باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا: ئیرادەیەكی بەهێز لە لایەن مەسرور بارزانی و مستهفا كازمییهوه بۆ چارەسەری كێشەكان هەیە
ستیڤن هیكی، باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا، شەوی ڕابردوو 10ـی شوباتی 2021، لە بەرنامەیەكی كەناڵی شەرقییەی عێراقی پەخش كرا، سەبارەت بە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، رای گەیاند: "هەفتەی رابردوو لە هەولێر بووم، لەگەڵ سەركردەكانی كورد دانیشتن و دیدارمان هەبوو، گرنگە ڕێككەوتن لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەبێت، ئەوەی ئێمە قسەمان لەگەڵ سەركردەكان لە هەولێر و بەغدا كردووە، هەردوولا نزیكن لەوەی ڕێك بكەون و جیاوازیی زۆر لەنێوان هەولێر و بەغدادا نەماوە”.
ستیڤن هیكی هیواشی خواست، كێشە سیاسییەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێت، "هیوادارم دوای ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بودجەی 2021، هەلێكی گەورەتر بێتە پێش، بۆ ئەوەی كێشە سیاسییەكانی نێوانیان و سەرجەم كێشەكانی دیكەش چارەسەر بكەن، لەنێویاندا ناوچە كێشەلەسەرەكان، بۆ نموونە لە شنگال و كەركووك، چونكە داعش جمووجۆڵی لەو ناوچانە زۆر بووە و پێویستە هەولێر و بەغدا هاوبەشیی نێوانیان هەبێت و رێككەوتنیان هەبێت”.
ئاماژهی بهوهش كرد، كه ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر بودجە، هەنگاوێكی بنەڕەتیی زۆر باشە بۆ بنیاتنانی ڕێككەوتنی دیكە.
باڵوێزی بەریتانیا لە بەغدا جەختیشی كردەوە، پێشكەوتنی باش بۆ رێكکەوتن لەسەر بودجە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، "پێشكەوتن لە گفتوگۆكاندا هەیە و ئومێد هەیە بەم نزیكانە رێكکەوتنەكە لەسەر بودجە لە پەرلەمانی عێراق بكرێت".
دووپاتیشی كردەوە، هەوڵی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و بەریتانی بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەدەن، "بەریتانیا هەوڵێكی لەو جۆرە دەدات، چونكە پەیوەندییەكی مێژووییمان لەگەڵ بەغدا و هەولێریش هەیە، هەروەها لە هەموو ئاستەنگ و كێشەكان تێدەگەین و هانی هەردوولا دەدەین بۆ رێككەوتن”.
باڵوێزی بەریتانیا له عێراق، گوتیشی "پەرۆشی و ئیرادەیەكی بەهێز لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ كێشەكان هەیە”.
باسنيوز