شرۆڤەکارێکی ئەمنی: دەگوترێت کازمی لەترسی نمایشە چەکدارییەکەی شەوی رابردوو شوێنی خۆی گۆڕیوە

شرۆڤەکارێکی ئەمنی: دەگوترێت کازمی لەترسی نمایشە چەکدارییەکەی شەوی رابردوو شوێنی خۆی گۆڕیوە
گرووپی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی سەدر شەوی رابردوو لە شارەکانی بەغدا، نەجەف و کەربەلا نمایشی چەکدارییان کرد. نمایشەکە لەسەر داوای موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بوو، پاساوەکەش ئەوەبوو گوایە هەڕەشەی داعش و حیزبی بەعس بۆ هێرشکردنەسەر مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە و سوننە لە عێراق لەئارادایە.

محەممەد ساڵح ئەلعێراقی، کە ناسراوە بەوەی خودی موقتەدا سەدرە، لە هەژماری خۆی لە تویتەر دەستخۆشیی لە نمایشی چەکدارانی گرووپی سەرایا سەلام کرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە تویتێکی دیکەدا رایگەیاند بوو "خودایە بێوەیی و ئاشتی و ئاسایش بۆ عێراق و گەلەکەی بەدیبێنە، زانیاریی نیمچە باوەڕپێکراومان پێگەیشتووە، کە رێککەوتنێک لەنێوان بەعس و داعش کراوە بۆ هێرشکردنەسەر چەند پیرۆزییەک لە نەجەفی پیرۆز و کەربەلای پیرۆز و بەغدای پایتەخت، لەکاتێکدا ئەوە تەنیا بۆ بەئامانجکردنی مەزارگەکانی شیعە نییە، ئەگەر رەوابێت وا بڵێین، ئەوەش بۆ نانەوەی ئاشووب و پشێوییە، بۆیە ئاگاداربن".

هەر پێش ئەم ئاگادارییە چەکدارانی گرووپی سەرایا سەلام رژانە سەر شەقامەکانی بەغدا، نەجەف و کەربەلا، ئەوەش دڵەڕاوکێی زۆری لای خەڵک دروستکرد، بۆیە زۆری پێنەچوو، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بونیادنان بە زێدەڕۆییکردنە سەر پیرۆزییە ئایینی و نیشتمانییەكان و لێدانی دامەزراوەكان و رێگەگرتن ناكرێت، بۆیە چاوپۆشی لە زێدەڕۆییەکان ناكەین.

عەدنان کینانی، شرۆڤەکاری ئەمنی دەڵێت "ئەگەر سەرۆکوەزیرانی عێراق رازییە بەوەی روویدا و ئەو بڵاوبوونەوە، ئەوا دەبێت راگەیێندراوی هەبێت، ئەگەریش ناڕازییە دەبێت راگەیێندراوی هەبێت، چونکە ئەو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە و باڵاترین دەسەڵاتە لە دەوڵەتی عێراق، بۆیە شەقامی عێراق لە چاوەڕوانیی گوتەی مستەفا کازمییە، لەکاتێکدا هێزی ناسەربازی لە چەند پارێزگایەکی عێراق بڵاوبوونەتەوە و دڵەڕاوکێ دروستبووە، تەنانەت دەگوترێت کازمی لە ترسان شوێنی مانەوەی خۆی گۆڕیوە".

ئەم جووڵەیەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، جیا لە ئەگەری ئەوەی لە وەڵامی هەڕەشەیەکی ئەمنی بێت، لە هەمان کاتدا بە پەیامێکی سیاسی بۆ رکابەرانی دەخوێندرێتەوە، لەکاتێکدا لایەنە سیاسییەکانی عێراق بانگەشەی پێشوەختیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە، کە بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بکرێت.

رەوتی سەدر لەڕێگەی پەرلەمانتار و بەرپرسانی چەندجارێک رایگەیاندووە، دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق سەر بە رەوتەکەیان بێت، ئەو نمایشەش دەرخەری ئەوەیە ئەگەر ئەو خواستەیان نەیەتەدی، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن ئارامیی عێراق بشێوێنن.
rudaw -
Top