گوتەبێژی سەرایا سەلام لەبارەی بڵاوکردنەوەی هێز قسە بۆ رووداو دەکات
سەفا تەمیمی، گوتەبێژی سەرایا سەلام راگەیاند: "دەستەی باڵای جیهادیی سەر بە سەرایا سەلام بە سەرۆکایەتیی حاجی ئەبویاسر، یاریدەدەری جیهانیی موقتەدا سەدر لەگەڵ بەرپرسانی سەرایا سەلام کۆبووەوە و بڕیار درا بۆ رێگریکردن لەهەر هەوڵێک بۆ هێرشکردنە سەر شوێنە پیرۆزەکان هێزەکانی سەرایا سەلام لە بەغدا و نەجەف و کەربەلا بڵاوبکرێنەوە."
شەوی دووشەممە 2021/02/08 ساڵح محەممەد عێراقی، وەزیری موقتەدا سەدر تویتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کرد کە زانیاریی نیمچە دڵنیای پێگەیشتووە کە "رێککەوتنێکی بەعسی-داعشی"ـی هەندێک دزەپێکراوان هەیە بۆ هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکان لە نەجەف، کەربەلا و بەغدا کە دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن.
گوتەبێژی سەرایا سەلام ئاماژەی بەوە دا، بڵاوکردنەوەی هێزەکانیان بە ئاگاداری و هاوئاهەنگیی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بووە، ئەوانیش زانیاریی پێشوەختەیان لەبارەی ئەو زانیارییانەوە هەبووە و بە جیددی مامەڵەیان کرد.
سەفا تەمیمی گوتی، لە درەنگانێکی شەو بڵاوکردنەوەی ئەو هێزانە کۆتایی هات، هیچ پێشێلکردنی ئەمنی و بەریەکەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی عێراقی رووی نەدا، هیچ رێگە و پردێکیان دانەخستووە و هیچ کێشەیەکیش رووینەداوە. پەیامەکەیان گەیشتە هەموو ئەوانەی بیر لەوە دەکەنەوە ئاسایشی عێراق تێکبدەن.
هاوکات گوتەبێژی سەرایا سەلام رەتی کردەوە بابەتەکە پەیوەندیی بە ململانێی سیاسییەوە هەبێت و جەختی لەوە کردەوە کە بابەتەکە تەواو ئەمنی بووە.
هاوکات رەتیشی کردەوە، بڵاوکردنەوەی هێزەکانیان پەیوەندیی بە سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێرانەوە هەبێت.
سەفا تەمیمی رایشیگەیاند، زانیارییەکان بە شێوەیەک بوون کە نەدەکرا لێی بێدەنگ بن و گوتی: "دوای تویتەکەی وەزیری فەرماندە، لەسەر ئەو بنەمایە جموجووڵ کراوە؛ ناکرێت ئەو جۆرە زانیارییانە نادیدە بگیردرێن."
rudaw -