ئابووریناسێک: لە عێراق ساڵانە 300 ملیار دینار بۆ گەشت و خواردنی کۆمپانیاکانی نەوت خەرجدەکرێت

ئابووریناسێک: لە عێراق ساڵانە 300 ملیار دینار بۆ گەشت و خواردنی کۆمپانیاکانی نەوت خەرجدەکرێت
ئابووریناسێکی عێراقی دەڵێت، ساڵانە لە گەنجینەی عێراق 300 ملیار دینار بۆ خواردن و گەشتکردنی کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکان خەرجدەکرێت.

نەبیل مەرسومی، ئابووریناسی عێراقی لەبارەی زێدەڕۆی لە خەرجییەکانی حکومەتی عێراق بە ژمارە چەند بابەتێکی وروژاند، لەوانەش خەرجییەکانی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نەوت، لەوبارەیەوە دەڵێت، خەرجیی ساڵانەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر حیسابی حکومەتی عێراق زێدەڕۆییەکی زۆری تێدایە و تەنیا خەرجیی ساڵانەی خواردن و گەشتکردنی کارمەندە بیانییەکان 300 ملیار دینارە.

ئەو ئابووریناسە عێراقییە راشیگەیاند، بوتڵێکی ئاو کە لە بازاڕەکاندا 250 دینارە، لەوێ بە سێ هەزار دینار لەسەر حیسابی حکومەتی عێراق هەژماردەکرێت و زۆر شتی دیکەش نرخەکەی بەو جۆرەیە.

مەرسومی باسی لەوە کرد، چەند کۆمپانیایەک هەن 30 ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و بنکەی سەرەکییان لە دووبەیە، بۆ کۆبوونەوەش دەچنە دووبەی و تەواوی خەرجییەکانی گەشتکردن، خواردن و خواردنەوە، هۆتێل و خەرجییەکانی دیکەیان دەخەنە ئەستۆی حکومەت، ئەمەش بەهەدەردانێکی زۆر گەورەی دارایی لێدەکەوێتەوە.

لەبارەی کێڵگەی روومێلە لە بەسرە، نەبیل مەرسومی رایگەیاند، ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزاریی پاسەوانیکردن و پاراستنی کێلگەکە خەرج دەکرێت. سەرجەم ئەو خەرجییانە بەرەزامەندی حکومەتی عێراق کراوە لە کاتی واژۆکردنی مۆڵەتپێدان بۆ کارکردنی ئەو کۆمپانیا بیانییانە.

لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەندینجار رەخنەی تووندیان ئاراستەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت کردووە بەهۆی ئەو گرێبەستانە و بەردەوام داوای کۆتاییهێنان بە گرێبەستی کارکردنی کارمەندانی بیانی دەکەن و پێداگرییان لە دامەزراندنی کارمەندانی عێراقی کردووە؛ چەندین جاریش وەزیر و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە لەبارەی جێبەجێنەکردنی بڕگەی "بەعێراقیکردن"ی دۆسیەی نەوت، کە مەبەست لە خۆماڵیکردنی تەواوی کەرتی نەوت و وزەیە بۆئەوەی تەنیا هاووڵاتییانی عێراقی تێیدا کار بکەن.

لەوبارەیەوە، سادق سڵێتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی گرێبەستەکان دەبوو کارمەندە بیانییەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە مەرجی پێگەیاندن و راهێنانپێکردنی کارمەندانی عێراقی کاریان بکردایە، بەڵام هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.

روونیشیکردەوە، لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق نزیکەی 100 هەزار کارمەندی بیانی لە 105 وڵاتی جیاواز کار دەکەن.
rudaw-
Top