جەنەراڵ جۆزێف فۆتێل : کشانەوەی ئێمە بووە هۆی دروستبوونی داعش لە عێراق

جەنەراڵ جۆزێف فۆتێل : کشانەوەی ئێمە بووە هۆی دروستبوونی داعش لە عێراق
جەنەراڵێکی ئەمریکی هۆکاری دروستبوونی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، ”کشانەوەی ئێمە بووە هۆی دروستبوونی داعش لە عێراق“.

جەنەراڵ جۆزێف فۆتێل، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاندووە: چارەسەرکردنی کێشەکان و لەناوبردنی داعش تەنیا بە رێگای سەربازی نابێت، ”پێویستە بە رێگای دیپلۆماسی و سیاسی چارەسەر بکرێت“.

جەنەراڵ جۆزێف فۆتێل ئۆباڵی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعش و هەرەسهێنانی سوپای عێراق دەخاتە ئەستۆی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق (2006-2014)، چونکە ئەو ”سوپای عێراقی بە سیاسی کردبوو“.

ئەو فەرماندە ئەمریکییە پێی وایە کشانەوەی بەشێکی زۆر لە هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش بوو لەو وڵاتە.

لە رۆژی 18-12-2011، ئەمریکا و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق.

لە مانگی 6ـی 2014 و لە کاتی سەرۆکایەتیی حکوومەت لەلایەن نوری مالیکییەوە، نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و سوپای عێراق هەرەسی هێنا و چەکدارەکانی داعش لە ماوەی چەند رۆژێکدا، نزیکەی نیوەی خاکی عێراقیان داگیر کرد.




باسنيوز
Top