”دەستدرێژی“ دەکرێتە سەر زیندانیکراوەکانی عێراق

”دەستدرێژی“ دەکرێتە سەر زیندانیکراوەکانی عێراق
کەسایەتییەکی عێراقی رایدەگەیەنێت، لە گرتووخانەکانی عێراقدا، دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەر زیندانیکراوەکان.

شێخ سەباح کینانی، سەرۆکی دەزگای چاکسازی و گۆڕانکاری لە عێراق لە چاوپێکەوتنی ژمارەیەک کەناڵی تەلەڤزیۆنیی وڵاتەکەیدا، رایگەیاندووە، بەڕێوەبەری گرتووخانەکان بە پارە دیداری زیندانیکراوەکان و کەسانی نزیکیان رێک دەخەن.

شێخ سەباح کینانی هەروەها رایگەیاندووە، کە منداڵە زیندانیکراوە عێراقییەکان بە بڕە پارەی زۆر، کە دەگاتە 15 هەزار دۆلار، دەکڕێن و دەفرۆشرێن و کاری نێربازییان لەگەڵ دەکرێ، ”نرخی گەنجێکی بچووکی جوان دەگاتە 10 هەزار دۆلار“.

ئەو کەسایەتییە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە گرتووخانەکاندا، دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەر ژن و پیاوە دەستگیرکراوەکان و نموونەی بە گوتەی ژنێک هێناوەتەوە، کە پێی گوتووە، ”کچەکەم لە زیندانە و ئێستا سکپڕ بووە“.

کینانی هەروەها رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرێکی گرتووخانە پارەی خواردن و خەرجیی زیندانیکراوەکان دەنێرێتە بازاڕی دۆلار و مامەڵەی پێوە دەکات.

پێشتر شێخ سەباح کینانی، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی عێراقی راگەیاندبوو، 62 هەزار هاووڵاتیی عێراقی بە تۆمەتی جیاجیا، خراونەتە زیندانەوە.












باسنيوز


Top