حكوومەتی عێراق بەندیخانەی پێنج ئەستێرە بۆ بەرپرسە گەندەڵەكان دابین دەكات

حكوومەتی عێراق بەندیخانەی پێنج ئەستێرە بۆ بەرپرسە گەندەڵەكان دابین دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە میدیاكانی عێراق ڕەخنەیان لە حكوومەتی كاتیی بەغدا و وەزارەتی دادی عێراق گرت بەوەی بەندیخانەی پێنج ئەستێرەیان بۆ ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی دەوڵەت دابین كردووە كە بەم دواییە زیندانی كراون.

بەپێی میدیاكانی عێراق، بەرپرسێكی وەزارەتی داد ئاشكرای كردووە كە هەریەك لە بەڕێوەبەری خانەنشینی عێراق و بەڕێوەبەری كۆمپانیای كی كارد، كە بەم دواییە بە تۆمەتی گەندەڵی خراونەتە بەندیخانەوە، هۆڵێكی تایبەتیان بۆ دابین كراوە، كە ساردكەرەوە و گەرمكەرەوە، هەموو پێداویستییەكی ژیانی لە شێوەی هۆتێلی پێنج ئەستێرەیی تێدایە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی داد ئەوەشی بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە ئەم خزمەتگوزارییە تایبەتانەی بۆ بەرپرسە گەندەڵەكان دابین كراوە، لەسەر داوای وەزیری دادی عێراق بووە.

ئەوەشی باس كردووە كە هەردوو بەرپرسەكە لە ناو زینداندا بە شێوەیەكی بەردەوام پێشوازی لە میوانە تایبەتەكانیان دەكەن، بە تایبەتی بەرپرسانی دەوڵەت.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەر لە هەفتەیەك بە تاوانی گەندەڵی، دادگایەكی بەغدا بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ ئەحمەد حسێن بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی خانەنشینیی عێراق و چوار ساڵ زیندانی بۆ بەها عەبدولحسێن بەڕێوەبەری كۆمپانیای كی كارد دەركرد.













باسنيوز


Top