عێراق ئاماده‌كاری بۆ سه‌رژمێری دانیشتوان ده‌كات

عێراق ئاماده‌كاری بۆ سه‌رژمێری دانیشتوان ده‌كات
دوای (33) ساڵ سەرژمێری بۆ دانیشتوانی عێراق، بەغدا رایگه‌یاند، ئامادەكاری ده‌كات، بۆ ئەوەی له‌ كۆتایی ئەمساڵ سەرژمێری ئەنجام بدرێت، سەرۆكی دەستەی گشتی ئاماری ھەرێم، تانە لەم بڕیارە دەدات و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەگەر بەو شێوەی ئێستا، كه‌ بەغدا كارەكانی به‌ مەركەزی كردووە، ھەرێمی كوردستان لەم پرۆسەیەدا بەشدار نابێت، پسپۆڕێكی دەستووریش ئاشكرای كرد، بەبێ ھەرێمی كوردستان، بەپێی دەستوور بەغدا ناتوانێت سەرژمێری بكات.

سەرژمێری بۆ دانیشتوانی عێراق، بابەتێكی نزیك و ھاوكاتە له‌گەڵ پڕۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، ئەم پرسەش لەم كات و ساتەی ئێستا بەشێوەی گشتی ئەگەر ئەنجام بدرێت، پێویسته‌ به‌ ئەلیكترۆنی بێت و ئەمەش بە گوتەی سەرۆكی دەستەی گشتی ئاماری ھەرێمی كوردستان، پێویستی بە ژێرخانی پتەوە، كە لە ھەرێمی كوردستان و عێراقیش ئەم ژێرخانەیه‌ نییە، ئەگەر بەغدا بڕیاری سەرژمێری بدات، ھەرێمی كوردستان بەشدار نابێت.

سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی گشتی ئاماری ھەرێم گوتی: "به‌و شێوازه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندان په‌یڕه‌وه‌ی ده‌كات، ئێمه‌ ناتوانی له‌ رووی ته‌كنیكییه‌وه‌ هاوكارییان بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی (2019) و (2020)دا، پشكی هه‌رێمیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی سه‌رژمێری نه‌داوه‌، دواتریش باس له‌ سه‌رژمێری ئه‌لیكترۆنی ده‌كه‌ن، تا ئێستا شتێكی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ هه‌رێم نه‌كراوه‌".

كاتێك پرسی سەرژمێری لە وڵاتێكدا باس دەكرێت، ھەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، بە گوتەی پسپۆڕێكی دەستوور، به‌بێ ھەرێمی كوردستان، عێراق ناتوانێت ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات.

سۆران عەلی، پسپۆڕی دەستوور گوتی: "پێویسته‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی نێوان داموده‌زگا فیدراڵی و هه‌رێمییه‌كان بڕه‌خسێندرێت، هه‌ر وه‌ك چۆن بۆ بابه‌تی پاسپۆرت هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش پێویسته‌ هه‌ر پێدوایستییه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بابه‌ته هه‌یه‌‌، هه‌ر وه‌ك له‌ ناوچه‌كانی ئیداره‌ی عێراق دان، بۆ هه‌رێمی كوردستان بڕه‌خسێنرێت، به‌تایبه‌تی بۆ ئامار و سه‌رژمێری دانیشتوان".

ماوەی چەندین مانگە حكومەتی عێراق پرسی بودجەی ھەرێمی كوردستانی چارەسەر نەكردوە و لە ھەمان كاتیدا بڕیارە مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ھەلبژاردن لە عێراق ئەنجام بدرێت، ماوەی (33) ساڵە لە عێراق ھیچ سەرژمێرییەك ئەنجام نەدراوە و كارەكانی دەزگای ئاماری عێراقیش بە ھۆی نه‌بوونی بودجە زۆر سەرەتایین، ئەگەر بەم جۆرە كاره‌كه‌ بڕواتە پێش، ئەنجامدانی سەرژمێریش به‌بێ ھەرێمی كوردستان، كارێكی ئەستەمە.
K24 -
Top