له‌ عێراق 5 سزادراوی دیكه‌ به‌ مادده‌ی "تیرۆر" له‌سێداره‌دران

له‌ عێراق 5 سزادراوی دیكه‌ به‌ مادده‌ی
پێنج كه‌سی دیكه‌، له‌ زیندانی "ناسریه‌"ی باشووری عێراق، له‌سێداره‌ دران، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی له‌ باره‌ی سزاكه‌یان ده‌رچووبوو. ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ مادده‌ی "تیرۆر" دادگاییكرابوون.

پرۆسه‌ی له‌سێداره‌دانی سزادراوان له‌ عێراق، له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا ناڕه‌زایی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی له‌سێداره‌دراوون سه‌رجه‌میان عێراقی بوون، له‌ زیندانێكی ناسرییه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای "زیقار" له‌سێداره‌دراوون.

عێراقییه‌كان به‌ زیندانی ناسرییه‌ ده‌ڵێن "حوت"، ئه‌وان پێیان وایه‌ زیندانێكی گه‌وره‌یه‌ و خه‌ڵك "قووت" ده‌دات.

له‌ ساڵی (2005) یاسای تیرۆر له‌ عێراق ده‌رچوو، سزای له‌سێداره‌دانی بۆ هه‌ر كه‌سێك ده‌ستنیشانكردووه‌، كه‌ تۆمه‌تی كرده‌ی تیرۆریستی به‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه‌، یاخود په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ گرووپێكی تیرۆریستییه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ كرده‌یه‌كی تیرۆریستیشی نه‌كردبێت.

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ (2017) سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاندووه‌، له‌ دادگاكانی عێراق سه‌دان سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر سزادراواندا سه‌پێنراوه‌. به‌ تایبه‌ت ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ی سه‌ر به‌ رێكخراوی داعشن، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و سزایانه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون، چونكه‌ جێبه‌جێكردنی سزاكه‌ پێویستی به‌ واژووی سه‌رۆك كۆماری عێراق، "به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح" هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌وه‌ ده‌ناسرێت دژی سزای له‌سێداره‌دانه‌.

مانگی رابردوو، ره‌زامه‌ندی درا به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنی (340) سزای له‌سێداره‌دان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ "تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی و تاوانكاری" سزا درابوون.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی عێراق، به‌ ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگه‌یاندووه‌، زۆربه‌ی ئه‌و سزایانه‌ هی پێش ئه‌و كاته‌یه‌، كه‌ "به‌رهه‌م ساڵح" بووه‌ته‌ سه‌رۆكی كۆماری عێراق.

له‌سێداره‌دانی به‌ كۆمه‌ڵ، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ناسرییه‌ جێبه‌جێكراوه‌، دووه‌م رووداوی له‌و جۆره‌یه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی رابردوو، (3) سزادراو به‌ تاوانی هێرشێكی تیرۆریستی كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی (33) كه‌س و داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند.

عێراق له‌ پله‌ی چواره‌مه‌ له‌ ریزبه‌ندی ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین سزای له‌سێداره‌دان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، له‌ دوای هه‌ریه‌ك له‌ (چین، ئێران و سعوودییه‌) دێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ (2019)دا پۆڵێنی كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاماری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق، له‌ (2020)دا، نزیكه‌ی (30) كه‌س له‌سێداره‌دراوون.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، له‌ دادگا عێراقییه‌كاندا، ژماره‌یه‌ك بیانی سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، له‌وانه‌ (11) كه‌سیان فه‌ره‌نسایین و كه‌سێكیان خه‌ڵكی به‌لجیكایه‌ و له‌ ریزی چه‌كدارانی داعشدا بوون.

له‌ مانگی (تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ر)ـی رابردوودا، له‌ زیندانی ناوه‌ندی ناسرییه‌ (21) كه‌س به‌ تاوانی تیرۆر سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

كۆمیسیاری باڵای مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، "میشێل باشلیه‌" رایگه‌یاند، جێبه‌جێكردنی سزاكانی له‌سێداره‌دان، "زۆر جێی نیگه‌رانین" و داوایشی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كرد، جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان له‌ عێراق رابگرن.

هاوكات گرووپ و كۆمه‌ڵه‌كانی داكۆكیكار له‌ مافه‌كانی مرۆڤ، ره‌خنه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق هه‌یه‌ و پێیان وایه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ گه‌نده‌ڵ بووه‌ و پرۆسه‌ی دادگایی به‌ خێرایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ده‌رفه‌ت بۆ تۆمه‌تباران ناڕه‌خسێت تاوه‌كو به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن و دادگاییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بكرێت.

هاوكات به‌شێكی دیكه‌ له‌وانه‌ی نه‌یاری پرۆسه‌ی له‌سێداره‌دانن، پێیان وایه‌، ئامانجی ئه‌و زنجیره‌ له‌سێداره‌دانانه‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی سیاسییه‌.

دوای هێرشه‌كانی مانگی رابردووی داعش، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌شێكی به‌كارهێنه‌ران ره‌خنه‌یان له‌ راگرتنی سزای له‌سێداره‌دان گرت و سه‌رۆك كۆماریان به‌ خه‌مسارد له‌ ئاست جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگا تۆمه‌تبار كرد.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس
k24 -
Top