پەرلەمانتارێک: لایەنە شیعەکان لەبارەی پرساندنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق یەکدەنگ نین

پەرلەمانتارێک: لایەنە شیعەکان لەبارەی پرساندنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق یەکدەنگ نین
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، لایەنە شیعەکان لەبارەی پرساندنی مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق یەکدەنگ نین.

د. مەیادە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لایەنە شیعەکان لەبارەی پرساندنی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق یەکدەنگ نین، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکە نەکرا.

ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو لایەنانەی لەگەڵ پرساندنی پارێزگاری بانکی ناوەندین، جارێکی دیکە ئەو بابەتە دەخەنەڕوو، بۆئەوەی پرساندنی پارێزگاری بانکی ناوەندی بکەن.

یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی پەرلەمانی عێراق، لێپرسینەوە بووە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی لەلایەن فالح ساری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی حیکمە، لەبارەی دابەزینی بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار و گەندەڵییەکانی نێو بانکەکە، بەڵام پرساندنەکە نەکرا.

هاوکات 113 پەرلەمانتار کە زۆربەیان پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاجیاکانی شیعەن لە یاداشتێکدا داوایانکردووە بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ 130 هەزار دینار کەمبکرێتەوە.

جاسم موحان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، شکاندنی رێژەی یاسایی و دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی پرساندنی پارێزگاری بانکی ناوەندی بە رێککەوت نەبووە. لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئەو پرساندنە ناکرێت، چونکە پەرلەمان بە بودجەوە سەرقاڵ دەبێت. لەکاتی ناکۆکی لەسەر خاڵەکانی نێو بودجە لەنێو کوتلە سیاسییەکان، ئەوا بابەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی دێتە پێشەوە، بۆیە رێککەوتن و سەفقەکردن لەسەری دەستیپێکردووە لە بەرامبەر بودجەدا.
rudaw -
Top