هۆشداری له‌ بڕیارێكی حكومه‌ت عێراق ده‌درێت

هۆشداری له‌ بڕیارێكی حكومه‌ت عێراق ده‌درێت
شێروان دووبه‌ردانی، په‌رله‌مانتاری پارێزگای نه‌ینه‌وا هۆشداری له‌ بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق ده‌دات و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و بڕیاره‌ مه‌ترسیداره‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق و پارێزگای نه‌ینه‌وا.

شێروان دووبه‌ردانی له‌ لێدوانێكدا بۆ شه‌فه‌ق نیوز هۆشداری له‌ ده‌ره‌نجامی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌ی حكومه‌تی عێراق بۆ داخستنی یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كان ده‌دات، كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئه‌و كه‌مپه‌دان خێزان و كه‌سوكاری داعشن.

دووبه‌ردانی گوتی: "بڕیاری حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران بۆ داخستنی كه‌مپی "جه‌دعه‌ 5" كه‌ ناسراوه‌ به‌ په‌نادانی خێزانه‌كانی داعش، بڕیارێكی هه‌ڵه‌ و زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق و پارێزگای نه‌ینه‌وا" و دووپاتیكرده‌وه‌، "پێویسته‌ حكومه‌تی فیدراڵ به‌رپرسیارێتی ده‌ره‌نجامه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ له‌ئه‌ستۆ بگرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا روونیشیكرده‌وه‌، "به‌ر له‌ دوو رۆژ هه‌واڵگری سه‌ربازی ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامێكی داعشیان له‌ناو ئه‌و كه‌مپه‌ رایگه‌یاند"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "په‌یوه‌ندی له‌نێوان ئه‌وانه‌ی له‌ناو كه‌مپه‌كه‌دان له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان كه‌ سه‌ر به‌داعشن و شانه‌ی نووستووی ئه‌و رێكخراوه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كه‌ هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "زیاتر له‌ هه‌زار خێزانی داعش له‌و كه‌په‌ هه‌ن" و سه‌رسوڕمانی خۆی له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ت نیشاندا و گوتی: "چۆن بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا ده‌درێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پلان و په‌رنامه‌یه‌كیان هه‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی داعش بۆ ناو كۆمه‌ڵگه‌!!".

دووبه‌ردانی داوای كرد، "دوای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان، سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئه‌و كه‌مپانه‌ دابخرێن كه‌ خێزانه‌ داعشه‌كانیان له‌ناو نییه‌" و هۆشداریدا، "زۆر خێزانی داعش له‌ كه‌مپه‌كانی ئه‌نبار و حه‌بانیه‌ش هه‌ن".

روونیشیكرده‌وه‌، "دوای داخستنی كه‌مپی "جه‌دعه‌ 5" ئیتر ئه‌ندامانی داعش له‌ شاری مووسڵ ئازاد ده‌بن" و دووپاتیكرده‌وه‌، "ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵی میللی و عه‌شائیری بۆ تێكه‌ڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ داعشانه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ هه‌یه‌".

دووبه‌ردانی گوتی: "ئێستا ئاماژه‌یه‌كی نه‌رێنی له‌ دۆخی ئه‌منیی وڵاتدا هه‌یه‌ و چه‌ندین شانه‌ی نووستووی داعش بوونیان هه‌یه‌ و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانیش له‌ هه‌ڵكشاندان".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "پێویسته‌ بڕیارێكی هۆشیارانه‌ بدرێت، بۆ وه‌ستاندنی جێبه‌جێكردنی بڕیاری داخستنی ئه‌و كه‌مپه‌ و ده‌بێت پلان و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ داعشانه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ دابڕێژرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، شه‌وی رابردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌ستیان به‌ چۆڵكردنی كه‌مپی "جه‌دعه‌ 5" له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا كردووه‌.

دوای تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر شكستهێنانی داعش له‌ عێراق، هێشتا ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان، چونكه‌ به‌هۆی شه‌ڕ و وێرانكاری هیچ په‌ناگه‌یه‌كیان نه‌ماوه‌، هه‌ندێكیشیان به‌هۆی خزمایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی داعش، پێشبینی ده‌كرێت دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ژیانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسی.
k24 -
Top