عەمید جومر رۆستەم: ئەمساڵ داعش 16 هێرشی کردووە و 40-50 کەس کوژراون و برینداربوون
بەپێی زانیاریی هەواڵگریی هێزەکانی پێشمەرگە، ناوچەی تەلمەنجەل لەنێوان گوندی قایە و شێرک لە سنووری ناحیەی گوڵاڵە، قەلا، گەبیە، محەممەد و مەزڵووم، شوێنی مانەوەی چەکدارانی داعشن.
خراپیی دۆخی ئەمنی کاریگەریی کردووەتە سەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە.
محەممەد خەلەف دانیشتووی گوندی ئیسلاح دەڵێت "هەموو کەسێک دەترسێت؛ سوپا، حەشد و خەلک، هەموو دەترسن، رۆشتمە لای پەرستارێک بۆ تیمارکردن، کاژێر سێ بوو، دەنگی تەقە هات، سەربازێک کوژرا و یەکێک بریندار بوو".
سامی حەسەن دانیشتووی کوڵەجۆیە و ئاماژەی بەوە کرد "لەوێ شەڕ هەیە، لای ئێمە نییە شکور، داعش تەقینەوە دادەنێن، عەلی و وەلی ناناسن، خەڵک دەکوژن، فەلاح و باخەوان دەکوژن".
جاسم عەلی دانیشتووی گوندی قایە و دەڵێت، لای ئەوان دۆخی ئەمنی خراپە و هەندێک جاریش باشە.
هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێن، شوێنی هاتووچۆی چەکدارانی داعش کەوتووەتە نێوان دەشتاییەکانی تبج، ئیسلاح و گوندی سەید ئەحمەدە لە باشووری رۆژئاوای گوڵاڵە، دواتر دێنە ناوچەی حەلوان، وادی عوسەج، کوباشی، زەلا و عەلی سەغەر لە باکووری رۆژئاوای گوڵاڵە، لەوێشەوە دەڕۆنە ناوچەی نەفتخانە، دۆڵی دزان، کانی ماسی و دەشتی نەدا.
عەمید جومر رۆستەم، جێگری لیوای 3ى هێزەکانی پێشمەرگە باس لەوە دەکات "لە ئەمساڵدا جووڵەیان زیادیکردووە، لێرە لە سەرەتای ساڵەوە 16 هێرشیان کردووە و نزیکەی 40 بۆ 50 کەس کوژراون و برینداربوون، بۆشایی زۆر هەیە، سوپاش ناتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات".
لە ماوەی 45 رۆژی ئەمساڵدا لە سنووری کەرکووک، خورماتوو، داقوق، گوڵاڵە و خانەقین، داعش زیاتر لە 25 هێرشی کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان و خەڵکی سڤیل، بەو هۆیەشەوە 156 کەس بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراقدا 1500 چەکدار دەبن، جگە لە شانە نووستووەکان.
rudaw -