هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژەیاسای‌ بودجه‌ی2021ی عێراق ده‌درێت

هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژەیاسای‌ بودجه‌ی2021ی عێراق ده‌درێت
ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌نگ‌ له‌سه‌ر پرۆژەیاسای‌ بودجه‌ی2021ی عێراق ده‌درێت و هێشتا ڕێككه‌وتنی كۆتایی له‌گه‌ڵ هەرێمی كوردستان نه‌كراوه‌.

دیار ته‌یب، ڕایگەیاند: "بڕیارە هه‌فته‌ی داهاتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژەیاسای‌ بودجه‌ی2021ی عێراق بدرێت و بۆ پشكی هەرێمی كوردستانیش لە پرۆژەیاساکەدا سێ پێشنیاز، یان سێ ئاراسته‌ هه‌یه کە‌ به‌شێكیان داوا ده‌كه‌ن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە له‌سه‌رووی 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بدرێته‌ سۆمۆ و‌ به‌شێكشیان داوای ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌كه‌ن و پێشنیازی دیكه‌ش هه‌یه‌ بۆ لێکتێگه‌یشتنی مام ناوه‌ند له ‌نێوان ئه‌و دوو بژاردەیەدا‌".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "پێشبینی ده‌كرێت ماده‌ی 10 و 11 ی پرۆژەیاساکە وه‌ك خۆی بڕوات كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ پشكی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئیێستاش شاندی هەرێمی كوردستان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ گفتوگۆ لەبارەی بژارده‌كانەوە ده‌كه‌ن".

پسپۆڕانی بواری دەستوور پێیان وایە ئەو ڕوانگە و داوایەی بەغدا کە داوای ڕادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، نادەستوورییە.

لەمبارەوە پێشتر سەڵاحەدین ئەحمەد، پسپۆڕی بواری دەستوور رایگەیاندبوو: "داوای بەغدا بۆ رادەستکردنی تەواوی دۆسیەی نەوت، داوایەکی نادەستوورییە، ئەمەش لە ماددەی ١١٠ی دەستووردا بە ئاشکرا خراوەتە ڕوو کە دەڵێت ئەو بیرە نەوتانەی کە کۆنن، بە ھاوبەشی لە نێوان ھەولێر و بەغدا، یان ھەرێمەکان و پارێزگاکان بەڕێوە دەبرێن".

ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستووری، لەبارەی ئەو داواکارییەی بەغدا، یان هەندێك لە پەرلەمانتارە كوردە نەیارەكانی هەرێمی كوردستان، گوتی: "ئەوە داواکارییەکی نادەستووری و نایاساییە، ئەوان دەیانەوێت فشاری زیاتر بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ملکەچی داواکارییەكانیان بكەن".












باسنیوز




Top