لە پارێزگای زیقاڕ سه‌دان پارچه زه‌ویی حكوومەت به‌سه‌ر ناوی وەهمیدا دابەش دەكرێت
ئه‌مڕۆ دووشەممە 2021/2/1، دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ، ئەوەی خستووه‌تە ڕوو، لە دابەشكردنی سەدان پارچە زەوی لە پارێزگای زیقاڕ ساخته‌كارییه‌كی زۆركراوە.
ئاشكراشی كردووە، تیمەكانیان توانیویانە ساختەكاری و فێڵكردن لە دابینكردنی هەزار و 200 پارچە زه‌وی ئاشكرا بكەن، كە ئەو پارچە زەوییانە بەناوی شەهیدان و برینداران لە پارێزگای زیقار دابەش كراوە.
دەستەكە ئەوەشی خستووه‌تە ڕوو لە لیستی پێدانی زەوییەكان دەركەوتووە، ژماره‌یه‌كی زۆری ناوی وەهمی هەیە و بەرپرسانی شارەوانیی پارێزگاكەش دەستیان لەو ساختەكارییەدا هەبووە.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، كه وێڕای ناوی وەهمی، ناوی كه‌سانێك لەو زەوییانەدا هەبووە، كە شایەنی پێدانی زەوی نەبوونە و بە نایاسایی كارەكە كراوە.
دەستەی دەستپاكیی راشیگەیاندووە، فەرمانی گرتن بۆ 4 تۆمەتباری كەیسەكە دەركراوە و لێكۆڵێنەوەی زیاتریش لە دۆسیەكە بەردەوامە.
باس‌نیوز