عێراق بڕگەیەی دەستووری لە دابەشكردنی مووچە تەنها بۆ فەرمانبەرانی خۆی جێبەجێكردووه

عێراق بڕگەیەی دەستووری لە دابەشكردنی مووچە تەنها بۆ فەرمانبەرانی خۆی جێبەجێكردووه
عێراق و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دەکەن، بەپێ دەستووریش تا ئەو کاتەی بودجە پەسەند دەکرێت؛ دەبێت حكومەتى عێراق مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمى كوردستان خەرج بكات، بەڵام تا ئێستا حكومەتى عێراق ئەم بڕگە دەستووریەی تەنها بۆ فەرمانبەرانی خۆی جێبەجێكردووه، له بەرامبەردا هەرێمی کوردستانی لە هەموو شايسته داراييەكان بێبەش كردووه و هیچ میکانزمێکی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دیاری نەکردووە تا ئەو کاتەی پڕۆژە یاساکە پەسەند دەکرێت.

هێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان گوتی: بەغدا لەو کاتەوە مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، کە رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەولێر و بەغدا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 گەيشتونەتە رێککەوتن، بەڵام ئاستەنگی گەورەی بەردەم رێککەوتنەکە پەرلەمانە، بەهۆی پەرلەمانیشەوە هیچ وادەیەک بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دیار نیە، کە پێدەچێت پەسەندکردن و جێبەجێکردنی بگاتە مانگی ئاداری ئەم ساڵ. ئەو كات چاوەڕوان دەكرێت حکومەتی عێراق هاوشێوەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی مووچەی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات.

هۆشمەند رەفیق، پسپۆڕی ئابووری گوتی: دەبێت بەغدا بەپێی یاسای بودجەی 2019 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات تا ئەو کاتەی پڕۆژە یاساکە پەسەند دەکرێت.

لیژنەی دارایی گفتوگۆکانی لە بارەی پڕۆژە یاسای بودجە بەردەوامە و ململانێ سیاسییەکان وادەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکەی دواخستووە. بەپيێ یاسا دەبێت بەغدا مووچەی مانگی 1 و 2 و 3 ی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت، بەڵام تا ئێستا میکانزمێک بۆ ئەمە دیاری نەکراوە.
k24 -
Top