وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ساڵانە دانیشتووانی عێراق 850 هەزار کەس زیاد دەکات
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بڕیار بوو سەرژمێری دانیشتووان لە ساڵی 2020 ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا نەتوانرا ئەنجامبدرێت.
روونیشیكردەوە، وەزیری پلاندانان لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سەرپشک کراوە بۆ ئەوەی رێككەوتێك بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دیاریبکات.
بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری وەزارەتی پلاندانان دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەو مەبەستەش ژێرخانی پێویست دادەڕێژن، لهسهر بنهمای ئهوهی وەزارەتی پلانداندان ههماههنگییهكی باشی لەگەڵ رێکخراوە جیهانییهكاندا ههیه، لەسەرووشیانەوە سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان و چەندین رێکخراوی دیکە، هەروەها چەندین پرۆتۆکۆل و هاوپەیمانی و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن هەن، کە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی وەزارەت دەکەن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان گوتی: ههرچهنده پرۆسهكه پەیوەستە بە سهقامگیری وڵاتهوه، بهڵام هەوڵدەدەن ئەم ساڵ سەرژمێری ئەنجامبدهن.
ئاماژەشیكرد، وەزارەت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری پێویستی بە 130 ملیار دینار هەیە و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان 60 ملیار دینار لە بودجە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری تەرخانکراوە.
لەبارەی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە جێ ناکۆکەکان، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان گوتی: لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی سەژمێری چارەسەری دۆسیەی ناوچە كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان كراوە، ئەوەش بە هەڵگرتنی دیاریکردنی نەتەوە لە فۆرمی ئامارەكە لەو ناوچانەدا و هیچ لایەنێکیش کێشەی لەسەر ئەو بابەتە نییە.
روونیشكردەوە، لایەنە سیاسییەکان بە گشتی پاڵپشتن و هیچ لایەنێکی سیاسی دژی نییە.
k24 -