پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی عێراق: لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە رێککەوتن نەکراوە
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لە لیژنەی دارایی بڕگەی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان یەکلایی نەبووەتەوە. ئێمە پێداگری لەسەر ئەو دەقەی حکومەت دەکەین کە لە پرۆژەکەدا جێگیری کردووە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە دا، چاوەڕێی دوایین هەڵوێست و پێشنیازی لایەنە شیعەکان دەکەن بۆ ئەوەی پرۆژەکە بەشێوەیەک بێت جێگەی رەزامەندیی هەمووان بێت، دادپەروەر بێت، ماف و بەشی هیچ پێکهاتەیەک نەخورێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کرد، ئەوەی هەیە بڕیارە سبەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقدا دوایین کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەوە بکات.
شێروان میرزا ئاشکرای کرد کە روون نییە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی لیژنەی داراییدا بڕیاری چی دەدرێت؛ ئایا زیاتر چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەوەی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە رێککەوتن بکرێت یاخود کۆبوونەوەی دیکەی دەبێت.
شێروان میرزا کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە دەڵێت، ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە بڕیارە پرۆژەیاسای بودجە بە رەزامەندی و سازانی هەموو لایەک تێبپەڕێنرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
rudaw -