بەغدا دەیەوێت سەرپەرشتیی فرۆشتن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات
ئەندامانی کوردی لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی عێراق پێشنیازیان کردووە جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ و چەند کەسێکی دیکە کە کورد بن لە کۆمپانیاکە زیادبکرێن.
وەزیری نەوت لەسەر ئەوە رەزامەند بووە و بەشێکی شیعەکانیش بە کۆی ئەو پێشنیازە نوێیە رازین، چاوەڕێی ھاتنەوەی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن تاوەکو بیخەنە بەر باس و گفتوگۆ.
ھۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "پێمانوایە ئێستا دەبێت بیرکردنەوەیەکی ستراتیژی لە چۆنێتیی ئیدارەدانی مەلەفی نەوتی ھەرێم بکرێت، بەتایبەتی لەسەر پرسی گواستنەوە و فرۆشتنی، لایەنە شیعەکانیش رەزامەندن لەسەر مەفھومەکە، بەڵام ھێشتا ئێمە چاوەڕوانی ئەو دەقەین کە دەیھێنن و وردەکارییەکەی چییە".
بەپێی گفتوگۆکانی نێو لیژنەی دارایی بێت، ھەفتەی داھاتوو دەنگدان بە پرۆژە یاسای بودجە دەستپێدەکات، لە ئەگەری نەگەیشتنە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان تەنیا رێگەی ئابووریی سەربەخۆی لەبەردەمدا دەمێنێت.
ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "گەر چارەسەر نەدۆزرێتەوە، دەبێت چاوەڕێی ھەرێم بن کە پشت بە ئابووری و دارایی سەربەخۆی خۆی ببەستێت و وێنەی نەخشەی خۆی بکێشێت، لەبەرئەوەی ئێستا دادگای فیدراڵیش نییە و ناتوانیت سکاڵا یان داوای لێبکەیت بەشداربێت لە چارەسەر، گەر یاسای بودجە تێپەڕێت بە زۆرینە، ئاشکرایە کە زۆرینە شیعەن و راستە سونەکان لەگەڵ کورد وەستاون، بەڵام زۆرینە ھەر شیعەکانن، لەبەر ئەو ھۆکارانەیە، بەڵام چاوەڕێی دوو رۆژی داھاتوو دەکەین، من بە دووری دەزانم پرۆژە یاساکە تێپەڕێت بەبێ رێککەوتن".
بەشێکی شیعەکان پشکی ھەرێمی کوردستان بەکاردەھێنن بۆ لێدان لە مستەفا کازمی و شکستپێھێنانی، لەوانەش سادیقوونی عەسائیب ئەھل حەق، دەوڵەتی یاسا، بەشێکی نێو ھاوپەیمانیی فەتح، ناڕاستەوخۆش ناوی وڵاتانی دراوسێ دەھێنرێت لە سەرخستنی ئەم ھەوڵە کە ئێران بە سەرمەشقی دادەنرێت.
rudaw -