتیڤی بۆ كورد بەگشتی و كوردستانی عێراق بەتایبەتی دەبێت، بۆ یەكەمینجارە لە مێژووی كوردی هەموو پارچەكانی كوردستان سەركردەیەكی سیاسی كورد كە سەرۆكێكە لە دەنگدانێكی جەماوەریدا و لە پرۆسەیەكی ئازاد لە 25/7 بەزۆرینەی دەنگدەران و رێژەیەكی گەورە متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێناو بووە سەرۆكی كوردستان و بەفەرمی بانگهێشتی توركیا كراوە و لەبەرزترین ئاست و پێگە پێشوازی لێكراو گفتوگۆی لەگەڵ دا كرا، لەلایەكی ترەوە سەرۆكی هەرێم خاوەنی مێژوو و رابردوویەكی پاك و پڕ لەخەباتە، پێشمەرگەو پارێزەری هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانمانە، لەم بۆچوونەوە پێموایە ئەم سەردانە ئاسایی نییە و واتاو قسەو باسێكی زۆر هەڵدەگرێت. بۆ یەكەمینجاریشە بەڕێز مسعود بارزانی وەكو سەرۆكی هەڵبژێردراوی شەرعی گەلی كوردستان بە فەرمی بانگهێشتی توركیا دەكرێت و پێشوازییەكی گەورەی لێدەكرێت. هەربۆیە بانگهێشتكردن و پێشوازیكردنی بەرپرسانی توركیا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان جگە لەوەی متمانەو ئیعترافكردنێكە بە گرنگی ئەو سەرۆكە هەڵبژێردراوە، هاوكات دانپێدانانێكیشە بە گەلی كورد و بوونی هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی فیدراڵی كە خاوەن پێگە و هێزی سیاسی و ئابوورییە لەناوچەكەدا، سەردانی سەرۆكی هەرێم گۆڕینی عەقڵ و تێڕوانینی دەسەڵاتێكە كە بەدرێژایی مێژوو كوردیان وەكو نەتەوە نەناسیوەو دژایەتییان كردووە. كەواتە ئەم سەردانە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كورد نەتەوەیەكە دەمێنێت و ئەمڕۆ سەركردەی هەڵبژێردراوی خۆی هەیەو جێگە پێگەی لە عێراقی فیدراڵ و ناوچەكەشدا دیار و لەبەرچاوە. لەلایەكی دیكەوە ئەمە نیشانەیەك بوو بەوەی توركەكان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كێشەی كوردی توركیا كێشەیەكی ناوخۆییەو دەبێت لەناو توركیاوە چارەسەری بۆ بكرێت و دەكرێت لەمەشدا سوود لەهاوكاری و یارمەتی هەرێمی كوردستانی عێراق وەربگرن.
Top