رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: عێراق لە گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهانە
رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، عێراق یەکێکەلە وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-1-2021، رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی لەبارەی گەندەڵی و شەفافیەت لە وڵاتانی جیهان بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی ریزبەندیی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق لە کۆی 180 وڵاتی ناو ریزبەندییەکە، کە بۆ شەفافیەت لەو وڵاتانە رێک خراوە، پلەی 160ـی وەرگرتووە و یەکێکە لە 20 وڵاتە هەرە گەندەڵەکانی جیهان.
عێراق هەروەها شەشەم گەندەڵترین وڵاتی عەرەبییە و کەوتووەتە پێش وڵاتانی لیبیا، سودان، یەمەن، سووریا و سۆماڵ.
هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نیوزیلەندا و دانیمارک پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەیان وەرگرتووە و کەمترین گەندەڵییان تێدایە، دوای ئەوانیش وڵاتانی فینلەندا، سیوسرا، سەنگافورە و سوید لە پلەی دووەمدا دێن.
باسنيوز