فشاره‌كانی به‌غدا دژی هه‌رێمی كوردستان

فشاره‌كانی به‌غدا دژی هه‌رێمی كوردستان
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی له‌ عێراق، ئێران، توركیا و سووریا بووه‌ته‌ هۆی چه‌رمه‌سه‌ری بۆ كورد و ئێمه‌ش مافی ره‌وای خۆمانه‌ ده‌وڵه‌تێكمان هه‌بێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كێشه‌ی كورد له‌ عێراقدا كێشه‌ی مووچه‌ و بودجه‌ نییه‌، به‌ڵكو پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌.

میرانی جه‌ختیشكرده‌وه،‌ عێراق رازییه‌ كوه‌یت و به‌حره‌ین و ئیمارات ده‌وڵه‌ت بن، به‌ڵام بۆ كورد رازی نین، واته‌ پابه‌ند نییه‌ به‌ ئیسلام، له‌ رووی عه‌قڵ و سه‌رده‌میشه‌وه‌ مرۆڤ مافی هه‌یه‌، عه‌ره‌ب (22) ده‌وڵه‌تن، بۆ كورد ده‌وڵه‌تی نه‌بێت، كێشه‌ی ئێمه‌ كه‌س و حزبه‌كان نییه‌، كێشه‌مان عه‌قڵیه‌ت و شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ و بیروباوه‌ڕی ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌یه‌.

ھەرێمی كوردستان دەیەوێت ھەرچی زووە لەگەڵ بەغدا كێشەكانی نەوت و بوودجە چارەسەر بكات، بۆ ئەوەی بازداتە سەر كێشەكانی دیكەی وەك خاك و پێشمەرگە و ماددەی (140)، بەڵام لە ناوخۆدا چەند كەسێك لە ھەوڵی ئەوەدان، دەرفەتی ئەوە بۆ بەغدا بڕەخسێنن، كە بە جیا مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان بكات.

فازڵ میرانی، لەبەرامبەر ئەو ھەوڵەدا گوتی: "ھەوڵی لەم شێوەیە بۆ كەسانێك ئاساییە، كە خۆیان بە كورد نەزانن".

دەسەڵاتدارانی عێراق بەجۆرێك فشاری دارایی لەسەر ھەرێمی كوردستان درووست دەكەن، تا بگاتە ئاستی ئەوەی كێشەكانی دیكە لەبیر ھەمووان بباتەوە، بەلای بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق، كوردستانێكی لاوازیان ئامانجە، بۆیە دوور نییە دەرفەتی مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بقۆزێتەوە، تا بە ئامانجەكەی بگات.

شاندی باڵای حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق، پابەندبوونی خۆی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان دەربڕیوە، لەگەڵ ئەوەشدایە دەستوور بنەمای رێككەوتنەكان بێت، بەڵام لایەنە شیعەكان یەكدەنگ نین و ھەر لایەنە و رای جیاوازی خۆی ھەیە.

k24 -
Top