له‌ پڕۆژه‌ی بودجه‌ی عێراقدا ته‌نیا 13 ملیاردینار بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ته‌رخانكراوه‌

له‌ پڕۆژه‌ی بودجه‌ی عێراقدا ته‌نیا 13 ملیاردینار بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ته‌رخانكراوه‌
لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کەمتر لە 13 ملیار دینار بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 دانراوە، ئەو بڕە پارەیەش بۆ ساڵێک زۆر کەمە، بەتایبەت بۆ کەیسێکی گەورە و گرنگی وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140. لە کاتێکدا ناوچەکانی ماددەی 140 ھەر بەتەنھا ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ناگرێتەوە بەڵکو ھەندێک ناوچەی پارێزگا عەرەبییەکانی عێراقیش دەگرێتەوە.

زیاتر لە 15 ساڵە حکومەتی عێراق بە بیانووی جیاجیا لەمپەر لە بەردەم جێبەجێکردنی مادەی 140 دادەنێت. لە ناو پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 عێراقیشدا تەنھا 13 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی مادەکە تەرخانکراوە.

شاخەوان عه‌بدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانیەکان گوتی: حکومەتی عێراق نیازی جێبەجێکردنی ئەو مادەیەى نیە و تەرخانکردنی ئەو پارەیەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان نیە؛ چونکە سەرۆکی لیژنەکە لە پەرلەمانی عێراق عەرەبێکی شیعەییە و دژی جێبەجێکردنی مادەی 140ە.

محێدین حەسەن، ئەندامی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: مەترسییەکی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی ماددەكه ھەیە، تەرخانكردنى تەنھا 13 ملیار دیناريش بۆ جێبەجێکردنی مادەکە تەنھا پشتگوێخستنی مادەی 140ە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.

مادەی 140 تەنھا ناوچە کوردنشینەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێک لە پارێزگا عەرەبییەکانیشی تێکەڵکراوە و مەترسی لەسەر ريژەى کورد لەو ناوچانە درووست کردووە.

لە سەرەتادا بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیە تەنھا سێ نووسینگەی مادەی 140 لە ناوچە کوردستانیەکان ھەبوو، بەڵام ئێستا 15 نوسینگە کراونەتەوە، ئەمەش بووەتە گرفتێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.
k24 -
Top