پۆلیسی بابل: بۆمبێك بە كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیماناندا تەقییەوە

پۆلیسی بابل: بۆمبێك بە كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیماناندا تەقییەوە
پۆلیسی پارێزگای بابل رایگەیاند، لە رێگەی خێرای نێودەوڵەتیی بابل، بۆمبێكی چێندراو بە كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی هاوپەیماناندا تەقییەوە.

عەمید عادل ئەلعەناوی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای بابل راگەیاند "كاژێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی شووباتی 2021 لە رێگەی خێرای نێودەوڵەتی، بۆمبێكی چێندراو بە كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی هێزەكانی هاوپەیماناندا تەقییەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و ماددیی لێنەكەوتەوە".

هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە. بە گوتەی عەناوی، تاوەكو ئێستا دیارنییە چ لایەنێك بەرپرسە لە بەئامانجكردنی هێزی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە و دەڵێت، "بەڕێوەبەرایەتیی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگا پلانێكی تۆكمەی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی رێگەكان و نەهێشتنی ئەو هێرشانە".

لە چەند مانگی رابردوودا چەندین جار كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی هێزی هاوپەیمانان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی زیقار، دیوانیە و بابل كراونەتە ئامانج، لە 05-08-2020یش لە رێگەی نێودەوڵەتی لە ناوچەی سوق شیوخ لە پارێزگای زیقار بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری هێزی هاوپەیماناندا تەقییەوە و سووتا.
rudaw -
Top