عێراق بە نیازە فەرمانبەرانی دوومووچە و ساختە ئاشکرا بکات

عێراق بە نیازە فەرمانبەرانی دوومووچە و ساختە ئاشکرا بکات
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوودا پرۆژەی بانکی فەرمانبەران لە عێراق تەواو ببێت کە ئامانجی کۆکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و ئاشکراکردنی ناوی هەموو فەرمانبەرانی ساختە و بندیوار و دوومووچەیە.

عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی دووشەممە 2021/02/08 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە حوزەیرانی داهاتوودا پرۆژەی بانکی فەرمانبەران بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە تەواو ببێت کە ئامانجی کۆکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و ئاشکراکردنی ناوی هەموو ئەو فەرمانبەرانەیە کە ساختەن یان بندیوارن یان دوو مووچە و زیاتر وەردەگرن. تائێستایش زیاتر لە دوو ملیۆن فەرمانبەر لە داتابەیسی پرۆژەی بانکی فەرمانبەراندا تۆمارکراون."

عەبدولزەهرە هینداوی گوتیشی: "پرۆژەی بانکی فەرمانبەران بریتییە لە کۆکردنەوەی ناو و زانیارییەکانی هەموو فەرمانبەران لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، چونکە تائێستا وەزارەتی پلاندانان زانیاریی ورد و دروستی لەبارەی ژمارەی فەرمانبەرانەوە لە بەردەستدا نییە. وەزارەت بە نیازە لە قۆناخی دووەمی ئەم پرۆژەدا سیستمی بایۆمەتری بۆ تۆمارکردنی فەرمانبەران بەکاربهێنێت و ئەو کاتیش دەکرێت بایۆمەتریی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بایۆمەتریی فەرمانبەرانی عێراق یەکبخرێن."

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لە تەممووزی 2020 دا رایگەیاند: "زیاتر لە 10٪ی فەرمانبەرانی عێراق تەنیا ناویان لەسەر کاخەزە یان دوو مووچە وەردەگرن. جگە لەوە، عێراق مانگانە پێویستی بە 7 تریلیۆن دینارە بۆ پێدانی مووچەی 6 ملیۆن و 500 هەزار مووچەخۆر و دابینکردنی خەرجییەکان."

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی فەرمانبەران لە عێراق لە ساڵی 2003ـدا نزیکەی 850 هەزار فەرمانبەر بوو، بەڵام لە ساڵی 2020ـدا گەیشتووەتە زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر کە ساڵانە نزیکەی 43 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار مووچە وەردەگرن.
rudaw -
Top