عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی فشاره‌كانیان له‌سه‌ر داعش زیاتر كردووه‌

عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی فشاره‌كانیان له‌سه‌ر داعش زیاتر كردووه‌
هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، هه‌وڵه‌كانیان بۆ دژایه‌تیكردنی داعش و كۆتایهێنان به‌ جموجووڵه‌كانی له‌ عێراق چڕ كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی داعش له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا كوژران.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ (3ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2021)، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، پشتڕاستیكرده‌وه‌، "ئه‌بو حه‌سه‌ن ئه‌لغه‌رباوی" و سێ چه‌كداری دیكه‌ی داعشیان له‌ ئاكامی هێرشێكدا له‌ سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ خۆرئاوای به‌غدا كوشتووه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئیتیحادی، "مسته‌فا كازمی" له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: "غه‌رباوی، فه‌رمانده‌ی باشووری عێراقی رێكخراوی داعش بوو. هه‌روه‌ها غانم سه‌باح، به‌رپرسی گواستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌ خۆكوژه‌كان بوو، هه‌ردووكیان كوژراوون".

پێشتر، "كازمی" رایگه‌یاندبوو، والی عێراقی رێكخراوی داعش، "ئه‌بو یاسر ئه‌لعیساوی" و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ی داعشیان كوشتووه‌.

ئه‌م ته‌نگپێهه‌ڵچنینه‌ی داعش، دوای ئه‌وه‌ دێت، مانگی رابردوو، داعش كرده‌یه‌كی خۆكوژی له‌ بازارێكی میللی به‌غدا كرد و له‌ ئاكامدا (32) كه‌س كوژران و زیاتر له‌ (100) كه‌س بریندار بوون.

به‌رپرسێكی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به‌ سایتی "ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا"ی راگه‌یاندووه‌، "كوژرانی عیساوی گورزێكی كوشنده‌ بوو، به‌ر رێكخراوی داعش كه‌وت، به‌ڵام ده‌بێت هۆشیار بین و هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌ناو نه‌چووه‌، چونكه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ به‌رده‌وام بیر له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌ونی خیلافه‌ته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌".

كۆڵۆنێڵ، "واین مارۆتۆ"، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌وانیدا، گوتی: "داعش هه‌رچه‌نده‌، له‌ رووی هه‌رێمایه‌تییه‌وه‌ تێكشكاوه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌".

ئه‌و گوتیشی: "پێویسته‌ به‌رده‌وام فشار له‌سه‌ر داعش هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌ستێته‌وه‌ سه‌ر پێ".

به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان نیگه‌رانن له‌ هه‌ڵكشانی توانای رێكخراوی داعش و پێیان وایه‌، ئه‌و كرده‌ تیرۆریستییه‌ی داعش مانگی رابردوو له‌ به‌غدا كردی، له‌ (2018)ه‌وه‌ وێنه‌ی نه‌بینراوه‌ و كرده‌وه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ توانای رێكخراوه‌كه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا وتوویه‌تی: ژێرخانی رێكخستنی داعش و هاوڕێكییه‌كه‌ی یارمه‌تیده‌رییه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ هه‌ژموونی خۆی بكات و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش هه‌ژموونی هه‌ڵكشێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ری".

به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌ده‌ن له‌وه‌ی ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه‌، له‌ به‌شێكی‌ خاكی عێراق و سووریا ره‌نگه‌ رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بتوانێت "ژینگه‌یه‌كی گونجاو درووست بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌لومه‌رجی گونجاودا ده‌ست به‌ كاری زیاتر بكات".

مه‌ترسییه‌كان زیاتر روویان له‌ باكوور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌. به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌ڵێن "داعش كۆمه‌ڵێك كرده‌ی كوشتن و هێرشی له‌ رێی بۆمبه‌ چێندراوه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌".

به‌ گوێره‌ی مه‌زنده‌ی به‌رپرسانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌گاته‌ (10) هه‌زار چه‌كدار و هه‌ندێك به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكاییش، پێیان وایه‌ ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق و سووریا له‌ نێوان (14 - 16) هه‌زار چه‌كداره‌.

سه‌رچاوه‌: الحرة
k24 -
Top