په‌رله‌مانتارێكی عێراق: تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە

په‌رله‌مانتارێكی عێراق: تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە


پەرلەمانتارێکی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رای دەگەیەنێت لە ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا بە دەنگدان پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە لیژنەی دارایی تێدەپەڕێت و پێدەچێت ھەفتەی داھاتوو پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی عێراقیش پەسەند بکرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/1/2021، شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (باسنیوز)ـی راگەیاند، لیژنەی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، لە دواھەنگاوەکانیدایە بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 و لە دوو رۆژی داهاتوودا بە دەنگدان، پڕۆژەیاساکە لە لیژنەکە تێپەڕدەبێت.

لە بارەی کاتی تێپەڕاندنی بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ـی عێراق، گوتی: تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی ھەیە، ئەگەریش ھەیە شاندێکی سیاسی بۆ پاڵپشتیی شاندی دانوستانکار بێتە بەغدا و لەگەڵ بەشێک لە لایەنە شیعەکان گفتوگۆ بکات، بە تایبەت ئەوانەی موزایه‌دە به‌سەر پشکی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، "ئه‌گه‌ر ئەو شاندە سیاسیە بێنە بەغدا، گرنگ دەبێت، چونكه‌ ئه‌و شانده‌ی دیكه‌ كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ بێنه‌ به‌غدا، زیاتر تەکنیکین".

لە بارەی وادەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ـیشه‌وه‌، شێروان دوبەردانی گوتی: "ئەگەر ھەیە ھەفتەی داھاتوو پەرلەمانی عێراق تێیپه‌ڕێنێ".






باسنيوز
Top