یەحیا رەسوول: دۆسیەی بكوژانی خۆپێشاندەران و هاشمی لای دەزگاكانی هەواڵگرییە
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی عێراقی راگەیاند، "مەترسیی تیرۆر هێشتا ماوە، بەڵام توانای كۆنترۆڵكردنی هیچ شوێنێكی دیاریكراوی نییە، ئەوەی ئێستا تیرۆریستان دەیكەن بەئامانجكردنە لەڕێگەی دانانی بۆمب و تەقەكردن لە هێزە ئەمنییەكان، ئەوەش لە بیابانەكان، دۆڵ و زنجیرە چیاكان".
ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دژی چەكدارانی داعش ئەنجامدراون، بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی بووە و دەڵێت، "دەبێت لە هەموو تیرۆریستەكان بدرێت و ئامانجی سەرەکی بەرپرسە دیارەكانیان بێت".
یەحیا رەسوول ئەوەی خستەڕوو "ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ناوچەی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا ئەنجامدرا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەی شەهیدانی گۆڕەپانی تەیەران و حەشدی شەعبی بوو، كە لە ئەنجامدا والیی باشوور و بەرپرسی گواستنەوەی ئەو خۆكوژانە كوژران كە خۆیان لە گۆڕەپانی تەیەران تەقاندەوە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەشێكی زۆری سنوورەكانی عێراق پارێزراون، بەڵام تاوەكو ئێستاش "تیرۆریستان" لە ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سووریا هەن، یەحیا رەسوول دەشڵێت "بەشێوەیەكی تۆكمە زیاتر لە 400 كیلۆمەتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكان پارێزراوە، كاریش لەسەر پاراستنی بەشێكی دیكەی ئەو سنوورە دەكرێت، ئەوەش لەڕێگەی لێدانی خەندەق، تەلبەندكردن، دانانی تاوەری چاودێری و كامێرای پێشكەوتوو".
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق جەختیكردەوە "دۆسیەی بكوژانی خۆپێشاندەران و هیشام هاشمی لای دەزگاكانی هەواڵگرییە، لەگەڵ بەدەستهێنانی هەر زانیارییەكی دروست لەوبارەیەوە، راستەوخۆش فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان ئاگاداردەكرێتەوە".
رۆژی 6ـی تەممووزی 2020 هیشام هاشمی، یەکێک لە دیارترین پسپۆڕە ئەمنییەکانی عێراق لە گەڕەکی زەییونە لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا کە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا دەژین کوژرا.
rudaw -