حکوومەتی عێراق روونکردنەوە لەبارەی ”دواخستنی سەردانی پاپا“ دەدات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونکردنەوە لەسەر دەنگۆی دواخستنی سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەدات.
بڕیار لە رۆژانی 5 تا 8-3-2021 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-2-2021، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، رەتی کردووەتەوە سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، دواخرابێت.
ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە، پاپا فرانسیس لە رێکەوتی دیاریکراودا ”سەردانە مێژووییەکە“ی بۆ عێراق دەکات.
پێشتر بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبووەوە، کە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دواخراوە.
بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا:
- رۆژی 5-3-2021 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.
- رۆژی 6-3-2021 سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار دەکات.
- رۆژی 7-3-2021 لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
- هەر هەمان رۆژ سەردانی مووسڵ دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەی قەرەقۆش و دواتریش دەگەڕێتەوە هەولێر.
- ئێوارەی ئەو رۆژە لە یارگای نێودەوڵەتیی شەهید فرەنسۆ هەریری قەداسێک ساز دەکات.
- دوای قەداسەکە لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دواتر (8-3-2021) دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.
باسنيوز