ئەمریکا هاوکاری دارایی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دەبەخشێتە عێراق
ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی جیهانی بڕی 9.7 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق دابیندەکات
نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لەراگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاندوە، دەسخۆشی لە یارمەتیی دارایی "ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی جیهانی (یو ئێس ئێید) دەکات بە بڕی 9.7 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پەرەدان بەتوانای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هاریکارە داراییەکەی ئەمریکا، هەروەها دەبێتە مایەی دامەزراندن و بڵاوەپێکردنی راوێژکارانی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەمیانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ گەشەپێدان (یو ئێن دی پی) لەجیاتی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ "ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی جیهانی (یو ئێس ئێید) واژۆ كرد بەمەبەستی دابینکردنی دارایی و بەڕێوەبردن بۆ پڕۆژەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان.
ئەمریکا پابەندە بە گوێگرتن لە پێویستییەکانی عێراق و دابینکردنی هاریکارییەک کە ببێتە مایەی پەرەدان بە سەقامگیری و سەربەخۆیی
جۆن کاردێناس، بەرپرسی نێردەی عێراقی رێکخراوە ئەمریکیەکە رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پابەندە بە گوێگرتن لە پێویستییەکانی عێراق و دابینکردنی هاریکارییەک کە ببێتە مایەی پەرەدان بە سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هاریکارییە داراییە هەروەها دەبێتە مایەی بەتواناکردنی یونامیش لەسەر ئەنجامدانی چالاکییە هەرەپێویستەکان بەشێوەیەکی کاریگەرانە لەپێناو پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2021.
خەندان