به‌غدا: كێشه‌ی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2021 چاره‌سه‌ر ده‌كرێت

به‌غدا: كێشه‌ی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2021 چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادی، "حه‌سه‌ن نازم" رایگه‌یاند، دۆسیه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی ئیتیحادی له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌.

لیژنه‌ی دارایی عێراق ژماره‌یه‌ك هه‌موار و ده‌ستكاری و زیاده‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی، كه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی مسته‌فا كازمییه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كراوه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، هێشتا ناكۆكییه‌كان رێگربوونه‌ له‌ به‌رده‌م یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، له‌ شاری به‌غدا، وه‌زیری رۆشنبیری عێراق و گوته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عێراق، "حه‌سه‌ن نازم" گوتی: ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌ ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا جێگیر كردووه‌. هاوكات هه‌رێمی كوردستانیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی قه‌رزی ناوخۆیی ده‌ربڕیوه‌.

له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری رابردوودا هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ئیتیحادیدا رێككه‌وتن و هه‌رێم رازی بوو، رۆژانه‌ (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی نا نه‌وتی راده‌ستی عێراق بكات. له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا بڕی (12.6%)ی بودجه‌ی گشتیی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان بكات.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بووه‌ته‌ بنه‌مای داڕشتنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئیتیحادی بۆ ساڵی (2021)، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له‌ كوتله‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و داوا ده‌كه‌ن، "دۆسیه‌ی نه‌وت"ی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی راده‌ستی به‌غدا بكرێت و هه‌ندێك كوتله‌ی دیكه‌ داوا ده‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ (500) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، "حه‌سه‌ن نازم" گوتی: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا پرسی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ئیتیحادی چاره‌سه‌ر و یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ باره‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌سه‌ر ره‌شنووسی پڕۆژه‌كه‌یدا هێناوون، گوته‌بێژی حكومه‌ت گوتی: "حكومه‌ت وێنه‌یه‌كی ره‌شنووسی ئه‌و هه‌مواره‌ی به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ كراوه‌".

گوتیشی: "ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ پێكهێناوه‌، كه‌ له‌ ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه‌دا كراون".

روونیشیكرده‌وه‌، له‌ دوو رۆژی داهاتوودا ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌ و دووباره‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، "حه‌سه‌ن نازم" گوتی: سه‌باره‌ت به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌دا، حكومه‌ت بۆچوونی خۆی هه‌یه‌، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش بۆچوونی خۆی هه‌یه‌. حكومه‌ت له‌ لای خۆیه‌وه‌ پرسی پشكی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بودجه‌دا یه‌كلاكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ راده‌ستكردنی (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ و رێككه‌وتنیشی له‌سه‌ر كراوه‌، هه‌روه‌ها كورد له‌سه‌ر یاسای قه‌رز رازی بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆچوونی سه‌قامگیری حكومه‌ته‌. پرسه‌كه ئێستا‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ هه‌مواری له‌سه‌ره‌ و بۆچوونی جیاواز له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌یه‌، پرسه‌كه‌ له‌م رووه‌وه‌ یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ و پێمان وایه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، جۆرێك له‌ دیدار و لێكتێگه‌یشتن ده‌بێت، بۆ گه‌یشتن به‌ شتێكی كۆتایی سه‌باره‌ت به‌ پشكی هه‌رێم".

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ به‌شیر حه‌داد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كرد و تێیدا رایگه‌یاند، پێویستە یاسای بودجە ببێتە ھەوێنی له‌یه‌ك نزیکبوونەوەی ھەولێر و بەغدا.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌شیر حه‌داد، گوتی: "پێویستە یاسای بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابڕێژرێت بەسەر تەواوی پێکھاتەکانی عێراق و بەیەك چاویش سەیری تەواوی پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت و بە پێی رێژەی دانیشتوان و شایستەی دەستووری پشکەکان دابەش بکرێن".

هه‌روه‌ها به‌شیر حه‌داد، دووپاتیكرده‌وه‌، "ھەر بژاردەیەك سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دابنرێت، دەبێت دەستووری بێت و قبوڵ ناکرێت ھیچ بژاردەیەکی دیکە دیاری بکرێت، کە لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە".

حەداد، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "پێویستە لیژنەی دارایی کارێك بکات کە پرۆژە یاسای بودجە بە ھەماھەنگی و تەوافوقی نیشتمانی تێپەڕێت، نەك بەشێوەی زۆرینە و کەمینە، چونکە پێویستە پەرلەمان رۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و ھاوکاری حکومەت بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، نەك خۆی ببێتە بەشێك لە کێشە و کێشە بۆ حکومەت دروست بکات".

حكومه‌تی عێراق، له‌ (22ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2020)، ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی (2021)ی به‌ بڕی (164) تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 113.1 ملیار دۆلار)، مه‌زنده‌ كرد و كۆی گشتیی بودجه‌كه‌ بڕی (76) تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 32.4 ملیار دۆلار) كورتهێنانی هه‌بووه‌.

دوای ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ره‌وانه‌ كراوه‌، له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ هه‌مواری ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاساكه‌ كراوه‌ و كۆی گشتیی قه‌باره‌ی بودجه‌كه‌ بۆ (130) تریلیۆن دینار (نزیكه‌ی 89.6 ملیار دۆلار) كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و ئاستی كورتهێنانیش بۆ (25) ترلیۆن دینار (نزیكه‌ی 17.2 ملیار دۆلار) كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ .
k24 -
Top