هاشم موسەوی: پلانی تەقینەوەکانی عێراق لە گرتووخانەکانەوە دادەنرێن
سەید هاشم موسەوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا کە ئەکرەم کەعبی سەرۆکایەتیی دەکات و نزیكە لە ئێران، راگەیاند "بەڵگەی تەواومان هەیە كە ئەو تیرۆریستانەی لەنێو زیندانەكانی عێراقدان تەلەفۆن و ئامێرەكانی پەیوەندیكردنیان لەلایە، لەنێو زیندانەكان پلان بۆ كردەوەی تیرۆریستی دادەڕێژن، خۆیان رێكدەخەنەوە، رێنمایی گرووپە تیرۆریستییەكان دەكەن بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانیان، بۆیە داوادەكەین دەستبەجێ لەسێدارەبدرێن".
بە گوتەی فیراس ئەلیاسر، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا، بەدواداچوونەكان سەلماندوویانە كە پیلانێك لەسەر رژێمی سیاسیی عێراق و دەسەڵات و پێكهاتەی شیعە هەیە و دەڵێت "پرسی لەسێدارەدان و دواخستنی جێبەجێكردنی و بڕیارەكانی سەرۆككۆماری عێراق لەمبارەیەوە، دەكەوێتە خانەی هەوڵەكانی دواخستنی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی تیرۆریستان، هاوكات كارتێكی گوشاريشە لەسەر هێزە سیاسییە شیعیەكان".
پێشتر فراكسیۆنی سادیقوون، باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبى ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتیی دەكات، لە پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆككۆمار كردبوو بڕیاری لەسێدارەدانی تیرۆریستان لەنێو زیندانەكانی عێراق پەسند بكات.
فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادیقوون گوتی "لە ساڵی 2003وە فەرماندەكانی قاعیدە، دواتریش داعش لەنێو زیندانەكانی عێراقدان، تاوەكو ئێستاش حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بوێریی ئەوەیان نەبووە سزاكانی لەسێدارەدان كە لە دژیان دەركراوە، جێبەجێ بكەن".
rudaw -