لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کازمی کۆدەبنەوە
ئۆپەراسیۆنەکە لە نۆ بەرەوە بەردەوامە، بە بەشداریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین، لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی عێراق.
نەجم ئەلقەساب، شرۆڤەکاری ستراتیژی دەڵێت "رێکخراوی داعش خۆی رێکخستووەتەوە و سەرکردەکانی گەڕاونەتەوە، تەنانەت ئەو بەخششی 200 دۆلار تاوەکو 900 دۆلار بە هەر چەکدارێکی خۆی دەدات، بەتایبەت لە باکووری سووریا و باکووری عێراق، تەنانەت لە سامەڕاش ئێستا دۆخەکە وایە، دیارە رێکخراوی داعش ناکۆکییەکان و ململانێکان لە هەموو وڵاتێک دەقۆزێتەوە، بەتایبەت لە عێراق".
دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە پاش پێنج رۆژ دێت لە کوشتنی ئەبو یاسر ئەلعیساوی، یاریدەدەری خەلیفەی رێکخراوی داعش و والیی رێکخراوەکە لە عێراق، ئەوەش بە وەڵامی تەقینەوە خۆکوژییەکانی ئەم دواییەی داعش لە بەغدا ناودەبرێت، کە 32 کوژراو و 110 برینداریان لێکەوتەوە.
فازڵ ئەبو رەغیف، شرۆڤەکاری ئەمنی و سەربازی باسی لەوە کرد "رەنگە هێرشی تیرۆریستی رووبدەن، بەڵام دوراودوور دەبن، لەو باوەڕەدا نیم رێکخراوەکە بتوانێت چالاک ببێتەوە وەکو ئەو سەردەمەی دەوڵەتی هەبوو، بۆیە لەو باوەڕەم ئەگەر هێرشیش بکرێن، ئەوا لە ماوەی زۆر دوراودوور دەکرێن، نەک وەکو سەردەمی ساڵی 2013 و دواتر".
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، هۆکاری روودانی دوو تەقینەوەکەی داعش لە بەغدا و هێرشەکەی ئەمدواییەی بۆ سەر حەشدی شەعبی کە 11 کوژراوی لێکەوتەوە، بۆ کەمتەرخەمی و نەبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لاوازیی توانای هەواڵگریی عێراق گەڕاندەوە.
لیژنەکە بەنیازە رۆژی 03-02-2021 لەگەڵ مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بۆ ئەو پرسە کۆببێتەوە.
RUDAW -