کازمی: پێویستە دەوڵەتێکی عێراقیی بەهێز دابمەزرێنین
ئەو گوتانەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی پێشوازیکردن لە بنەماڵەی شەهیدانی گۆرەپانی تەیەراندا بوو کە تێیدا بڕیاری دا بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان بکرێت و بە زووترین کات لەلایەن دەستەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و دەزگای شەهیدانەوە جێبەجێ بکرێن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لە زاری مستەفا کازمییەوە رایگەیاند: "پێیان گوتم کە پێویستە خۆ لە چوونە پرسەی شەهیدانی تەیەران بپارێزیت ... منیش گوتم من باوک و برای هەموو ئەوانەم کە لەوێ بەبێ تاوان پێوە بوون. ئینجا ئەرکی مرۆیی و رەوشتیم لێم دەخوازێت بەدوای تۆڵەسەندنەوەیانەوە بم."
رۆژی پێنجشەممە 2021/01/28 کازمی هەواڵی کوشتنی ئەبویاسر عیساوی، جێگری خەلیفەی داعش و والیی عێراقی رێکخراوەکەی لە چالاکییەکی هەواڵگریدا راگەیاند. ئەوەیش جێبەجێکردنی بەڵێنێکی پێشووی بوو کە لەبارەی دوو تەقینەوەکەی گۆڕەپانی تەیەرانی بەغداوە گوتی "وەڵامێکی هەژێنەرمان دەبێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتەیەکیدا لەبارەی جموجووڵی والیی عێراق لە داعش گوتی: "چەند مانگێکە هەوڵ دەدەین لەناوی ببەین. دوای رووداوەکەی تەیەران و هێرشکردنە سەر داعش لە سەلاحەدین، لە بەردەم عێراقییەکاندا سوێندنم خوارد کە خوێنی ئەو قوربانییە بێتاوانانە بە فیڕۆ ناچێت و، بەهاکەیشی فەرماندەیەکی ئێرە و ئەوێ نابێت، بەڵکو سەرانی ئەو چەتە تاوانبارە تەکفیرییانە دەبێت."
کازمی باسی لە رۆڵی هێزە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکان لە چاودێریی عیساویدا کرد و ئەوەی خستەڕوو "کە کاتی سفری تۆڵەسەندنەوە هات ... دوو رکات نوێژی سوپاسگوزاریم بۆ خوا کرد، فەرمانی هێرشم دا و، سوپاس بۆ خوا ئەنجامەکەی سەرانی داعش بوو."
رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2021 لە گۆڕەپانی تەیەرانی بەغدا دوو تەقینەوە کران کە 32 کەس شەهید بوون و 110 کەسی دیکەیش بریندار بوون. رۆژی دواتری رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. بەو هۆیەشەوە کازمی فەرمانێکی سەربازیی بە ناوی "تۆڵەی شەهیدان"ـەوە بۆ کردەیەکی سەربازی دەرکرد کە لە پارێزگاکانی دوای پاشماوەکانی داعش بکەون.
کازمی ئاماژەی بەوە دا کە خوێنی خۆی یان هەر بەرپرسێکی عێراقی "لە خوێنی چایفرۆش یان هەرکەسێکی گۆڕەپانی تەیەران و شەهیدانی حەشد لە سەلاحەددین و گۆڕەپانەکانی تەحریر و حەبووبی و بەسرە بەنرختر نییە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە "کەسانێک هەن خوێنی شەهیدانی عێراقیان قۆستووەتەوە و بوونەتە خاوەنی ملیاران دۆلار و باڵەخانە و ئۆتۆمێل دەکڕن. دوو لایەن لە خوێنی شەهیدانی عێراق سوودمەند بوون کە ئەوانیش داعش و یاخیبووان لە یاسان. هەردووکیان وەبەرهێنان بە خوێن دەکەن بۆ ئەوەی بە سامان بگەن"
کازمی لە گوتەکانیدا بۆ کەسوکاری قوربانییان ئاماژەی بەوە دا کە "لەسەرمانە دەوڵەتێکی بەهێزی ئازاد دابمەزرێنین و ئەو کاتەیش تۆڵەی خوێنی عێراقییە پاکەکانمان کردووەتەوە."
rudaw -