لایهنه شیعهكان له بارهی بودجه فرهبۆچوونن
گهڕێکی دیکەی دانووستانەکانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە پشکی ھەرێم لە بودجەی ساڵی (2021)ی عێراق دەستی پێکردووە، شاندەکە پێشتر لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوه، پەرلەمانتارانی شیعەی ناو ئەو لیژنەیەش، بەچەندین سیناریۆ و پێشنیازی جیاواز، ھەوڵی ئەوە دەدەن، تەواوی دۆسیەی نەوت یان داھاتی نەوت و تەنانەت بەشێکیان داوای وەرگرتنی کێڵگەکانی ھەرێم دەکەن، ئەم داواکاری و فرەبۆچوونەیەش، کە لای شاندی ھەرێم رەتکراوەیە، بووە ھۆی پەککەوتنی کۆبوونەوەکان، تا ئەو کاتەی سەرۆکی لیژنەی دارایی بۆچوونەکانیان یەک دەخات، شاندەکەی حکومەتی ھەرێمیش لەگەڵ سەرکردایەتی لایەنە سیاسییە شیعە ناڕازییەکانی دژ بە ھەرێم، دەستیان کردووە بە گفتوگۆ و دانووستان.
شاندی حکومەتی ھەرێم و تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ھاوڕان لەسەر رەشنووسی بودجەی (2021) بۆ پشکی ھەرێم جێگیرکراوە، لە بەرامبەر پشکی ھەرێم، (250) ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوهی داھاتە نانەوتییەکان رادەستی حکومەتی عێراق بکرێت، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە کار بۆ ئەوە دەکەن، سەرجەم داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان بگەڕێنەوە دەستی حکومەتی عێراق، بۆیە ئەمەش بە مەترسی بۆ سەر قەوارەی ھەرێم تەماشا دەکرێت، ڤیان سەبڕی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له پهرلهمانی عێراق ئاماژهی بهوه كرد، داوای ئەو پەرلەمانتارانە نا دەستورییە و بەپێی یاسای کارگێری و بەڕێوبردن، ئێمە پابەندی پێدانی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان دەبین.
لەگەڵ ئەوهی ھەردوولا، شاندی حکومەتی ھەرێم و لیژنەی دارایی پهرلهمانی عێراق، سەرقاڵی دانوستانن و چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، بەڵام بەشێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکانی شیعە، دژایەتییەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و لۆبییەکیان دروستکردووە، تاکو لە رۆژی پەسەندکردنی بودجە، ھاوشێوەی پڕۆژەیاسای قەرز، بە کەمینە و زۆرینە، ھەرێمی کوردستان لە پشکی بودجە بێبەش بکەن.
k24 -