كازمی هه‌واڵی كوژرانی جێگری خه‌لیفه‌ی داعشی راگه‌یاند

كازمی هه‌واڵی كوژرانی جێگری خه‌لیفه‌ی داعشی راگه‌یاند
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادی رایگه‌یاند، جێگری خه‌لیفه‌ و والی عێراقی رێكخراوی داعش كوژراوه‌.

كازمی، كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، گه‌لی عێراق هه‌ر به‌ڵێنێك بدات، ده‌یباته‌ سه‌ر، ئێمه‌ به‌ڵێنمان دا وه‌ڵامێكی هه‌ژێنه‌ری داعش بده‌ینه‌وه‌. ئێستا ئه‌و وه‌ڵامه‌ به‌ھێزه‌ی پاڵه‌وانه‌كانمان درایه‌وه‌.

گوتیشی: هێزه‌ پاڵه‌وانه‌كانمان توانیان، ئه‌بو یاسر ئه‌لعیساوی، كه‌ جێگری خه‌لیفه‌ی داعش و والی عێراقی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بوو، له‌ ئۆپراسیۆنێكی هه‌واڵگریانه‌ی ورددا كوژرا.

پێشتر دوای ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غدا، كه‌ داعش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ هه‌مبه‌ریان راگه‌یاند و له‌ ئاكامیاندا 32 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له‌ سه‌د كه‌سی دیكه‌ بریندار بوون، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی دا وه‌ڵامێكی كه‌مه‌رشكێنی داعش بداته‌وه‌.
Top