هەوڵی تیرۆرکردنی چالاکوانان لە باشووری عێراق سەری هەڵداوەتەوە
ئەحمەد حلو، چالاکوانی دیار و ناسراوی پارێزگای نەجەف لە باشووری عێراق، دوێنێ یەکشەمە رووبەڕووی هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردن بووە و پاش برینداربوون ڕزگاری بووە.
سەرچاوەیەک لەناو جووڵانەوەی مەدەنیی شاری نەجەف بۆ میدیاکان جەختی کردووەتەوە، چەکدارانی نەناسراو تەقەیان لە ئەحمەد حلو، چالاکوانی ناسراو و دیاری نەجەفی کردووە، کاتێک لە شاری قاسم بووە لە پارێزگای بابلی نزیک لە نەجەف. ئەم سەرچاوەیە بۆ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، حلو لەو هەوڵی تیرۆرکردنەدا بریندار بووە. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ژمارەیەک چالاکوان دوای گەمارۆدانی ماڵەکانیان لەلایەن چەکدارانەوە، کە بە ڕای سەرچاوەکە سەر بە رەوتی سەدرن، شارەکەیان بەجێ هێشتووە و لە نەجەف چوونەتە دەرەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خەڵک وێنەی ئەحمەد حلویان بە برینداری داناوە، کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان خراوەتە ژێر چاودێرییەوە.
حلو ماوەیەک لەمەوبەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاشکرای کرد: "هێزێکی چەکداری سەرایا سەلام بەسەر ماڵەکەمیان داداوە و ژن و منداڵەکانیان تۆقاندووە و باوکیشمیان گرتووە".
بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، هێزە ئەمنییەکان لە کەربەلا دوای چەند سەعاتێک لە رفاندنی رائد ئەلدەعمی، چالاکوانی دیاری شاری کەربەلایان بە دەستبەستراوی و ئەشکەنجەدراوی لەناو گۆڕستان دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ دیسان بەئامانجگرتنی چالاکوانە مەدەنییەکانی ناو جووڵانەوەی میللیی عێراقی.
یەکێک لە چالاکوانانیش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان ناچار بوون بۆ پاراستنی سەر و گیانیان شاری نەجەف جێ بێڵن، دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی میلیشیای سەرایا سەلام ماڵەکانیان گەمارۆ دراوە و بەسەریاندا دراوە. جەختیش دەکاتەوە: "لە ئێوارەی رۆژی شەمەوە پارێزگاکە لەناو پشێوی و ئاڵۆزیدا دەژیت".
باسنيوز