خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی عێراق هەڕەشە لە حکوومەت دەکەن
خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی عێراق هەڕەشە لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی وڵاتەکەیان دەکەن.
لە بەیاننامەیەکدا، کە میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکەکەیان بڵاو کردووەتەوە، خاوەن کێڵگەکانی بەخێوکردنی مریشک و بەرهەمهێنانی هێلکە رایدەگەیەنن، کە دەست بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە عێراق دەکەن.
ئەو خاوەن کێڵگە پەلەوەرییانە هەروەها رایانگەیاندووە، ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتی ئێستای خۆی، ئەوا ئەوان کاتێک بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە شارەکانی عێراق، دیاری دەکەن.
هەروەک لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەدا هاتووە، وڵاتانی چواردەوری عێراق دەست لە کاروبار و بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وەردەدەن.
ئەو هەڕەشەیەی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی عێراق دوای لێدوانێکی محەمەد کەریم خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق دێت، کە رایگەیاندبوو، ئەفسەرەکان لە بازگەکان کەمتەرخەمی دەکەن و رێگا بە هاوردەکردنی گۆشتی مریشک و هێلکەی ماوەبەسەرچوو دەدەن.
محەمەد کەریم خەفاجی هەروەها هەڕەشەی لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کردبوو، کە ئەگەر نرخی هێلکە لە پێنج هەزار و 500 دینار بۆ هەر دەستە (تەبەقە)یەک زیاتر بەرز بکەنەوە، ئەوا رێگا بە هاوردەکردنی هێلکە لە دەرەوە، دەدات.
باسنيوز